کڵاو سەرنانی پەهلەوەی و حیکایەتێکی خۆش

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1854 بینین

تەواو نازانم چ ساڵێک بوو، دەوڵەت فەرمانی دابوو جگە لە مەلا و فەقێ، دەبێ هەموو کەس کڵاوی پەهلەوی لە سەر نێ و مێزەرە و جلی کوردی قەدەغەیە. مەلا و فەقێش دەبێ قاقەزی حاکمی شاریان پێ بێ کە لە کڵاو مەعافن. ئەو حوکمە بۆ پۆلیسی دەوڵەت، بازاڕێکی زۆر بەقازانجی پێک هێنابوو. هەر کەس تیتۆڵە پشتێندێک، بزگوڕە مێزەرێک بە قەد و سەریەوە با، یان پاتۆڵ و ڕانکی نێفەک شۆڕی کوردانەی بوایە، بە دار و قامچی بەردەبوونە گیانی و بە بێ بەرتیل ڕزگار بوونی چەتوون بوو. دەی خودایە مامۆستا مەلا سەعید و ئێمەی چارەڕەش چ بکەین؟ پاش مقۆ-مقۆیەکی زۆر، قەرار درا بچینە خزمەت حاکم و قاقەز وەرگرین. مەلا عەلیەکی کوێری بانگدەری مزگەوتەکەش گوتی منیش دەگەڵتانا دێم؛ ممبارەک بێ.

پاش نوێژی نێوەڕۆیەکی گەرم، مامۆستا و فەقێ بایز و مەلا عەلیە کوێرە و من ملی ڕێمان گرت. پرسیار-پرسیار ماڵی حاکممان دۆزیەوە. بۆ نەچووینە ئیدارەکەی؟ نازانم. لە دەرگایەکی زەلامی گاڵەدراومان دا، کەس بە دەنگمانەوە نەهات. ناچار مەلا سەعید بە بەرد و مەلا کوێرە بە عاساکەی دەستی وەرگەڕانە کوتانی دەرگا. تومەز ئەمە دەرگای پشتەوەیە و بە سەر تەویلەدا دەکرێتەوە و کەس لەوێوە ناچێتە ماڵی حاکم. ئاخری بەو درنگ و هۆڕی بەرد و عاسایە، حاکم لە غوڕابی خەو ڕادەپەڕێ و شێتانە بە پیژامەوە ڕادەکا بزانێ لەم جەنگەی گەرمایەدا چ قەوماوە؟ دەرگا کرایەوە. کابرایەکی زڕتە زەلامی سورهوڵ، دەتگوت بەرازی دابەستراوە، دەرگەی کردەوە و بە فارسی گوتی: «چیتان دەوێ؟». من لە دیتنی حاکم ئەوەندە ترسام دەلەرزیم؛ ئیتر نەمزانی ئەو سێ فارسی نەزانە چۆنیان وەرام دایەوە. هەر هێندە دەزانم حاکم بەگ بە هەموو هێزی خۆی نەڕاندی: «بڕۆن لە بەر چاوم گوم بن!»، دەرگای تەق بە سەریەکدا دایەوە و گاڵەی دا و ئێمە دەست لە گونان درێژتر لە پشت دەرگا ماینەوە. ئیتر جوێنی سێ قۆڵی و تەپەتەپی چوار قۆڵی دەستی پێکرد و لۆژ-لۆژ بەرەو مزگەوت پەل بووینەوە. مامۆستا مەلا سەعید تەواو تەم دایگرتبوو، دەیگوت:

- جەحەندەم کە دەری کردووین، بە قوونی بابییەوە؛ بەڵام لەوەتا چاوم بەو کافرە کەوتووە قەساوەت دڵی داگرتووم! هەر دوعای بن لێوانی دەخوێند و قرپی بەڕێ دەکرد کە قەساوەت بەرهەڵدا کا. نەخێر قەساوەت وای نەگرتبوو بە قرپ و ورتەی بن لێو لە دڵی دەرپەڕێ! چار هەر ئەوەیە لەم شارە بڕۆین و بچینە «خانەقای شەرەفکەند» تا قەساوەتی کافر تەفر و تونا بێ.

وا دیار کەوت کە حاکم لە داستان نووسیندا دەستێکی باڵای هەبووە. لەو ڕۆژەوە کە ئێمە چووبووینە خزمەتی و دەریکردبووین، بۆ هەموو کەسێکی کە چووبوونە لای گێڕابۆوە:

- کوڕە زۆر سەیر بوو. من لە کاری ئیدارە ماندوو، لە ماڵ نێوەڕۆژم خواردووە و نوستووم. بە گرم و هۆڕی درگای پشتەوەی ماڵ لە خەو ڕاپەڕیوم. لای وابوو خانە بگیر کراوم. بە هەزار ترس و لەرز و دڵەتەپێ دەرگام کردۆتەوە. چ ببینم؟ یەکی درێژی ڕیش گەزی، تۆپنەیەکی گردەڵەی قوت، کوێرێک بە عاساوە، منداڵێکی سەر بێشکە، هاتوون نەهێڵم کڵاویان لە سەر نێن. قەت بە عومرم دێمەنی ئەوەندە سەیرم نەدیوە و قەت بە عومرم هێندەش نەترساوم!

بابم زۆری کەیف هات کە دەگەڵیان بچمە خانەقا؛ کە شوێنێکی پیرۆزە و خوێندنی ئەوێ بەرەکەتی هەیە. بوخچە و پرێسکە پێچرایەوە و هێلکەی کوڵاو و نان ئامادە کرا و بەرەبەیانێک بەرەو خانەقا لە شار دەرچووین.

لە خانەقا لە حوجرەیەکی تەنگی دوو میتر لە دوو میتردا دامەزراین و خوێندن دەستی پێ کردەوە. لە گوڵستانەوە چووبوومەوە «بووستان» و ئەوجاو دەرسی عارەبی لە «تەسریفی زەنجانی» و «عەوامل»ڕا بەرەو «نموزەج» «حەمدیە» ڕۆیشت. هەر دەرسێکم دەخوێند دەبوو لە بەری کەم. بەڵام ئاخۆ تێدەگەیشتم باسی چی دەکەن؟ نە خودای تۆ شاهیدە! هەر تەقەم لە سەریەوە دەهات و لام وا بوو برێشکە دەخۆن.