لە ناو قەفەزێکەوە

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  1007 بینین
خەمم مەستە و خومارە چاوی تەنیاییم
لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی
تووڵ ئاوریشمی ئەم «باڕ»ەدا
نیشتمانێکی ئاوارەم..
لەسەر کورسیی خۆرنشین و یاد دانیشتووم.
«بادە»یەکی ڕەنگ کەلەپۆ بە پەرداخێ
هێور.. هێور، گڕێکی سەوز، بەرئەداتە
پووشووی هەستم.
بادەیەکی ئەرخەوانیی:
«سەر»ی کردووم بە دەریاچەی
بەر بارانی ڕەنگاوڕەنگ و
بیرەوەریشم بە کەشتی.
لە هەر کوێوە تێم بڕوانی: بەندەرێکی تەماویم و
هەر تەنیایی لەسەر ڕۆخی تەڕی گیانم دائەبەزێ و
هەر تەنیاییش لەگەڵ چارۆگەی خەیاڵما
هەتا ئەودیو سنووری ئاو بەڕێ ئەکەم.
لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی
ئەم باڕەدا، هێشووی دارمێوێکی ژانم
بەسەر حەوزی پڕ لە ماسیی زەرد و سووری
خەونەکانما، شۆڕ بوومەوە..
لەولایشەوە، دەستە زەردەکانی پاییز
پەنجەی ڕەقەڵە و درێژی، دەنک..دەنک
لە تەمەنم ئەکەنەوە.
ئا لەم گۆشە شین باوەدا
من گریانێکی گرمۆڵەی تاراوگەم و
بادەی کڵپە ئەخۆمەوە!
***
- ئێوارەت باش
- ئێوارەت باش..
ئەی تاڤگە قژ زەردەکەی «ستۆکهۆڵم»!
ئەی کیژۆڵەی: لە نۆبەرەی یەکەم ڕێواس ناسکتر و
لە پوونگەی ناو گوڵەزەردی
لێوار کانیش، بۆن خۆشترم!
«سەر مێزەکەی پاک کردەوە و پەرداخێکی تری دانا»
وەک لە خەونێکی ڕابووردووی شیعرەکانما
ئا ئەم فریشتە سپییەم، دیبێت وایە.
وەکوو زووتر خۆم لە ئەستێرکی پرشنگی
ئەفسووناویی ئەو چاوانە هەڵکێشابێ وایە، لە کوێ ؟!
لە کوێ ؟! لەکوێ ؟!..
لە «باڵەک» بووم، لە بەرچاوی دارستان و
باڵندەکان دابوومە کێو
گرفتاری عەشقی بەرد بووم.
هەگبەیەکی نان و شیعرم بە کۆڵەوە
هەورازێکی دڕم ئەبڕی
ڕەشماڵێکی دوور ئۆخژنی
تێزانە ناو چاوانمەوە.
لەسەر ترۆپک. کزەبایەک دای لەسەر و ملی داغم
خۆم بووم بە مێرگی کازیوە و
حەرفەکانی ناو هەگبەیشم بوون بە شەونم
من گەیشتمە بەر ڕەشماڵ و
هەر ئەم پەرییە بوو دەرکەوت
لەو وەختەدا درەختێکی تۆزاویی بووم
ئەویش ئاوێنەی گۆمێکی مەکس و ڕوون و
تیا حەپەسام!
- دیارە ماندوویت ؟!
"مێخێکی تری دەوار بووم.. بە عیشقەوە داکوترا بووم،
شیعرێ بووم لاڵ.. چی ئەبینم ؟!"
ویستم بۆ ئەو مانگەشەوە
ببم بە ڕووباری وشە.. نەم ئەتوانی!
ویستم دەنگم، گەرووم.. بکەم بە هێلانەی
ئەو کۆترە شینکانەی چاوی.. نەم ئەتوانی!.
زوبان وەکوو قەڵەمێ بێ و لێم ون بووبێ.. بۆی ئەگەڕام!
من ڕەق بووبووم
بووبووم بەدار قەزوانێکی تری دەوری هۆبە و ڕەشماڵ.
- دیارە ماندوویت.. گەلێ ماندوویت ؟
- وەکوو ئەسپێکی زۆر شەکەت!
«ئەو پێکەنی»
ئەمە پێکەنینی بەفرە ؟! یان کوردستان
- تینووت نییە ؟!.. ئەی دۆت ئەوێ ؟!
- هێندەی چەمی وشکی دامێنی ئەم شاخە
من تینوومە!
«جارێکیتر پێکەنییەوە»
ئەمە تریقەی کانییە ؟!
یاخود قاقای دار سنەوبەر ؟!
-هۆ.. هۆ کاڵێ.. کچێ کاڵێ!
ئەوە مردوویت ؟! وەرە بە لای
ئەو بەرغەلە شێتانەوە!
(دەنگی قرخی پیرەمێردێ
لەودیو هۆبەو ڕەشماڵەوە
مانگی قژ زەردی داچەڵەکان.
کاسە دۆکەی دایە دەستم و ڕۆی تێپەڕی و
وەکوو، هەورێکی سەرگەردان خۆم مامەوە!)
ئەمە هەر هەمان قەڵبەزە قژ زەردەکەی
لای باڵەکە ؟! جارێکی دی ئەڕژێتەوە نێو خەونی من ؟!
ئەمە هەر هەمان شەمامەی دار هۆنراوەی
ئەو جارەیە.. لە ئازارما ئەڕوێتەوە جارێکیتر ؟!
ئەمە گمەی هەمان ئەوینی سپییە
هاتۆتەوە و کونەشاخی غەریبیمی،
کردۆتەوە بە هێلانە؟!
ئەمە هەر هەمان کزەبای
دەنگ و ڕەنگی ئەو جوانەیە
لە دەربەندی ئەفسانەوە
هاتۆتەوە و ئەداتەوە
لە کەڵە پشکۆی ئەم «سەر»ەو
ئەمکاتەوە بە بارانی گوڵاڵەی تر؟!
ئەمە هەر هەمان شمشاڵە
کە زامەکانم ئەیژەنی؟!
هەمان هێرۆی سەر لق سپی بەر ڕەشماڵە؟!
هەمان کوێستانی گۆرانیی؟!
وا لە گۆشەی شین باوەوە
لە نێوان تووڵی ئاوریشمی
ئەم قەفەزە زیوینەوە
کڵاو کوڕڕەیە قەڵەمم و.. سەیری ئەکەم.
ئەو پێستە بەفرە ژیلکەیە و
وەردی هۆنراوەی سپییە و
منیش هەر چینەی تیائەکەم، سەیری ئەکەم
وەکوو شەقامی بەرباران
من تەماشام ئێستە تەڕە و
زەردەخەنەی کراس زەردی
«کاڵێ»ی ئێرەی پێدا ئەڕوا.
من ڕەشماڵی خەیاڵێکی فێنکی ئەم گۆشە شینەم
هەموو جارێ لە بوولێڵدا «کاڵێ»ی باڵەک
ئەبینمەوە، بووە بە گوڵ ئەستێرەیەک
بازن لە دەست، دێت و سەرێکم لێ ئەدا!.
من ئەو باڵندە غەریبەم
ئازادیم وا لەم قەفەزە شین باوەدا.
هەموو ئاسۆی هەڵفڕینم
لە دوو چاوی جوانێکدایە و
هەرچی ڕووبار و زەریایشمە
وان لە تاقە پەرداخێکدا!..