غەیری خوا هەڵناگرێ مەعلوومە شانی کەس لە ناس

لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 2 خولەک  742 بینین
غەیری خوا هەڵناگرێ مەعلوومە شانی کەس لە ناس
لەم زەمانە بۆ خەلاییق بێتە جێگەی ئیلتیباس
میسلی ئەهلی مەکتەبی ئەم عەسرەی ئێمە یا ئیلاهـ
تاکوو ماوین ڕێی هیدایەت ون نەکەین وەک قەلبی قاس
چەن بە دین بوون سەیری مەئمووری سەلاتینی سەلەف
دائیمە خزمەتگوزاری ئەهلی عیلم و خواشناس
نەگبەتی ئیسلامە مەئموور ئێستە بوونە فەرمەسۆن
پاکی غەددار و حەرامخۆر و عەبووس و خوانەناس
هەر چی ئەیینی شەرابخۆرە، هەموو دوژمن بە دین
لای ئەوان ئەم دینە جوانە هیچ و پووچە بێ ئەساس
سا خودا ڕەحمێ بکا دەرچین لەناو ئەم فیترەتە
نەک بمانبێ ئاخری بەم زاڵمانە ئیلتیباس
کوردە لای خۆی بوو بە مەئموور، قۆرەکەی لێ ون ئەبێ
فکری نامێنێ بە کوللی، مەسئەلەی هەمزە و هەباس
نابەڵەد بووم ئەهلی لوجنە، مەدحی چاکم کردبوون
نەمدەزانی بیل عمووم، نائەهلن و هەم ناسوپاس
تووتنی سێوەنگ برنجی، یەک دوو بارێکم هەبوو
عاقیبەت بردمە قەزا و کەوتم لەوێ بێهۆش و کاس
چەند زەمانێ لەو قەزایەی پڕ قەزا من مامەوە
کەس نەبوو گەر بێتە لام و لێم بپرسێ باس و خواس
موختەسەر تا حەفتەیێ ئەموت بەوان فەحسی بکەن
هەر دەیانگوت بێ قەزا بی، ئیمڕۆ نیمانە حەواس
تووتنەکەی منیان بە ئەولا بۆیە دانا، لا ئەوان
بێنموود بووم، چون مەلا بووم، ڕووت و قووت و بێ لیباس
کاکە هەر بەدبەختی خۆمە چاکە عەیبی کەس نەڵێم
حەق تەعالا مەیلی وایە، بۆیە وایان کرد قیاس
دۆشەکە و قاڵی لەگەڵ لێفەی حەریر با هەر نەبن
سەد شوکر گەر خوا بمانداتێ جاجم و بەڕڕە و پەڵاس
هەر چی خوا نەیکا بە قیسمەت ماڵی دنیا نامەوێ
قیر و سیا منداڵ نیانە کەوش و جامانە و کراس
نانێ خوا نەیدا بە تۆ، تۆ غەمی قەت بۆ مەخۆ
مننەتی ئەو دائیرەی لوجنە بە ڕەئسی کاکەلاس
ئەی ویساڵیناسناوی ئەدەبی غیرەتت لێ قەت پەنا بۆ کەس مەبە
هەر لەگەڵ یادی جەنابی باری بگرە ئیستیناس