میرزا ڕەحمانی بانەیی
موفتی لە پێشدا پێی گوتم ناوی «میرزا ڕەحمانی بانەیی»یە و بە مام میرزا دەیدواند. گوتی هەستە با بڕۆین. لە ڕێگە لێی ڕوانیم گوتی: ڕەنگت زەردە، وا دیارە برسی؟
- نەخێر برسی نیم.
- دەی درۆ مەکە، زۆرت برسییە.
بردمییە کەبابخانە تێری کردم.
- شەو لە کوێ بووی؟ چییان لێ ساندی؟
چووینە هوتێلەکە. بەگژ خاوەن هوتێلدا هات کە:
- تۆ چۆن دەسبڕێکی، چوار پەنجایی لەباتی دە تمەن دەدەی؟
لە حیسابدا دەرکەوت کە بەچکە ئاغا پووڵی نەداوە و لەسەر من حیساب کراوە. کاتێ لە دەفتەرمان ڕوانی، من خەڵکی کەناروێ و ئەو بازیانی نووسرابوو. پووڵی ئەویان لە من نەگێڕاوە و زانیان کڵاویان لەسەر نراوە.
میرزا بردمییە دووکانی دەلاکێک. گوتی:
- وەستا ئەم کوڕە هەم دەروێشە هەم سۆفی؛ من پەشیمانم کردۆتەوە چونکە خزمەتی پرچ و ڕیشەکەی بۆ ناکرێ، تکایە بۆی بتاشە!
دەلاک تماشایەکی سەری کردم، گوتی:
- مام میرزا ئەمە کاکۆڵی هەبووە پرچی نەبووە؛ گاڵتەی خۆتم پێ مەکە!