وەرن یاران تەماشا کەن لە ئەحواڵی پەرێشانم

لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 2 خولەک  995 بینین
وەرن یاران تەماشا کەن لە ئەحواڵی پەرێشانم
عەجایب زەرد و ڕەنجوورم لە حەسرەت نووری چاوانم
دڵی میحنەت زەدەم ئەمرۆ بە دەردی عەشقەوە فەوتا
مەگەر تۆ بی بە خێری خۆت، ببی جانا بە لوقمانم
برینم زۆر بە ناسۆرە، هەتا ئەمرم دەوای نایە
ئەگەر ڕەحمت هەیە نەختێ، بدە خۆراکی دەرمانم
هەتا ماوم لە دنیادا، ئەمن شەرتە لە عەشقی تۆ
نەبم غافل سەعاتێ تۆش بکە ڕەحمی بە فوغانم
وەکوو یارێکی موشفیق بی، بپرسە جارێ حاڵی من
ئەزانی چونکە من بۆ تۆ میسالی پیری کەنعانم
ئەبێ جورمی ئەمن چی بێ، بە دوو زنجیری زوڵفانت
تەنافت خستە سەر ملی دڵی مەئسوور و سوڵتانم
شەو و ڕۆژ من بە غەیری بە کوللی نابینم هەمدەم
دەبێ یا ڕەب هەتاکەی وا، موقیمی کونجی ئەحزانم
کە تۆ فەرمووت وەرە عەبدی منی مل کەچ بە ڕاستەوە
دەسا فەرموو چییە حۆکمت؟ ئەمن وەک بەندی زیندانمی
لە خەوفی ئەژدەهای زوڵفت نییە ڕێی گەنجی ڕوخسارت
وەرە لەم ترسە ڕاهیم کە، کە تۆی مووسایی عیمرانم
مەتاعی سەبر و ئارامم بە بەرقی هیجری تۆ سووتا
دەسا وا فەسڵی ئیحسانە، منیش واجب بە ئیحسانم
ویساڵیناسناوی ئەدەبی بۆیە وەک سائیل هەموو دەم وا لە دەرگایە
ئەڵێ هەر چاکە گەر جارێ، قبووڵم کا کە دەربانم