سەد شوکر ئیمشەو کە ڕەیحان ساقیی مەیخانەیە
لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
2 خولەک
540 بینین
سەد شوکر ئیمشەو کە ڕەیحان ساقیی مەیخانەیە
هەر کەس ئەیبینێ بە نازی چاوی ئەو دێوانەیە
سەیری باڵای بەرز و جوانی میسلی سەرو و عەرعەرە
قومری ئاسا، لەنجە شیرین، بولعەجەب جانانەیە
بولبولی دڵ ئینتیزاری عەتری غونچەی دەمیەتی
خاسە هەر ڕەیحانە بۆنی وەک گوڵی ڕەیحانەیە
نەک بە تەنها هەر منی خستۆتە داوی پەرچەمی
سەد هەزارانی وەکوو من وێڵی ئەو کێوانەیە
تا بڵێی شیرینە ڕەیحان خاڵ و زوڵف و پەرچەمی
زوڵفی داوی عاشقانە خاڵی کوڵمی دانەیە
هەر کەسێ پابەندی عەشقی ڕوویی بوو مەنعی مەکەن
عالەمی دونیا سەراپا مەستی ئەو چاوانەیە
شیلان بە سەریا گەر بە ڕیز دێنێتە خوار
عالەمێ ئەمرێنێ فەورەن بەو سەر و لەرزانەیە
لازمە ئێستە بۆ گەردن ئاهو باجی بۆ بەرن
هەر لەبەر جوانی سەروپێچی کە پڕ گەردانەیە
سینەکەی باغی بەهشەتە پڕ لە نارنج و بەهێ
پێی کە سافە وەک بلوورە لائیقی پاوانەیە
عالەمێ بێ ڕۆح ئەکا وەختێ کە خۆیی ون ئەکا
دیارە ڕۆژی تیا نەبێ دونیا وەکوو وێرانەیە
قەت مەکەن لۆمەی ویساڵیناسناوی ئەدەبی خزمەتی ڕەیحان ئەکا
وا لە دەوری شەمعی کوڵمی قەلبی وەک پەروانەیە