ترسان و وێران

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 8 خولەک  1416 بینین

منیش وەک زۆربەی منداڵانی دیکەی کورد، هەر لە بێشکەوە بە شەولەبان و جندۆکە و غولی بیابان و ئەو شتانەی کە هەر نین و قەت نەبوون ترسێندرابووم. جا چونکە ئەو بەڵا و موجزاتانە هەر لە شەودا داگەڕێن، لە شەودا دەترسام و نەخوازە لە تاریکەشەودا دەترسام هەر دەرکەوم. بەڵام ترسێک کە من هەمبوو ڕەنگە وەک ترسی کەس نەبێ. باوەڕ ناکەم هیچ منداڵێک لە خۆم ترسەنۆکتر بووبێت.

جارێک لە خانەقای شێخی بوهان، جەنگەی چێشتەنگاو چووبووم لە سەر مەرقەدی شێخ قورعانم دەخوێند. ژەنگە سوورەیەک بە لای سەرووی بەر هەیوانی مەرقەددا وزەوەز دەگەڕا. ئەوەندەی لێ ترسام وەخت بوو گیانم دەرچێ. نەمکرا قورعانەکە لێک نێم، بەجێم هێشت و هەڵاتم، بەڵام هەڵاتن! ئێوارێ دەگەڵ زیارەت کەران هاتمەوە، قورعان بە ئاواڵەیی بەجێ مابوو، هێنامەوە. شەوانە هەموو پنجک و دارێکم لێ دەبوو بە جندۆکە و عیفریت. بەتایبەتی کە زۆرم چیرۆکی خێوی ئاوان (خوای کانی) بیستبوو، بەتەنیا نەمدەوێرا بچمە سەر کانی و چۆماوان.

نازانم چۆن بوو بڕیارم دا کە ئەو ترسە لە کۆڵ خۆم کەمەوە. وردەوردە غیرەتم وەبەر خۆم دەنا. شەو دەردەکەوتم، تۆزێک دەگەڕام. جارێک لە گوندێک کە نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە خانەقا دوور بوو، وەختی خەوتنان گوتم دەچمە خانەقا. لە دێ دەرکەوتم. هاشەی گەڵای داران بە دەم باوە، خوڕەی ئاوی چەم و خڕان، هاڕەی ئاشان، ترسێکی زۆری وەبەر نام. لە ترسان دەستم کرد بە گۆرانی گوتن. لەپڕ بە سەر قەبرستانێکدا کەوتم کە ڕێگە بە ناویدا دەڕۆیشت. من و گۆڕستان و شەو؟ ڕوح لە جێیەکی سەختە و دەرناچێ. هەر هێندە دەزانم چاوم قونجاند و هەڵاتم. دەهەڵاتنەکەمدا هاڕە لە گوێمەوە دەهات. نەمدەوێرا ئاوڕ دەمەوە. لە دەنگی سەگانی دێیەکی سەر ڕێم وشیار بوومەوە. چونکە ترس لە سەگانیش زۆر بە هێز بوو. ڕێگام لە دێ لادا و لەو لاوە هاتمەوە سەر ڕێ و لە سەگ ڕزگار بووم. توزێک دەم و چاوم لە جۆگە ششت و پشووم تەواو هاتەوە سەر خۆ، ملی ڕێگەم گرت. هاتم تا خانەقا و چراکانیم لە دوورەوە دەدیت. بەڵام لەپڕ و نەکاو چی ببینم؟ یەک دانە جندۆکەی پیرێژن لە تەنیشت ڕێ هەڵترووشکاوە، دەستی دەبەر چەنەی ناوە، زەق زەق تەماشام دەکا! چۆن عەرز قووتی نەدام و عاسمان هەڵینەکێشام؟ قاچم سست بوون، تق لە دەممدا و شک بوو. باوەڕ دەکەی یان ناکەی، دستم بۆ کڵاوەکەم برد، مووی سەرم وا گرژ ببوو، وەک دەرزی لە کڵاوەکەمەوە دەرچووبوون. نازانم چۆن شێت نەبووم. هێندێک ئایەت و دوعام دەزانی کە بۆ دەمی وا بە کار بێ، بەڵام کێ لە وەختی وادا دوعا و موعای لە بی دەمێنێ؟! هەڵێم، هێزی قاچم نییە. خۆ ئەگەر سەعاتێکیش هەڵێم، جندۆکە بە دوو شەقاو دەمگاتێ. دیارە ئەجەلم هاتووە. بە بیرمدا هات کە ئەگەر لە بەرانبەری دوژمنی کافردا پیاو دەست نەکاتەوە ئیمانێ نابا. ناعیلاج بە دەستی لەرزۆکەوە، بە دارووکەیەکەوە کە بە دەستمەوە بوو، خۆم بە سەر جندۆکەی مەلعوون دادا. دەست و چاوم هەمووی بە نووکی دڕوو بریندار بوو. چونکە جندۆکە پۆلە شیلانێک بوو لە دەم ڕێگە. جا وەرە لەو دەشتە بە تەنیا خۆم بە خۆم پێبکەنم! ئیدی لەوساوە ئیمانم بەو هەموو چیرۆکانە نەما کە باسی جندۆکە و غول دیتنیان بۆ کردبووم. زانیم ئەو کەسانەش هەر پنچکێک منچکێکیان دیوە و هەڵاتوون و بۆ ئێمەیان وەک چیرۆکی جندۆکە دیتن گێڕاوەتەوە. ترسی تاریکە شەوم نەما و لێکم دەداوە کە بۆچی لە ژووری دیوار سپی ناترسم و ئەگەر ڕەشیان هەڵگێڕا لێی بترسم؟ سپیایی ڕۆژ و ڕەشایی شەو فەرقی چییە؟...

