قەقنەس

لە کتێبی:
ڕەنگاڵە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  1462 بینین
دیدەنیم کە
وام لەبەر ژووری دواشیعرا ڕاوەستاوم.
چڕەدووکەڵی پێچخواردووی
وەرزە نامۆی ئەم خەڵوەتەم
پەپکە مارن
لە ژیلەمۆی ناو قەفەزی سنگما نەبێت
ئۆقرە ناگرن!
دیدەنیم کە!
وەرە و سەرێ بکێشە ئەو تەمەی بێزار بوونم
لە تەونی ئەم دوورییەدا
هەڵیئەپێچێتە گیانم
لوول، لوولم ئەدا و
ئەمدا بە دەم ڕووبارێکی سەرکێشەوە
«ڕووبارەکە جڵەوی خۆی
بە دەس زەمانەوە پچڕان
ئەو هەر ئەوەندە ئەزانێ کە ئیستەکە
بخنکێنێ و دەربەس نییە»
دیدەنیم کە
شانی ڕازم داداوەتە سەر لێواری
تاکە پەنجەرەی نیگای تۆ
من لەوێوە بازی تەماشام ئەنێرمە
سەر سەرەڕێی چاوەڕوانیت
بەم ڕۆژگارە
من ژانێکی کێویلەم و بە کەژی چاوەڕوانیتا
ئەچمە سەرێ و دێمە خوارێ
دێمە خوارێ و ئەچمە سەرێ
بەم شەوگارە
کەشتییەکم وەڕسبوونم ئەمپچڕێنێ و
شەپۆلی وێڵ
ئەمدا بە نووکی تەڵزمە تیژەکانی
ڕۆخی ئازاری دنیادا.
چاوەڕوانتم
«باز ئەڕوات و کە دێتەوە
چاوەکانی لم خواردوونی
تۆ ئەزانی لمی تینوو هەتا ئیستە
چەند ئاسۆگەی خنکاندووە؟!
چەند هەناسەی دڵدارانی وەک «مەولانە»ی
کردووە بە ژێر گردۆڵکەکانی خۆیەوە؟»
مەولانە نیم
بپرسە مەولانە دێت و
ئەو شارەزای کون و قوژبنی ئازار و
وڵاتانی خۆڵەمێش و هەڵوەرینە.
با سنگی خۆیت نیشان دات
جا ببینە:
چ کیشوەرێ جێگەی لەناویا بۆتەوە!
- چاوت ئەپەڕێتە پشتی سەرت -
ئەو، لە گەشتی بێدەنگی ناو هەڵقرچانیا
خوا هاوڕێی ڕێوبانی بوو
ئەو، بازێ بوو دوو پرشنگی
لە چاوی خوا کردبۆوە و پێیان ئەفڕی.
قەقنەسێ بوو
بەرز ئەبۆوە و، بەرز ئەبۆوە و
هەتا لەشی لە ئاتەشگەی
دەروونی یەزدان بەرئەدا.
لەو سەرەوە لەگەڵ بەفری ڕۆحی ئەودا
کلووی فریشتەی سپی بوو
ئەهاتەوە بۆ سەر زەمین.
ئەی من چی بکەم؟!
مەولانە نیم
فریشتە نیم و
قەقنەس نیم.
باڵەکانی من بە گڕی دۆزەخی لەشم ئەسووتێن.
- گیانم ئەوێ-
تەنیا دڵۆپی ئارامی مەولانە بکەیتە گەرووم
بەسە بۆ ئەوەی کە بچمە کۆڵی غەریب و
بەسە بۆ ئەوەی جڵەوی زریان کەم و
کێشی کەم هەتا بەردەمت!
مەولانە نیم و چاو لە خوا نەترووکێنم تا ئەسووتێم
مەولانە نیم و بە کوێریی بچم دەسی چاو ساغەکان بگرم
بیانبەمە بەر بارەگای
نهێنییەکانی مردن و هەرگیز سڵیش نەکەمەوە
ئەو بە بیابانی ئەوت:
- وا ئەزانی تینووم ئەکەیت؟
ئەی نازانی من دەم ئەنێم بە پلووسکی
نوورێکەوە، لە سەرچاوەی دڵی خواوە هەڵئەقوڵێ؟
وا ئەزانی کڵاوڕۆژنەی خەڵوەتەکەی هیندستانم
لێ ئەگریت و نازانی من
لە هەر کوێ بم، ڕۆژ لەوێیە!
گوڵەبەڕۆژەیە عەشقم
لەگەڵ چاوی پاکی یاردا
پشکۆیە
ئەسووڕێتەوە
پێت ناگیرێ!
دیدەنیم کە
پزیزکێکی ئەو پشکۆیەم بۆ بهێنە.
ئەی مەولانە!
تۆ ئەوەندە لەبنی کانیی دڵی خوا ورد بوویتەوە
هەتا چاوت لە کالانەی هاتنە دەرێ و بوون بە ماسی.
تۆ ئەوەندە گوێت بۆ بانگی دەغڵی برسی و
سۆزی هەژارانی ڕەوەند ڕاگرت،
تا بیستنت بوون بە بینین!
- کوا مەولانە؟!
گۆمی لیخن دوورگەیەکی خۆی نوقم کرد
کە ڕوون بۆوە لە داخاندا لێوی ڕۆخی
خۆی بۆ کرۆشت.
ئیستەش کە ئاو هاژە ئەکات
گوێی لێ بگرە ئەوە گریانە بۆ دوورگەیە و
باسی ئەکات!
دیدەنیم کە!
ئەم هاوارە
بێدەنگەی من، چۆن ئەبیسی؟!
کە وەڕسبوون ئەئاڵێتە دیدەکانم
لێڵیان ئەکات!
ئیتر سەرنج ماسییەکانی بنی ڕۆحی
تۆ نابینێ
خوام لێ دوور ئەکەوێتەوە!
- بۆ ئەوەی لە خوا نزیک بیتەوە
لە دووریتا سەوداسەری سووتانی بەر
چراکەی بە.
بۆیە سامناکیی دارستان
لە چڕیدا خۆی مات داوە.
هەتا هەتاو بە برینداریی بیگاتێ.
بۆیە بیابانیش ئاوی ئاوارە کردووە
هەتا تینوو بە خنکاویی خۆی بیگاتێ.
دیدەنیم کە
چاوەڕوانتم!