کەریمە کوێری گۆرانیبێژ

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  1259 بینین

جارێکی تر هاتمەوە و سیپاڵم لە خانەقا بە زەویدا دا. بەڵام ئەمجار شێخ محەممەد بۆخۆی دەرسی ئوسووڵ و هێندێک شەرعی شافعی پێ گوتم. دەگەڵ فەقێیەکدا -بە ناوی ئەسعەد- هەر لە حوجرە تەنگەبەرە کونەگورینەکەدا بووین.

ئەسعەدی هەواڵم شەڕێکی کردبوو؛ دەریان دەکرد. منیش بە ناوی هەواڵەتی ئەو گوتم دەگەڵی دەڕۆم. شەوێکی درەنگ بوخچەمان بە سەر گۆچانەوە کرد و چووینە گوندێک بە ناوی «ئیساکەند»؛ ڕاست چووینە حوجرەی فەقێیان، کە لامان وابوو ئاوەدانە؛ بەڵام چۆڵ و هۆڵ و تەنانەت حەسیرێکیشی تێدا نەبوو. حوجرە تاریک و ڕایەخ خۆڵ و هەردووکمانیش برسیمانە. دەی چ بکەین؟ گوتم من دەچم نان سواڵ دەکەم. وە ناو دێ کەوتم. شەو زۆر درەنگە؛ هەموو ماڵ نوستوون. لە دەرکی هەر کەس بدەم لەوانەیە تووڕە بێ. لە دوای گەڕەکە ماڵێک، حەوشێکی زلم دیت. ویستم بە سپایی درگا چەپەرەکەی بکەمەوە و لە نزیکەوە بانگی نوستووەکان بکەم، کابرایەک دەنگی دام: «کێی؟» بۆم گێڕاوە کە کێم و چیم دەوێ. گوتی: دە بڕۆرەوە حوجرە، ئێستا دێم. هێندەی پێ نەچوو کابرا کە خۆی زەلامێک بوو دەگەڵ یەکێ تردا نقەیان دەهات. حەسیر و بەڕە و نان و شیرێژ و سەماوەر بە دام و دەزگاوە و چرایان هێنابوو. کابرای خانەخوێ گوتی: شەرتم دەگەڵ بکەن تا ئێوە لەم گوندە بن نەچنە نان چنینەوەی ماڵان و من بە برای خۆتان بزانن. ئەرێ فەقێ ئێوە گۆرانیتان پێ خۆشە؟ من ناموم «کەریمە کوێری گۆرانی بێژە». هەر وای گوت و ملی لێ نا، ئەوی دەیگوت نەیدەگوتەوە. وەک دەڵێن ئێستاش بە سەری پیری، خۆشی ئەو شەوە و دەنگی کەریمە کوێرم هەر لە بنی ددانان دایە. لەوێ دامەزراین. ڕاستت دەوێ دەرسی مەلا بۆ ئەوە نەدەبوو پیاوی لە بەر بحەسێتەوە؛ پاش ماوەیەک وەرەز بووین؛ بڕیارمان دا بڕۆین.

ئەوەم لە بیر چوو کە بەر لە خانەقا دەگەڵ ئەسعەد ببمە هەواڵ، هەر لە خانەقاوە ڕۆیشتم بۆ ناو مەنگوڕان، لە لای «مەلا ڕەسووی کەرمنداری» بوومە فەقێ؛ کە چوار فەقێی تریشی هەبوون. بەهار بوو، مەنگوڕ لە کوێستان بوون. ئێمەش کەپرێکمان کردبوو نزیک بە هۆبە دەژیاین. هەڕەمەی لاوەتیم بوو. دنیایەکی ئازاد و هەوایەکی خۆش و جوانی و لەباری کیژە مەنگوڕان گاڵەی دەکرد. مەستی لاوەتی بووم و عەقڵ و خوێندن لە حەوت کێوان ئاوا ببوون.

ویستم لە کەرمندارەوە بچمەوە ماڵ. سۆفی عەلی ناوێک بارگینێکی جلکراوی دامێ کە بە پێ نەڕۆم. لەوسەر کە دەگەڕامەوە، لە کوێستانی «کیفاراوێ»، سەیدێکی خڕکەڵە، هەموو گیان فیشەک و دەمانچە و تفەنگ، لە کەنداڵی کانییەک دەرکەوت و هەرای کرت: «فەقێ ئاگرت پێیە؟»، سیغارێکی بە دەستەوە بوو. زۆر ترسام، هەڵمکوتا غار و سەربەرەژێر هەڵاتم. تفەنگێکی بە سەر هەڵتەقاندم؛ بەڵام دەرچووم.

لە ڕەشماڵی مام حەسەنی ئافان بووم. پاش نوێژی شەوان، مەلای دێ -کە ناوی مەلا ڕەحمان بوو- هات گوتی: سەیدێکی چەکدار داوای ئاگری لێکردم، جڵەوی گرتم ماینی لێ ساندم. هەر ئەو شەوەش چەند گاجووت لە «قۆزلوێ» دزرابوون. دیار بوو من چاکم خەلاس بووە. ڕۆژی دواتر لە گەدەی کوێستانی مەنگوڕان چەند کەسێکم دی کە لە سەر کانییەکی چایان لێنابوو؛ چەکدار بوون. زانیم چەتەن؛ بەڵام ڕێگەی هەڵاتن نەبوو. سەلامم کرد و چووم لایان دانیشتم؛ نان و چام دەگەڵ خواردن. زانیان فەقێم و ماین ئەمانەتییە. گوتم: برا جومعانە نادەن بە فەقێ؟ یەکیان گوتی: ئێمە دەبینی چەتەین؛ ڕووتت ناکەین مەمنوون بە! دیسان دوو قڕانییەکی زێویان دامێ کە دام بە گیسکێک بو حوجرە.