جیهان بووکێکە موهریشی جەفایە
لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
4 خولەک
836 بینین
جیهان بووکێکە موهریشی جەفایە
بە غایەت حیلەباز و بێوەفایە
هەموو عالەم دەزانێ بێ بەقایە
دەزانێ وایە دەشڵێ ئاشنایە
تەماشا قەول و فیعلی ناموافیق
بە ئەمری پادشاهی حەییی بێچوون
شەهی ئیسلام و کافر و هەرچی بوون
لە گەنج و موڵکی دنیا بێبەری بوون
چ نەمروود و ج فیرعەون و چ قاروون
لەگەڵ گورگی زەمانە موتتەفیق بوون
لە گەڵ تۆمە جیهانی بێ بن و سەر
لەگەڵ مادوون و لۆتی بووی بە هەمسەر
خۆیان پیاداوی کیهتەر، تاکوو میهتەر
کەیوومەرس و جەم و دارا و ئەسکەندەر
هەموویان مێردی تۆ بوون کۆنە ماکەر
برا پیر بووی، بەسەرچوو عومری لاوی
بەسە تا کەی پەرێشان و بڵاوی
دەمی ئاخر ئەزانی بەشبڕاوی
قەفەس دنیایە، ئێمەش کەو لە ناوی
بەدەس خۆمان نەبوو کەوتینە داوی
نەماوە ڕاحەت و ئارامی جانم
چەماوی دەستی جەوری زەمانم
بەدائیم چون لە مردن بێ ئەمانم
بە دانە و ئاوی خۆش دڵ نیم ئەزانم
وەکوو ئەمسالەکان ئەمکا قوڕاوی
مەکە باوەڕ بە وەزعی چەرخی دەوران
جەم و ئەسکەندەر و دارا و سولەیمان
بە یەک زەربە هەمووی کردن پەرێشان
برا دنیا وەکوو بووکێکە خەندان
تەڕ و تازە و جوان و شۆخ و ئەلوان
دەمێ شادت ئەکا دنیا بە کەیفی
لەناکاو ئەتکوژێ ئاخر بە سەیفی
کە نەیگرت تاکوو سەر ئیکرامی زەیفی
وەلی مەعلوومە زاواکوژە حەیفی
لە سینەیدا بە سەد کیسرایی و خاقان
لەبۆ دنیا خەلایق وەک هەلووکە
هەزاری کوشت ئەم دنیایە چرووکە
ئەوێستاش هەر خەریکی نووکە نووکە
لە پێش چاومان زەمانە مسیلی بووکە
سپی و سوور و مولەووەن وەک گوڵووکە
لەبۆ باغی دیانەت عیلمە پەرژین
بەبێ عیلم و عەمەل قەت نابێ تەئمین
خەریکی مەعریفەت بەو کەسب و زانین
چرایێکە عیلم، بێ نەوت و بەنزین
ئەکا هۆدەی دڵت ڕووناک و ڕەنگین
عیلم دوڕڕە، عەجەب ساحێب جەلایە
کە عیلمت بوو دڵت ساحێب سەفایە
عیلم ئەسبابی عیرفان و حەیایە
دەوامی هێندە زۆرە ئەو چرایە
هەزار ساڵیش ئەبێ شوعلەی لەدوو ژین
ڕەفیق بە بۆ کەسێ عالی نەژادە
لەگەڵ جەهلا هەموو عومرت بە بادە
کە عیلمت بوو دڵت مەسروور و شادە
هەتا خەرجی بکەی دەخڵت زیادە
عەجەب گەنجێکە نابینم زەوالی
دەخیلە فرسەتە مەردانە هەستن
هەتا کەی غافڵ و بێهۆش و سستن
بە یەک دەفعە هەموو دنیاپەرستن
ئەوانەی ژووردەست و ژێردەستن
لە عەشقی بووکی ئەم دنیایە مەستن
موعانید هەر کەسێ بوو مەیدوێنن
ئەوی دوژمن ئازا بیمرێنن
مەبادا وابزانن هەر ئەمێنن
خەریک بن، جوملە تەنها بیستێنن
لە تاوا نییە پەلی یەکدی دەبەستن
ئەگەر غەیرەت ببوایە و نووری عیرفان
هەموو یەک دڵ ئەبوون، یە ک زات و یەک جان
نەی ئەتوانی عەدوو گەر بێتە مەیدان
ئەگەر پشدەر میسالی جاری جاران
ڕەئیسێکی ئەبوو بێ فەرق و نێوان
لە هەر لا دەنگی تار و ڕوباب بوو
دڵیش مایل بە مەیخانە و شەراب بوو
لە دنیایی دەنی عالەم غوباب بوو
لە هەر جێگا دوو کەس شاب و خراب بوو
لەنێو کوردان هەزاریش پادشایە
جیهان بووکێکی بێ شەرم و شکۆیە
عەجایب سیحرباز و حیلەجۆیە
مەخۆ تەفرە لەبۆی ساحێب درۆیە
تەمەع زاڵێکە بەتنی پڕ درۆیە
کە مارەی کەی درۆ ئەولادی تۆیە
نەچی دەرچی لە ڕەسمی حاتەمییەت
مەپۆشە قەت لیباسی ماتەمییەت
مەبە خاریج لە لیسەی عالەمییەت
نەبی غافڵ لە پیشەی ئادەمییەت
نەکەی تەعلیمی نادانی وەکوو جاف
بەبێ زانین هەموو کارت هەبایە
بەبێ عیرفان دەروونت بێ سەفایە
کە جاهیل بی وجوودت بێ بەهایە
بەزایع دانی ئەوقاتت خەتایە
نەکەی تەنپەروەری بۆ جان، جەفایە
هەتا دونیا بە چاکی سەوز و شینە
لەسەر ڕێی مەسڵەحەت پێی خۆت ببینە
کە ڕیسوا بووی ژیانت وەک نەژینە
برا، ئەرزی خودا پان و بەرینە
فەقیر و شا لەنێویا خۆشەچینە