شەوێکی باران بە ڕێگەدا دەڕۆیشتم؛ ماندوو ببووم. تووشی قەبرستانێک هاتم کە قەبرەکان بە بەردی لووس هەڵنرابوون. ویستم وچانێک بدەم. زەوی قوڕ بوو، بە ترس و لەرزێکەوە قونم خستە سەر بەردە تابوتێک، مردووم لێ ڕاست نەبووە. نەخێر لەو خوانی ڕۆستەمەش ڕزگارم بوو. زانیم مردوو تازە حەوسەلەی شەڕ کردنیان نەماوە. تەنانەت وام لێهات کە شەوی ئەنگوستەچاو گریوم دەکرد بچمە ناو گومبەز و سەر قەبرستانی زۆر بە سام و نەدەترسام. ئەمجار دەمەویست هەرچۆنێک بێ جندۆکەیەک ببینم.

بەردە گەورەیەک لە دامێنی شاخی تەرەغە هەیە، بە ئامان و زامان دەیانگوت هەرکەس بە شەو بە لایدا بڕوا، جندۆکە دەستی لێ دەوەشێنن و ناوی چەند کەسیان دەگوت کە لەوێ شێت کراون. شەوێک کە وردە بارانی بەهاری دەباری، بۆ چوونەوە ماڵ بە ئانقەست ڕێگەم خستە ئەوێ، چوومە ناو هڵۆڵایی بەردەکە و چاوەنۆڕ بووم. خشپەی گەڵایەک، هاشەی بایەک، خرمەی وردە بارانێک دەهات، دەدڵی خۆمدا دەمگوت ئەوا هاتن؛ بزانم چۆنم دەنگێون، هەر دەبێ جندۆکە ببینم. لە سەرمان کەسیرە بووم و کەس نەهات. بە ناهومێدی دەرکەوتم و ملی ڕێم گرت. کوێڕەڕێ بوو. شەوە ڕەشی بەهار کەمتر ڕێگەم بەدی دەکرد. لەپڕ دیتم شتێکی ڕەشی زەلام لەبەر چاوم قوت بۆتەوە. «ئەها بەخوا ئەوە جندۆکەی بن بەرد هاتۆتە سەر ڕێگام بەتاقیم کاتەوە!»، بەڵام ترسان نەمابوو. بۆی چووم، فیشقاندی و دەرپەڕی و بەرەو گوند پەل بوو. جاشکێکی یەکپڕ بوو، لە گاڕان بەجێ مابوو. بە شوێنی ئەودا ڕێگەم دیتەوە و پێکەوە گەیشتینەوە گوند.

کە تازەش چووبوومە ناو فەقێیان لە سەگ زۆر دەترسام؛ فەقێ گاڵتەیان پێ دەکردم. لەوەش ڕاهاتم؛ ئەگەر سەگم بۆ دەهات دادەهاتمەوە بۆ بەرد و ئەو ڕایدەکرد.

