بڵێن پێم ئەی ڕەفێقان سینەکەی پڕ خاری من چۆنە

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 2 خولەک  1041 بینین
بڵێن پێم ئەی ڕەفێقان سینەکەی پڕ خاری من چۆنە
لە خوێنی دڵ تکەی فرمێسکی وەک گوڵزاری من چۆنە
نەتیجەی ساڵەها ناڵە و فەغان و زایەڵەم چی بوو
نیشانەی سەبری بێبەر، دۆستی بێ ئیقراری من چۆنە
لە نەخڵی ئارەزووم حاسڵ وەکوو خورمایی بووجەهلە
ئەمن گەنجم لە دەس چوو، ئیشی گەستەی ماری من چۆنە
لەژێر باری غەما خەم بووم، لە دڵشادی ژیان مەحرووم
لەپێ کەوتم خودایا ڕەحمەکەی سەرداری من چۆنە
کوجاری دووکەڵاوی، جێ هەواری خێڵی غەمبارم
بڵێن ئێوە بن و یەزدان گەوهەری شەهواری من چۆنە
ئەمن قاژە ڕەشەی سەر بەردی تاریکەشەوی هیجرم
بڵێن تاووسەکەی سەرمەستی خۆش ڕەفتاری من چۆنە
شەوی هیجرانە، کاتی بەزلی ڕۆح و هەستی و گیانە
فەڵەک تیرت لە دڵ چێ سا بڵێ یارغاری من چۆنە
لە بەزمی میحنەتا زەهراوە بێ ئەو ساغەری عەیشم
دەریغا دیدەمەستی خوێنخۆری خەمماری من چۆنە
هەسێرەی ئەوجی سێهەم، سەعدی عوزما، کانی دڵشادی
درەخشان نووربەخشان هۆی هەرا و هاواری من چۆنە
شەکەرلەب، زەهرهیجران ڕەنج و ڕاحەت مەینەت و خۆشی
نیشانەی وەسڵ و فیرقەت دڵبەر و دڵداری من چۆنە
لەگەڵ ئازاری عومرێکە کە من هاومل کرام تاهیرناسناوی ئەدەبی
دەریغ نەمزانی ئەو یارە لەگەڵ ئەغیاری من چۆنە