پەیام

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 11 خولەک  2030 بینین
هەوا نییە،
دوا هەناسەی سوورەگوڵە.
باران نییە،
ئەوە فرمێسکی تێکەڵی مناڵی سەرپشتی لانک و
پیری سەر لێواری گۆڕە.
بەفر نییە،
ئەوە باڵی پەپوولەیە هەڵدەوەرێ.
تەرزە نییە،
ئەوە سەری سپیی کۆترە،
وڵاتی لەشی جێهێشتووە.
شیعر نییە،
ئەوە ڕۆح و ئەوە گیان و ئەوە کەشی شاعیرێکە،
تک تک، تک تک،
دەتوێتەوە و هیچ کەسێک هەستی پێ ناکا.
***
لای مرۆڤ هیچ،
لای باڵندەش ئابڕوومان چوو،
کاتێک حاجیلەی میوانی پەنا قەڵای هەولێرمان کوشت.
لای زیندوو هیچ،
لای کۆچکردووش ئابڕوومان چوو،
کاتێک پەیکەری «حاجی»مان،
دا بەر گوللە.
لای خەڵک هیچ،
لەلای خۆشمان ئابڕوومان چوو،
کاتێک بە دەستی خوێناوی،
خۆمان پێشانی یەکەمین ئاوێنە دا.
لای ئەمڕۆ هیچ،
لای سبەینێش ئابڕوومان چوو،
کاتێک نیشانمان دا شەهید،
قەدری ژیانی نەزانی و،
خۆی بە کوشت دا.
***
ئەم ئاسمانە بۆ هێندە بێ باڵندەیە!؟
نەکا فڕین لەم وڵاتە کۆچی کردبێ!
ئەم باغە بۆ هیچ گوڵێکی لێ ناپشکوێ!؟
نەکا بەهار ئەو وڵاتەی جێهێشتبێ!
ئەوە چەند ساڵە ئەم شارە لەجێی باران،
خۆڵی بەسەردا باریوە،
ئەی ئەم شارە بۆ ئەوەندە تۆزاوییە؟
ئەم شەقامە چەند لەمێژە بریندارە،
ئەم کۆڵانە چەند لەمێژە گوێی بۆ سرتەی
کوڕ و کیژە دڵدارەکان هەڵنەخستووە،
ئێمە بۆ هێندە پێک نامۆین؟
ئەگەر ڕۆژێک ئاشتی بێ و بمانپشکنێ بڵێین بۆ چی؟
***
چاومان پڕە لە کەلاک و دەستمان پڕە لە تاوان و
دڵمان پڕە لە کەمین و
گوێمان پڕە لە ڕەمزی شەڕ،
هەر کەس لە دەروونی خۆیدا ڕووخاو،
سەیرترین کەلاوەی سەر ئەم جیهانەین.
حاکمی یەک دەست و یەک لاق،
دوژمنی دەست و قاچێکی دیکەمانین.
ئێمە سەیرترین حاکم، سەیرترین دوژمنی سەر ئەم دونیایەین.
هەر کەس لە تابووتە لەشی خۆیدا نێژرا و،
ئێمە سەیرترین مردووی ئەم جیهانەین.
فیفتی هابیل، فیفتی قابیل
 
ئێمە دوژمنترین برای ئەم دونیایەین.
ئێمە بێکەس و بێپەناین،
تازە بادی خۆش مرووریش،
بە شارەزووردا ڕانابڕێ،
تا «نالی» خۆی بە قوربانی تۆزی پێی کا؛
تازە «شێخ»یش ناچێتە نێو خەونی موریدەکانیەوە و
چاپخانەکەی«پیرەمێرد»یش لەڕووی نایە
تاقە یەک وشە بنووسێ.
***
بمبوورە ئەمشەو برینت دەکولێنمەوە هەڵەبجە گیان!
ئەرێ زامی پێنج هەزار شەهیدی یازدەی ئازار
پڕئێشتر بوو
یا یەک کەسی براکوژی؟
ئەرێ دووکەڵی کیمیاوی هەڵمژین ناخۆشتر بوو
یا هەوای ئێستای شارەزوور؟
هەڵوەرینی هەموو چرۆی «باغی میر» و دارهەناری
ئەو سەردەمی ناخۆشتر بوو
یا ژاکانی تاقە یەک گوڵی ئێستاکە؟
 
