...؟

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 2 خولەک  625 بینین

- تۆ بڵێی هیچ کەس بە قەد ئێمە دڵخۆش بێ؟

- نا، هیچ کەس، هیچ کەس بەڵام...

- بەڵام چی؟

- بریا ئەمنیش لەو ڕۆژە ڕەشە دەرهاتبام.

- نا، قەد باسی شتی وا مەکە. با هەر ئاوا بی، کە هەی. من قەد بیر لە چاکبوونەوەی تۆ ناکەمەوە

- بۆ؟

- دەترسێم.

- لەچی؟

-لە زۆر شت. نازانی چەند ساڵ بوو لە کەسێک دەگەڕام کە منی خۆش بۆی.

- پێم وابوو هەر من وام!

- تۆش وەک من بووی؟!

- هەتا ماوەیەک پێش.

- دۆزیتەوە!

- بەڵێ.

- کێیە؟

- تۆ.

- ئاخ ئەگەر شەی "تۆ" لەدەم دەرنەهاتبا، شێت دەبووم.

- من لەتەواوی تەمەنمدا چاوەڕوان بووم، دەترسام یەک کەسیش نەبێ بمدۆزێتەوە.

- سەیرە منیش پێم وابوو ناتوانم هیچ کەس بدۆزمەوە.

- تۆ هیچ کەست نەدۆزیبۆوە؟

- ئاخر...

- ئاخری ناوێ، پێم خۆش نییە لێمی بشاریەوە.

- تەنیا یەک کەس، ئەویش دەیزانی کە من خۆشم دەوێ، وەسەر خۆی نەدەهێنا، تەنانەت نیگاشی لەمن دەدزییەوە.

- بە کوێ گەیشت؟

- ڕۆژێک لە کۆڵان تووشم بوو، بێ ئەوەی چاوم لێ بکا، بەستەیەکی بچووکی وەدەستی دام، خەنی بووم ، کردمەوە، ئاوێنە بوو، ئاخ نازانی چەند ناخۆش بوو.

- بۆ ناخۆش؟

- لە ئاوێنە زیزم، ئاوێنەکەی ئەویشم فڕێدا، پڕ بوو لە بێزاری.

- بۆ؟

- لە ئاوێنەدا جوان نیم، زۆر ناحەزم دەکا، وەک ژنێکی گڕوێم نیشان دەدا، تەمەنم دەباتە سەر، دەمکاتە کچێکی قەیرە، هەر ئاۆێنە لەمن ناەشێتەوە نا.

- پێم سەیرە، دەنا ئەمن هەمیشە بە ئاواتم ئاوێنەیەک ببینم.

- نا... نا ... قەد ئەو ئاوتە مەخوازە.

- بۆ؟

- دەترسێم.

- لەچی؟

- لە زۆر شت.

- باشە لەچی؟

- نەکا چاوت چاک بێتەوە و تۆش ئاوێنەیەکم پێ بدەی!