لە تەورێز

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  1606 بینین

ساڵەودوا خۆم کردە بازرگانی گەنم. دەگەڵ برادەرێکا بووینە شەریک، گەنممان لە بۆکانەوە دەبردە تەورێز و دەمانفرۆشت. چونکە زۆرمان دەبرد، ئەگەر کیلۆی نیو شایی خێری بکردایە، هێشتان زۆر بوو. جارێکیان سەد و بیست تمەنمان زەرەر کرد. هەر ئەو ڕۆژە چووینە دیدەنی حەمەدەمیناغای مەحمووداغا کە ئاغای بۆکان بوو. قەپان و سەرانەی ماڵاتی بازاڕمان ئیجارە کرد بە مانگی هەشتا و یەک هەزار تمەن. چوار کەسی دیش خۆیان کردە شەریکمان. نۆ ڕۆژمان بە دەستەوە بوو، یازدە هەزار تمەنمان خێر کرد؛ تا لە سەریان زیاد کردین. جارێک حەمامی بۆکانم بە ئیجار گرت، بەڵام نەچوومە سەری و بە هەشت سەد تمەن خێر فرۆشتمەوە. خولاسە لە بۆکان خێر و بێرم بە سەردا دەباری و تەواو ساز ببووم.

سەعدی دەڵێ: «دەنگی خۆش بژیوی گیانە». هەمزەی شەریکم زۆر دەنگی خۆش بوو. بڕیارمان دا لە تەورێز نەچینە ئەو ئوتێلەی کە هەموو کوردی سابڵاغی دەچوونێ، چووینە ئوتێلێکی بێ کورد. کاک هەمزە شەو لە ژوورەکەدا گۆرانییەکی گوت. خاوەن ئوتێل هات گوتی: هەرچەند لە کوردی تێناگەم بەڵام ئەو دەنگە زۆری کار لێ کردم. وەتاغێکی دوو نەفەری دوور لە جادەی داینێ و سوێندی خوارد کە پووڵمان لێ ناستێنێ و هەرچی دەمانەوێ بۆمان پێک بێنێ، بەو شەرتە ڕۆژێ جارێک گوێی لە گۆرانی هەمزە بێ.

جگە لە کاری ڕۆژمان کە سەردان لە بازاڕی گەنم فرۆشان و بە شارا گەڕان و سەیرکردنی قەیسەری و ڕاستەبازاڕان و چاوچەراندن بوو، شەوانە هەر لە ئێوارەوە دەچووینە سینەما. ئەمما ڕاستت دەوێ ئێستاش نەمانزانی کام فیلم باشە و کامی ناخۆشە. خاوەن سینەماکان بۆ ڕاکێشانی لاوان، کچی زۆر جوانیان بە خزمەتکار ڕادەگرت. پیاو کە لۆژ دادەنیشت، کچێکی زۆر لووسی بە ناز و نووز فێرکراو، بە شیرنی و ئابجۆوە دەهاتە ژوور و بە دەست بازییەک و گا ماچێک و دوان، پووڵێکی باشێکی چوار و پێنج بەرابەری نرخی بازاڕی لە مشتەری دەستاند. ئێمەش لەو دادۆشین و دەستبڕینە بە ئاشکرایە خۆشمان دەهات و بە ئانقەست ملمان بە تەپکەوە دەکرد.

ڕۆژێک لەسەر قسەی خەڵک چووینە مزگەوتێک لە تەورێز بە ناوی (صاحب الامر) کە گوتیان چوارشەممۆیان زۆر خوشە. حەوش و ژووری مزگەوت لە ژن و کچ جمەی دەهات، بەردی دیواریان دەلستەوە کە بە مراد بگەن. لە ژوورەوە گونبەزۆکێک هەبوو دەیانگوت ئیمامە. مەلایەکی پیری ڕدێن خەناوی بە زیارەت ڕادەگەیشت. دوای زیارەت من دوو تمەنم دایە. کابرا کە هیچ کەس هەرگیز لە چوار شایی پتری نەدابۆیە، لەو حاتەمییەم واقی بردەوە. هەر وەک بترسێ کە لێی بستێنمەوە، نایە تەنکەی باخەڵی و خۆی دایە سووچێکی تاریک و زەق لە منی ڕوانی. تا تەماشام دەکرد چاوێکی لێ دادەگرتم. تەواو دڵخورد بووم. هەمزەم تێگەیاند و لێی چووە پێش و بە تووڕەیی تێی ڕاخوڕی:

- بۆ چاو لە هەواڵم دادەگری؟

مەلا گوتی: «کەس وەک ئێوە مەرد نییە، لەسەر یەک دوو تمەنتان داومێ. ئێستاش ئەمڕۆ وەرنە ماڵە من، نۆ ژنی زۆر جوانم بە دەستە، کامیانتان هەڵبژارد لێتان سیغە دەکەم و خزمەتکارم».

من گوتم: «ئاغا ئێمە سوننی مەزەبین، سیغە و قەحبە لای ئێمە وەک یەکە و بە حەرامی دەزانین، ئەمە ناکەین». ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: «خوا نەکا سوننی بن! پیاوی وا چاک حەیفە سوننی بێ!».

چووشینە زیارەتی سەید هەمزە کە عەزیزخانی سەرداری موکری لە بارەگای ئەو نێژراوە و گۆڕەکەشی زۆری قەدر گیراوە، چونکە لە دەورانی دەستەڵاتیا خەڵکی تەورێزی لە بەڵای قاتی و گرانی ڕزگار کردووە. ڕەنگە نەشیانزانیبێ ئەویش سوننی بووە! ئەوی لە بیرمە کە سەرنجی ڕاکێشابم دیدار لە ماڵی قەرە سەید ناوێک بوو کە دەیانگوت فاڵ دەگرێتەوە و نوشتە دەنووسێ. خانووبەرەکەی دوو حەساری دەناو یەکدابوو. خێزەرەی مشتەری وەک مێرووی دەوری چەوری کۆمەڵ ببوون. دەبوو سەید وەخت بدا کە فڵان ڕۆژ بێنە لای. کە زانی دوو کورد هاتوون، گورجێ ڕێگەی لای خۆی داین و قەدری زۆری گرتین و تێری قسەی خۆش بۆ کردین. پاش چەند ساڵ بیستمەوە کە سەید جاسووسی ئینگلیسان بووە.

لە تەورێز بۆ ڕیش تاشین و سەر چاکردن دەچووینە لای دەلاکێک. گوتی شتێکم بۆ بنووسە کە ڕیش تاشین بە قەرز نابێ. من دوو شیعری فارسیم بۆ نووسیبوو کە لە بیرم نەماون، بەڵام ماناکەی ئەوە بوو: «هەی بێئینساف! تۆ ڕیشەکەت لای من دەتاشی و قەرز نادەیەوە، من کوێت بگرم؟!». کابرا دەشووشەی گرتبوو هەڵیواسیبوو. ڕۆژێک گوتی: «نازانم چت نووسیوە، بەڵام هەرچی دەیخوێنێتەوە پێدەکەنێ و پێشم ناڵێن چییە!».

ئەوەندەم لەبیر چوو بڵێم: بۆ هەوەڵ جار کە هاتمە تەورێز و چوومە باغی گوڵستان، دیتم ترکێک زوڕنا لێدەدا. هیچ شتێکم پێ لەوە عەجایبتر نەبوو. پێم وانەبوو جگە لە لۆتی کورد کەس زوڕنا لێ بدا. چەند سەیرە: ترک و زوڕنا لێدان؟!