وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1203 بینین

بە فەرمانی پێشەوا ماڵم لە بۆکانەوە هاتە سابڵاغ. کوڕێکم هەبوو بە ناوی «شێرکۆ»، تەمەنی چوار مانگ بوو؛ کە دیسان دەگەڵ سەدرولئیسلام و زەبیحی و حاجی حەمەداغای شێخاڵی بەڕێ کرام بۆ سەقز و گفتگۆ کردن. سەدرولئیسلام دوای دوو ڕۆژ گەڕایەوە. بردیانینە ماڵێک لە سەقز و پاسەوانێکیان لە دەرگا دانابووین. ئەمجار دەبوایە یەک لە من و زەبیحی ڕەگەڵ کاروانی ئازووقە بچینە بانە. گوتم: «زەبیحی تۆ زۆرجار حەبس کراوی، لێرە دەمانگرن، لە ڕێگەوە خۆت دەرباز کە و حەولێک بۆ ئێمە بدە تا نەگیراوین». زەبیحی لە ڕێ ڕایکردبوو. لە سابڵاغەوە هێندێک دراویان بە «کاکاغا» ناوێک و ڕانندەیەکی ئەرمەنیدا بۆ ناردبووین. گۆز و گومبەت هاتنە سەرمان و داوای چەک دانانیان لێ کردین. من کە لاوێک خوێنگەرم و بێتەجرەبە بووم لام وابوو چەک لێ ساندن زۆر شەرمە، دەمانچەی خۆم نەدا و بە ئەفسەرەکەم گوت: «دەبێ بکوژرێم و دەمانچەم لە قەدی بکەنەوە». ئەفسەرێکە گوتی: باشە لە تۆ ناستێنم.

دەئێوارێدا هاتەوە لامان، گوتی: «تۆ حەز دەکەی بچییە ناو شار، وەرە پێکەوە بڕۆین». چووینە قەراغ چەمی سەقز. زۆر بەنەرمی گوتی:

-برام من کوردی کرماشانیم، تۆشم زۆر وەبەر دڵ کەوتووە کە بۆ ئازادی گەلی کورد حەول دەدەی؛ بەڵام هێشتا زۆر کاڵی. لێم ڕوونە من پڕکێشیم بکردایە بە دەمانچە دەتکوشتم. دەوروبەری شار پتر لە چوار هەزار سەربازی تێدایە.

دەرچوونت محاڵ بوو؛ دەیانکوشتییەوە. ئەوجار دەوڵەت هەزاران ئەفسەری لە من زلتریشی هەیە کە بە کوشتیان دەدا و گوێش ناداتێ. تکایە لەوە عاقڵتر بە، حەیفە لە دەست بچی. چاوەنۆڕی فرسەت بەو دەنگ مەکە... هەر ئەمڕۆ حەبستان دەکەن. ئەوەندەی بۆم بکرێ یاریدەتان دەدەم... خولاسە خاو بوومەوە. پێکەوە چووینە بازاڕ کە کتێبی داستان بەکرێ بگرم و لە زینداندا خۆمی پێ بخافڵێنم. ئەفسەرەکە ناوی وابزانم «ناسرپوور» یان «ناسری» بوو؛ بردمیە دووکانی کتێبفرۆشێک بە ناوی «کولاهی». کابرا گوتی: «هەر کتێبەی شەوێ بە دوو قڕان بە ئەمانەت دەدەم». خۆی لێ تووڕە کرد کە: بێئینساف ئیجارەی کتێب شەوی چوار شاییە، بەڵام ناچار قبووڵم کرد و چەند چیرۆکێکم وەرگرت.