شۆڕەبی

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 1 خولەک  1034 بینین
ڕووبارێک بوو... ساڵیانی ساڵ... لە ئاوێنەی
ڕووخساریدا
بسکی شۆڕەبییەکی دەشوشت.
 
ڕۆژێک ڕووبار... لە شۆڕەبی بە ڕقدا چوو...
تووڕەییەکەی بوو بە لێڵاوێکی سوور و
ڕەنگی سەوزی بسکەکانی لە خۆی هاڵاند.
کە شۆڕەبی پرسیاری کرد:
بۆ لێم تووڕەی؟!
وتی کاتێ قەمچییەکەی ڕەشەبای دڕ
لە بەژنی دارستان هاڵا
تۆ لە ترسا
بە سەر شۆڕی دۆش دامابووی.
کە ئەمەی وت... گەردەلوولێک هەڵیکرد و
شۆڕەبییەکە خۆی وێک هێنا
 
لە ناکاوا
وەک دەروێشێکی جەزم بوو
پرچی بەسەر شانیدا دا
ڕووبارەکە کەوتە لەرزە:
کاتێ دیتی کە نێودڵی شۆڕەبییەکە
لانی شێرێکی سەربەرزە.