کۆتاییی داستانێ

بۆ شەهید غەریب هەڵەدنی
لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  1446 بینین
دژوار ژیا و سانا کوژرا.
یەک لە دوای یەک
بەناو زنجیرە دۆزەخ و گەلیی خوێن و
مێژوویەکی بەردەڵان و
کاروانسەرای ترس و بیمدا
بەناو مردنێکی چڕدا
ڕۆی تێپەڕی و لەو سەرەوە
وەک هەتاوێکی کاکۆڵ سوور
هاتە دەرێ.
یەک لە دوای یەک
چووە گەرووی مەحاڵەوە.
چووە قوڕگی ئەژدیهاوە.
چووە گێژەنی ژەهرەوە و
چووە ناو سکی بەردەوە و
لەو سەرەوە
وەک گژوگیای دەم بەخەندە
هاتە دەرێ.
سەخت ژیا و
ئاسان کوژرا.
یەک لە دوای یەک
خۆی کرد بەناو
کونەدار و کونە گورگ و
کونە مەرگا و
توونی بابا و ئاوی ئاموونی ئەنفال و
دوای ئەنفالی هەمووی بڕی و
دیسانەوە لەو سەرەوە
وەک گەرداوێکی تەوێڵ سەوز
هاتە دەرێ.
دژوار ژیا و
سانا کوژرا!
بەرد ئەزانێ.. پیرەمەگروون کۆڵی دابوو.
«با» ئەزانێ.. ئەژنۆی چەرماوەند ئەلەرزی.
خۆر ئەزانێ.. هەتاو لە ترسا خزابووە ئەشکەوتەوە.
عەرد ئەزانێ..هەر لە ترسان
باران لێزمەی تەرک کرد.
هەور چەخماخەی تەرک کرد.
ڕەشەبا گڤەی تەرک کرد.
کێوان دەستیان بە کڵاوی لوتکەوە گرت
- هەتا بەعس نەیفڕێنێ -
لەو دەمەدا و لەبەر باهۆزی ئەنفالدا
کێ ڕای نەکرد ؟!
لەو دەمەدا منیش سەرم لە ئەوروپا و
کلکی شیعرم لە ئێراندا تۆزی ئەکرد!
لەو دەمەدا.. ئەو دەستانەی ساتە وەختێ
لە دەستەکانی کوردستان نەبوونەوە
لە عیشقی ئاوو منداڵ و
لە عیشقی مەل و درەخت و
لە عیشقی خاک و هەژاران
چرکەیەک جوێ نەبوونەوە
دەستەکانی «غەریبی هەڵەدنی» بوون!.
دژوار ژیا و
سانا کوژرا!.
تۆڕی سەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ورەیەی بۆ نەگیرا.
ئاگری سەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ئەوینەی پێ نەسووتا.
ژەهری سەدام.. هەرچەندی کرد
ئەم ڕووبارەی پێ نەخنکا
گوللەی سەدام... هەرچەندی کرد
ئەم پڵنگەی بۆ نەپێکرا.
کەچی ڕۆژێ
ڕۆژێکی هێمن و سادە
ڕۆژێکی خۆش
بێ تەم، بێ ژەهر، بێ سەدام
لە تەختایی ئازادیدا
لە نەرمانیی ئازادیدا
چەقۆیەکی دەستی خۆمان
چەقۆیەکی ماڵی خۆمان
بە سانایی سەری بڕی
تف
لە خۆمان!!