پووکانەوە

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 2 خولەک  589 بینین

جنێوی بە هەتاو دەدا. بەردی تێ هەڵدەکرد. گوڵی دەشێلا. گوڵپەڕی هەڵدەوەراند. لە مناڵ تووڕە دەبوو. لێی هەڵدەقورینجاند. کانیاوی قوڕاو دەکرد. بەردی تێ داویشت. بە بۆنی گوڵاو قەڵس بوو. خۆی لێ دەبوارد. بۆگەنی پێ خۆش بوو. پڕ بە سیییەکانی هەڵیدەمشت.

بە هەر کردەوەیەک نەختێک بچووک دەبۆوە. تەمەنی بەرەو ژوور دەچوو. پیرتر و چکۆڵەتر. جاران بەتەواوی خۆی لە ئاوێنەدا دەدی، وردە وردە بەشێک لە ڕوخساری بزر بوو. دوای بەینێک نەدەگەیشتە ئاوێنەکە. خۆی لێ ون بوو. بەسەر کانیاوێکدا کەوت، پێشتر قوڕاویی کردبوو. چاوی لێ کرد. لەخۆی ترسا. سیمایەکی گڵاو. بێزی لەخۆی هەستا. ڕووی وەرسووڕاند. تازە هەرگیز ڕووی دە هیچ ئاو و ئاوێنەیەک نەکردەوە. تاقەتی قاچی کەم بوو. خۆی لەسەر لاق پێ ڕانەگیرا. پێویستی بە گۆچان هەبوو. وەگیری نەکەوت. کەم کەم داهاتەوە. بەری دەستی نیشتە سەر زەوی. چوار دەست و پێ ڕێگای بڕی. برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنی. تاقەتی لێ بڕی. تفی لە زاریدا ویشک بوو. قسەی بۆ نەکرا. ناچار بوو بوەڕێ. دەنگی نووسا. نووزەی لێ دەهات. چکۆڵە و چکۆڵەتر بۆوە. وردە وردە تواوە و بێ ئەوەی بمرێ لەبەر چاوان ون بوو.