زەرفی تابوت

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  506 بینین
تۆ هەورت نارد
باراننامە بداتە دەست
ئەم کاروانسەرای غوربەتەم.
تۆ گوڵت نارد
باخچەنامە بداتە دەست
ئەم بیابانی غوربەتەم.
تۆ تیشکت نارد
گزنگنامە بداتە دەست
ئەم تەم تومانی غوربەتەم
بەڵام لەناو سلۆپیدا
بەیانییەک لەسەر شەقامی ئەتاتورک
هەوریان کوشت و
گوڵیان کوشت و
تیشکیان کوشت و
لە دواییشدا
سێ زەرفەتابووتی خاڵی و
خوێناوییان دایە دەستم!