شەو - بەیان - بروسکە
بۆ هەڵەبجە
لە کتێبی:
گەشەی ئەوین
بەرهەمی:
ژیلا حسەینی (1964-1996)
2 خولەک
852 بینین
(١)
دیارە ئەمشەو زۆر درێژەچارشێوی ئەم کەنینە تاڵ و سامناکە
بەمزووانە لەسەر شاخ و کانی و درەخت داناکەوێ
چارشێوی ڕەش
شەوانە هەرچی چارشێوە ڕەش ئەنوێنێ
سوور بێ... یان زەرد، سپی... یان ڕەش
ئەمشەو لە دوا کاتەکانی چاوەڕوانی و
خورپەکانما
بۆ جارێ تر سەرم کێشایە کۆڵان و
چاوم لێ بوو...
دەستێکی ڕەش بەئەسپایی ئەهاتە پێش...
هەرچی بەر پەلی کەوتایە، لە سوور... لە ڕەش
بەپەلە دەرکەکەم داوە
لێ مەخابن
نازانم چۆن چۆنی خۆی خستە ژوورەوە
ئێستاش لە ئەیرە هەر وەکوو کتکە نەفتینە
هەر خەریکە
خۆی لە دار و بەرد و دیوار و پەنجەرەی نووستوو
هەڵئەساوێ.
بڵێی بەیانی ژوورەکەم
سپی... یان سوور
زەرد بێ... یان ڕەش؟
بڵێی بەیانی ژوورەکەم چ ڕەنگێ بێ؟!
(٢)
چ شەوێک بوودار و دیوار و پەنجەرە و پەردە نووستوو
تەنیا خەمێک خەو لێ زڕاو بەخەبەر بوو
لەنێو پێخەفی ئازارا ئەتلایەوە
دەستی لەنێو قژیان ون بوو
چەن تلی دا و باڵنجەکەی ژێروڕوو کرد
خەو هەر نەبوو
بەیان خۆی کێشا ژوورەکەی
دەستی بە ڕوومەتیا هێنا
بەئەسپایی برووسکەیەکی ئاشنای
لەسەر باڵنجەکەی دانا
(٣)
«ڕێز و سڵاو...لەبیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە
سووچی پەردەکەت لابدە و
لەپشتی پەنجەرەی دانە
ئەمشەو منیش هەر لەو ساتەی هەمیشەدا
دێمەوە بەر پەنجەرەکەت
هەر بەو سۆزە لە حەیرانێ ئەچریکێنم
دار و بەردی کۆڵانیش بە خەبەر دێنم
لەبیرت دێ، پێشتر،... زۆرتر،
بەر لەو کاتەی لە دوا ژوانگەی هەنگوینی نیگاکانمانا
وەکوو تیری نێو تاریکی
لە پشتەوە بمانپێکن
چۆن چۆنی دەستت ئەهێنا بە سەر قژی خەونەکانما
دەستی تەنیاییت ئەگوشیم
ئەی شاژنی وڵاتی خەم و پەژارە
ئەی تەواری سەوداسەری ڕووناکایی
لەبیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە
کۆرپەی بێئارامی تاسەم،
بە چیرۆکی هەمیشەییت بلاوێنە.»