دەپێشدا لەبەر مارمێلکەش هەڵدەهاتم، وەمدەزانی مارە، بەڵام کە دەمدی منداڵی وەک خۆم بە دار یان بەرد مار دەکوژن، منیش وەردەوردە غیرەتم وەبەر خۆم دەنا و فێر بووم لەبەر مار هەڵنەیەم و بتوانم بیکوژم. «سەید محێدینە شێتە» هەبوو، پوورزای دایکم و پێم دەگوت خاڵە. پیاوێک بوو زۆر بە ئازا و شەڕکەر مەشهوور بوو. هەمیشە پێی دەگوتم ئەگەر تۆ کوڕێکی ترسەنۆک بی، دیارە خزمی من نیت. جارێک من و خاڵۆزایەکم کە هەردووکمان لە سایەی وڵات تێکچوونی شەهریوەری بیست و پاشەگەردانی تازە سەرو تفەنگمان پەیدا کردبوو، پاش نیوەڕۆیەک ویستمان لە شاری سابڵاغ دەرکەوین. گوتیان ڕێگە خەتەرە و چەتە هەیە، گوێمان پێ نەدا. سێبەر شۆڕ ببوون تووشی کابرایەکی سواڵکەری گەڕیدە بووین. گوتی: «کوڕینە لە ڕاهی خودا بگەڕێنەوە، چەتەتان لەسەر ڕێگەیە و ئێستا لەبەر چاوی من کاروانێکیان بەر گوللە دا و ڕوتیان کرد». لەو خەبەرە ترسام، ڕووم کردە خاڵۆزاکەم گوتم: «ئێمە تا ئێستا لێمان نەقەوماوە و دیارە تووشی شەڕە تفەنگ دەبین. تۆ دەڵێی چی؟» کابرایەکی خاوەن قاوەخانەی سەرجادەمان دەگەڵ بوو کە بەتەمای ئێمە هاتبوو، گوتی: «بگەڕێنەوە، شەو مخاریجتان لە سەر من». حەمەدەمینی خاڵۆزام گوتی: «هەرچی تۆ بڵێی وا دەکەم. لەپڕ خاڵە محێدینم هاتە بیر، گوتم: «ڕەنگە بڕۆین بکوژرێین؛ ئەگەر بگەڕێینەوە لەوانەیە خاڵە محێدینم بزانێ؛ ئەوسا ئابرووی بە هەزار ساڵمان دەچێ». حەمەدەمین گوتی: «تۆش بگەڕێیەوە من هەر دەڕۆم». لە بن هەورازی جێگەی خەتەر ئەسپەکانمان بە کابرای قاوەچی ئەسپارد، کە بە ڕێگادا بڕوا. خۆشمان هەر یەکە بە لایەکی چیادا دەست لەسەر پەلەپیتکە و لەسەر هەست سەرکەوتین. بەڵام بە سەلامەت گوزەرا و تووشی چەتە و شەڕ نەبووین. لەوساوە کەوتە دڵمەوە کە ئەگەر قومابا شەڕم دەکرد و بۆم هەڵکەوتایە چەتەم دەکوشت. یانی منیش خۆم بە پیاو زانی و دەخۆم ڕادەدیت کە لە کابرای دەست درێژی کەر کەمتر نەبم. هەردووکمان هەر خوێنمان لە لەش دێت، بۆ دوژمن بوێرێ هێرش بکا و من نەوێرم بەربەرەکانی بکەم؟

ماینێکم هەبوو، زینێکی کۆنی ئینگلیسیم لێ دەکرد. بە لای منەوە زۆر شتێکی باش و ئاسایی بوو. لە سابڵاغ میوانی ماڵی سەعید ناوێک بووم. تکای لێ کردم بە سواری ماینەکەم تا قونقەڵا بچێ. ئێوارە کە هاتمەوە سەعید دەناڵێنێ و لە جێدا کەوتووە:

- ئەی ماڵت ئاوەدان بێ، زینەکە هەموو قنگمی داماڵیوە! چوومە لای حەکیم، مەڵحەم و دەرزی بۆ نووسیوم.

تازە چووم سەیری زینەکەم کرد: ئەوەندەی باران و تاو لێ دابوو، وەک بەردی قرنج قرنجی لێ هاتبوو، بەڵام دیارە قونی سەعید لە هی من ناسکتر بوو، من فێری ببووم.