من لەمڕۆوە گوێ بۆ ڕادیۆکان هەڵناخەم
با هەواڵی شەڕ نەبیسم؛
هیچ ڕۆژنامەیەک وەرناگرم
با باسی شەڕ نەخوێنمەوە؛
چاو لە تەلەویزیون ناکەم
با مەیدانی شەڕ نەبینم؛
من لەمڕۆوە
دەڕۆمەوە بۆ چەند سەدەی بەر لە ئێستام؛
بۆ چی نەڕۆم؟
هەرچی گوڵ و پەپوولە و کیژ و جوانییە
دونیا بردی بۆ شیعری خۆی،
تەنیا خوێن و شەڕ و مەرگ و گریان ماوە
بۆ شیعری من
***
هەور هەموو بارانی ئاسمانی هێنا،
گوڵێک نەبوو پێشکەشی کەین؛
تازە چۆن هەور
باران بۆم وڵاتە دێنێ؟
شنە هەموو بۆنی خۆشی دونیای هێنا،
پەنجەرێکمان نەکردەوە تاوێک تیا بحەسێتەوە؛
تازە چۆن شنە بۆنی خۆش
بۆ ئێمە بە دیاری دێنێ؟
ئێمە نەبووین لەجێی گەنم، فیشەکمان چاند؟!
لەجێی کێڵان، تۆپمان لێ دا
بەجێگای ئاو، خوێنمان پێ دا؟
ئێستا مناڵانی ئێمە هیچیان نانی گەنم ناخۆن،
دەبێ هەویری باڕووتیان بۆ بشێلین.
***
ئێمە مەلین:
بە قەفەسەوە هەڵدەفڕین،
 
مرۆڤین و
بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین،
 
شاعیرین و
بە چەکەوە گوڵ دەنووسین.
شەڕ نەیهێشتووە بە لاوی دڵداری بکەین،
ڕەنگە لە سەردەمی پیری
لە پیرێژنێکی جیرانمان، ماچێکی حەرام بفڕێنین؛
گوللە نەیهێشتووە چریکەی بولبولێکمان گوێ لێ ببێ،
ڕەنگە لە ئاگربەسێکدا بۆ نەواری دەنگی بولبولێک
گوێ هەڵخەین؛
دووکەڵ نەیهێشتووە گوڵ بۆن کەین
ڕەنگە بەناچاری، عەتر
بەسەر گوڵە نایلۆنییەکاندا بپژێنین.
***
من ڕاگەیەنراوێکم دی لێی نووسرابوو:
ئێمە کۆمەڵێک ڕووناکبیر، بڕیارمان دا حیزبێکی نوێ دامەزرێنین،
بەڵام تا ئێستا نەکراوە هیچ ڕەنگێ بدۆزینەوە، کە پێش ئێمە حیزبێک نەیکردبێتە ئاڵا،
داوا لە خەڵکی کورد دەکەین، ئەگەر کەسێ ڕەنگێکی تازەی پێ شک دێ پێوەندیمان پێوە بگرێ!
***
ڕەش ڕەش، ڕەش ڕەش،
ئەوە ڕەنگێکی لەبیرچووی ئاڵایەکی هەڵنەدراوە.
 
سوور سوور، سوور سوور،
ئەوە چۆمێکی نەسرەوتووی
لە کێوی لەش هەڵبڕاوە.
***
من لەتەنیشت گۆلی ورمێ
هەست ڕادەگرم،
لەجیاتی گوێ
هەموو جارێ کە گوللەیەک پێک وەدەنێن، ڕادەچەنم،
کە لەشی یەکترتان پێکا
ترپە لە گیانم هەڵدەستێ؛
کە دڵۆپێک خوێنیان ڕژا
«دڵ وەختە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور.»
***
خوایە تۆ لە گشت شوێنێک هەی،
بمانبوورە؛ ئێمە میوانداری چاک نیین.
فریشتەکان! بمانبوورن؛
بمانبوورن مناڵانی نوتفەبەستووی شەوانی پڕ ترس و شەهوەت؛
بمانبوورن مناڵانی لە منداڵدانی دایکدا
باوک کوژراو؛
بمانبوورن مناڵانی پاکی ئەمڕۆ و
براکوژانی سبەینێ؛
ماچی ئەمڕۆ و تفی سبەی؛
بمانبوورن دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ڕژاو؛
مسقاڵ مسقاڵ
گۆشتی لە ئێسقان جیاوە بووی
لەشی شەهیدی نەناسراو!
***
خۆ ئێوە دوو وەرزی ساڵ نیین
کە زەرد و سەوز، هەرگیز بە یەکتری نەگەن
ڕۆژ و شەو نیین
نوور و تاریکی نەتوانن پێک هەڵبکەن
مار و پنگ نیین
نەتوانن جیرانی یەک بن.
نا ببوورن،
کورد و کوردن
کە ناتوانن، بەبێ مەرگی یەکتر بژین!
*
هەر کێلە و کێلە و کێل دەڕوێ - لەجیاتی گوڵ -
من دەترسێم کە گۆڕستان
هەموو خاکمان لێ داگیر کا
هەر خوێنە و خوێنە و خوێن دەڕژێ – لەجیاتی ئاو -
من دەترسێم خوێن ڕووبارمان لێ داگیر کا
هەر ڕۆحە و ڕۆحە و ڕۆح دەفڕێ - لەجیاتی مەل -
من دەترسێم کە باڵی ڕۆح
سێبەر لەسەر ژینمان بکا
***
ئەم ئێوارە پەپوولە سولەیمانەیەک دەیخوێند:
بۆ ئاگاداری:
حاجیلەیەکی نێو شاری هەولێر شەهید کراوە، کۆڕێکی پرسەی بۆ دانراوە.
تکایە هەموو مەلانی گەرمێن بەشداریی بکەن.
هەر مەلەش، ئاگای لە گیانی خۆی بێ. بولبول بێ چریکە، کۆتر بێ تەقڵە و کەو بێ قاسپە بێ.
شوێن: هێلانەکەی حاجیلەی شەهید
کات: دوای خەوتنی هەموو خەڵکی شار.
***
ئێمە هێندەمان ئەم خاکە ئازار داوە
تازە خەڵکی وڵاتی دیش وەرمان ناگرن
تۆ کوێندەرێی؟
کوردستانیم.
من لە چاویدا هەست دەکەم
یەکدابەدوو دەنگوباسی ڕادیۆکانی بیر دێتەوە،
ئەو دەبێتە کاریلەیەکی سەر زەرد و
ئەمن دەبمە گورگی سەر ڕەش؛
خۆی لە نیگام دەدزێتەوە!
***
ئێمە بەتەمای ژیان بووین
گەرچی تووشی مەرگێکی بەسپایی هاتین:
–ئەوەندەش بەختەوەر نەبووین
لە کورتە کاتێکدا بمرین.
 
