تۆبەیەک بۆ هەمیشەی ژیانم
ڕۆژی جێژنەیەک دەگەڵ مامۆستا چووینە ماڵی عەلیاغا. عەلیاغا کە نەخوێندەوارێک بوو، بەڵام زمانی فارسی دەزانی، پرسیاری لە فەقێکان کرد: «فڵان شت بە فارسی چییە؟ بە فیسارە شت دەڵێن چی؟...» شیعرێکی سەعدیم لێ پرسییەوە کە دەڵێ: (چەند دەسکە گوڵم دین کە لە سەر «گنبد» ێ بە گیا بەسترابوو). عەلیاغا گوتی: « ئێوە نەتاندیوە، من لە شیراز دیتم گوڵ لە سەر گونبەز دادەنێن!»
گوتم: نەتزانی، «گنبد» بە پیاڵە دەڵێن.
- لە کوێدا؟
- لە «بورهانی قاتیع»دا
- خۆت دیوتە؟
- بەڵێ
- دابچن بورهان بێنن...
ئەم بەڵێیەی من درۆ بوو، نەمدیبوو، لە مەلا قادرە پیرم بیستبوو کە زۆر فارسیزانی چاک بوو. هەر مانای گونبەدی لێ درایەوە و پیاڵە نەهات. هەموو گیانم وەسەر ئارەق گەڕا. ئاخری تووشی هاتن کە گونبەد بە مانا پیاڵە هاتووە. بە زاهیر قسەی من سەرکەوت، بەڵام ئێستاش پاش چل و شەش ساڵ تا بیرم دێتەوە، شەرم دەمگرێ... درۆی بۆ چ بوو؟ با بمگوتبایە مەلا قادر وای دەگوت. ئیتر تۆبەیەکی وای پێ کردم کە بۆ هەمیشە تەنبێ بم. زۆر کەسی تریشم دیوە، کە شتێکی بۆیان گێڕاونەوە دەڵێن بەسەر خۆمان هاتووە؛ بەڵام ئەوان ئەوەیان باشە درۆشیان لە سەر سوور بێتەوە شەرم نایانگرێ...