بەردەوام خۆشەویستی

لە کتێبی:
مێرگی زام مێرگی هەتاو
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  1260 بینین
بە پەلکە گیایەک ئەنووسم و
دارستانێک
ئەخوێنمەوە.
دڵۆپێ باران ئەبینم
گوێم لە هاژەی
زەریایەکە.
دەنکە گەنمێ لەسەر دەستمە و
خەرمانێ وا
لە گیانمایە!
تاڵێ قژی یارم پێیە و
خۆشەویستیم
لە پاڵدایە.
من ئێستاکە
یەک دێڕ شیعری نالیناوی تایبەتم لایە و
کوردستانناوی تایبەتم
لەگەڵدایە!