من دەترسێم ڕۆژێک پیرەمەگروونەکان
سیروان و تانجەڕۆ بکەن بە دوو باڵ و
وەک سیمورغ بەجێمان بێڵن؛
ئەو دەم ئێمە بۆ پەناگا و بۆ ئەشکەوت و
بۆ لێقەومان ڕوو لە کوێ کەین؟
دەترسێم ڕۆژێک دارستان
پەنجە دە پەنجەی هەورەکان بهاڵێنێ و
ئێرە چۆل کا؛
ئەو دەم دەبێ،
بۆ میوە و بۆ ژوان و سێبەر
دڵ بە چ شوێنێک خۆش بکەین؟
 
دەترسێم ڕۆژێک خوداوەند
فریشتەکانی ڕابگوێزێ و فەرمان بدا:
نابێ هیچتان لە مەداری ٣٦ دەرەجە نزیک بن
ئەو دەم ئێمە بەبێ خودا و بێ فریشتە
چۆن بوێرین بچینەوە بەر ئاوێنە؟
***
ها خاڵۆ سپی پۆشەکەم!
تۆ چت دەوێ
ئەمشەو لە خەونەکانی من؟
 
سڵاو ڕۆڵە شاعیرەکەم،
–من ئەو کەسەم بۆ یەکەم جار
وشەی پێشمەرگەم بۆ چەکدار
پێشنیار کرد.
هاتووم، هەتا وشەکەم وەرنەگرمەوە
ناڕۆمەوە.
ها دایکە پرچ کوێستانییەکەم!
تۆ بۆ ئاوا غەریبانە
لە بەردەرگای خەونەکانی من وێستاوی؟
–من ئەو کەسەم کە یەکەم جار، وشەی شەهید
لەسەر ڕۆڵە کوژراوەکەی من دانرا
هاتووم هەتاکوو ئەم ناوە
لەسەر ڕۆڵەم نەسڕمەوە، ناڕۆمەوە.
ئەی ئێوە بۆ چی وێستاون هاوڕێیانم؟!
–کۆڕی زکری دەروێشانە ئەمشەو، بەڵام
مانگ هەر تەنیا یەک دەفەیە و بەشمان ناکا.
هاتووین بچینە سەر سیروان
تا هەر دەروێشەی دەفی خۆی لێ وەربگرێ.
ئەی ئێوە بۆ کۆبوونەوە مناڵەکان؟!
–ئەمشەو مەیلی پاکبوونەوەی ژێر بارانمان هەیە بەڵام
دڵۆپ دڵۆپەی بارانە تەڕمان ناکا
هاتووین بچینە ژێر تاڤگە
گوناهەکان بشۆینەوە.
*
جارانی زوو
لەسەر گردی مامەیارە دارێک هەبوو
کە پاییزان گەڵاکانی هەڵدەوەری،
پۆل پۆل چۆلەکەی لێ دەڕوا؛
لەسەر کێوی پیرەمەگروون دوندێک هەبوو
کە هاوینان کچی بەفری، ڕەدووی ڕووبارێک دەکەوت،
پۆل پۆل کەوی لەسەر دەنیشت؛
لە داوێنی شنروێشدا شاعیرێک بوو
گەر مناڵێکی پێخواسی چاو پێ کەوتبا
شیعرێکی بۆ دەکرد بە کەوش؛
گەر دایکێکی ڕۆڵە کوژراوی دیتبا
شیعرێکی بۆ دەکرد بە کوڕ؛
گەر وەنەوشە لەژێر تووتڕکا خامۆش با
شیعرێکی بۆ دەکرد بە دەنگ؛
بەڵام ئێستا لە گشت شوێنێک
هەر شیوەنە و هەر واوەیلا
منی شاعیر، یەک شیعریشم بۆ نانووسرێ
دەزانی بۆ؟
«مەزاجی کوردەواریم تێک چووە، دەروێش عەبدوڵڵا»
 
ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
سەرمان بۆتە لاقی کەسێکی نەناسراو،
هەر بە شەق تێمان هەڵدەدا.
دەستمان بۆتە دارەدەستی کەسێکی تر،
هەر کۆترێک بە لایدا بڕوا تێی هەڵدەکا؛
دڵ بۆتە زەبتی جاسووسی،
هەر خەیاڵێ بە دەروونماندا تێپەرێ
بۆ نەیارانی باس دەکا.
ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
مەمکی دایکان وشک بووە و
مناڵ گوانی مانگا دەمژن.
سفرەی ماڵان بەتاڵ بووە و
مناڵ لەگەڵ باڵندەکان چینە دەکەن؛
شەو بەشی خەویان ناکات و
بۆ خەوی دووری زستانی تەمرین دەکەن.
 
مناڵەکان! کە بەیانان لە خەو هەستان،
هەتاو بۆ نێو دەروونتان بانگێشتن بکەن
کە خەوتان هات،
سەر بنێنە سەر کەروێشکەی گەنمەکان و
مانگ بێننە نێو خەونەکانتان؛
ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتن،
پێ لە ڕووبار قەرز بکەن، دەنگ لە تاڤگە،
ڕەنگ لە بەهار.
 
ئەگەر لە شوێنێکدا ون بوون،
لە پەپوولە پرسیار بکەن.
مناڵەکان ئێوە هەر زوو
ڕەنگ لە ئاڵا وەرگرنەوە و
بیدەنەوە بە وەرزەکان.
دەنگ لە تفەنگ وەرگرنەوە و
بیدەنەوە باڵندەکان.
هەر لەپێش چاوی ئاسمان
هەموو چەترەکان بشکێنن؛
بەڵکوو هەور ئاشت بێتەوە و
تینوایەتیمان بشکێنێ.
هەر کەسێکتان چاو پێ کەوت
نیگایەکی مناڵانەی پێ ببەخشن،
خۆی لەبەر گەرم دابێنێ.
کۆڵان بە کۆڵان ڕاکەن و
لە دەرگای هەموو ماڵێک دەن
بڵێن فەرموون:
وشەی ونبووی برایەتیمان دۆزییەوە
تکایە چاک بیپارێزن،
با ئەمجار لێتان ون نەبێ!
بە شەقامەکاندا ڕاکەن،
هەر کیژێکتان چاو پێ کەوت
چەپکێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگی
لە کراسە ڕەنگ مردووەکەی دەن.
مناڵەکان! ئەمشەو بۆ ئێوە دڵپرم.
***
نا، نامەوێ ئەمشەو بگریم، بەڵام چ بکەم؟
خۆ فرمێسک پرسم پێ ناکا!
نامەوێ شیعر بنووسم،
وشە تەگبیرم پێ ناکا!
شیعر بۆ هەتاو دەنووسم،
سێبەر وڵام دەداتەوە،
شیعر بۆ ئاگر دەنووسم،
دووکەڵ وڵام دەداتەوە؛
شیعر بۆ باران دەنووسم،
تفەنگ وڵام دەداتەوە.
 
خۆ من ناڵێم، شیعر دەڵێ:
چەکی نێو دەستی پێشمەرگە
ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە
گەر داینێ لە برسان دەمرێ.
 
خۆ من ناڵیم، شیعر دەڵێ:
فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە
-کاکڵەگوێزە-
فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ.
خۆ من تاوانێکم نییە
شیعر پرسیارم لێ دەکا:
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی،
نیشتمان، زیندانی گشتی،
ڕۆژاوا، تاراوگەیەکی هەمیشەیی
ئەتۆ کامیان هەڵدەبژێری؟
 
ئێمە گەڵاین
هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛
مناڵین و
هەر لە لاویدا پیر دەبین.
 
جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.
 
جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین»
کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام،
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!