حەمد و سوپاس و شوکر و سەنای زۆر

بەشارەت نامە
لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 8 خولەک  904 بینین
حەمد و سوپاس و شوکر و سەنای زۆر
بۆ زاتی پاکی خودایی غەفوور
زانایی ڕازی ئاشکرا و پەنهان
بۆ مەخلووقی خۆی ڕەحیم و ڕەحمان
هەر بە ئەمری ئەو عالەم بوو زهوور
هەر ئەبێ و ئەڕوا هەتا نەفخی سوور
بڕژێ بە زۆری سەلات و سەلام
بۆ سەر محەممەد، سەیدولئەنام
بۆ سەر ئال و بەیت ئەسحابی ڕەنگین
هەم بۆ تەواوی زومرەی تابیعین
هەم بۆ عولەما و ئەولیایی دین
بۆ باقی ئوممەت زومرەی موسلمین
ڕەزا و ڕەحمەتی خودای عالەمین
لەبۆ ئێمەیش بێ و لەوان ئەجمەعین
ئومێدم وایە پادشای کەریم
ڕەحمەت بنوێنی بۆ زومرەی ئەسیم
بە ئاوی ڕەحمەت بشۆرێتەوە
خەتتی گوناهمان ڕەش ببێتەوە
بدرێتە دەستی ڕاسمان لە مەحشەر
نامەی عەمەلمان بە بێ دەردی سەر
ئومێدم وایە خودای عالەمین
لەبەر خاتری محەممەدئەمین
لێمان خۆش ببێت عەفوومان بکات
بە باغی جەننەتی شادمان بکات
وە بەعد لەپاش سەنای بێکەران
بۆ زاتی پاکی خودایی سوبحان
بێینە سەر باسی کردەوەی دەوران
چلۆن عالەمی کردووە سەرگەردان
مین جوملە یەکێ وەک منی هەژار
چی کرد لە گەڵما چەرخی کەچڕەفتار
ئیتر تەماشا نەک بە تەنها من
هەزاری وەک من کردی سەروبن
لەسەر یەک حاڵەت قەراری نییە
دەمێ بۆ هیچکەس مەداری نییە
گاهێ پێت ئەدات تەختی سەڵتەنەت
گاهێ لە ناکاو ئەتخاتە زیللەت
گاهێ بە بەڵا ڕەنجوورت ئەکا
گاهێ بە خەڵات مەسروورت ئەکا
مین جوملە وەک من لە بەینی پێشوو
گیسکێکم هەبوو لەناکاو ون بوو
زۆری بۆ گەڕاین لە کێو و نزار
زاتی گیسکەڕەش هیچ نەبوو دیار
ئاخر دەسمان لێ هەڵگرت بە عام
زۆرمان شوکر کرد بۆ خوای لایەنام
خۆلاسەی کەلام گەلێکی پێ چوو
بێ ناو و نیشان گیسکەڕەش ون بوو
کە چی لەناکاو ڕۆژێ زەلامێ
موژدەی حەیاتی گسیکەکەی دامێ
زۆر دڵم خۆش بوو هەر وەکوو بولبول
یەکێ بۆی بێنێ ناگاهـ موژدەی گوڵ
وەختێ زانیمان گیسکەڕەش ماوە
خۆشیمان ناو کەوت لە هەر چوار لاوە
نەتیجە ڕۆژێ خۆم چووم بۆ گەنکێ
کاری گیسکەڕەش کە بکەم یەک ڕێ
وەختێ کە مەجلیس گیرا بۆ قسان
باسی گیسکەکەم هێنایە مەیدان
عاقیبەت حاجی مەحموودی ڕووگەش
فەرمووی لای منە زاتی گیسکەڕەش
فەقەت لێی گەڕێ جا با لێرە بێت
تا بە ئارەزوو لە گیا تێر ئەبێت
ئەمجا هاتمەوە بە کەیف و سروور
خێرم لەبۆ کرد هەر چی بوو مەقدوور
زۆری پێ نەچوو شەخسێ بێ حەیا
خەبەری فەوتی گیسکەکەی هێنا
پێی گوتم قوربان تۆ نەتبیستووە
زاتی گیسکەڕەش فەوتی فەرمووە
شەخسێ لەلای من قسەی کردووە
وا جەنازەکەی لەوێ کەوتووە
دایان نەکردبوو بە سەرما کوشتیان
گەنەکەیی کردیان بە جەژنی سەگان
فەوتی گیسکەڕەش کە بۆم مەعلووم بوو
دڵم لە شادی و خۆشی مەحرووم بوو
لە داخا وەکوو یەعقووبی کەنعان
کە یوسفیان برد خستیانە زیندان
ئەو چون دوا یووسف ڕووی کردە گریان
فرمێسکی ئەڕژان وەک تاوی باران
منیش وەک یەعقووب جەرگ و دڵ بوریان
وەکوو باب مردوو بە ناڵە و ئەفغان
ئیتر بەجارێ جەرگ و دڵ و لەش
پارە پارەی کرد فەوتی گیسکەڕەش
پاشان هەموومان شینمان بۆ گێڕا
حەسەب ئەمری شەرع تەعزیە بۆ گیرا
وەفاتنامەمان بۆ نووسی بە گەل
بە تەئریختەوە کرا موسەججەل
وەفاتنامەکە چاک هۆنراوەیەوە
زۆر لە مەجلیسدا ئەخوێنرایەوە
ئاخری خوێنی گیسکەڕەش برا
یا لە جنسی خۆی یا حەق و بەها
مەجلیس و کۆمەڵ وا قەراریدا
خوێنی گیسکەڕەش بکەن جێبەجا
تا زوو جێبەجێی بکەن درەنگە
نەوەک نەمێنێ دنیا بەم ڕەنگە
لە حاجیم وەرگرت تەئمیناتی تام
خوێنی گیسکەڕەش بکەن سەرەنجام
ئەمجا هاتمەوە بۆ دێکەی خۆمان
دانیشتین بە جەم هەتا سێ ڕۆژان
تەعزیەی گیسکەڕەش کە خاتیمەی هات
کردمان شوکری خوای ئەرز و ئاسمان
زۆری پێ نەچوو بە لوتفی سوبحان
لە ناکاو شەخسێ هەر وەکوو مەردان
وەختی ئێوارە مژدەی بۆ هێنام
غەم مەخۆ سوپاس بۆ خوای لاینام
زاتی گیسکەڕەش بۆ خۆی هاتەوە
زۆر بە حورمەت و بە خەڵاتەوە
لە هەر ماڵێکا بووە گیسکەڕەش
لە دەرد و بەڵا خوا بیکا بێبەش
تا زەمانێ دوو یاخوا ئاوا بێت
دەرگای ڕەحمەتی خوای لێ گوشا بێت
موبتەلا نەبن بە ڕەنج و ئازار
هەر لە خۆشیا بن سیغار و کیبار
ئیحتیاج نەبن بە پیاوی لاسار
قەت بە فەقیری نەبن گرفتار
مەحفووز لە فیتنە و بەڵای ڕۆزگار
بینا بە خاتری ئەحمەدی موختار
خۆشی و بەشارەت وا کەوتە ناومان
وەک دەرهاتنی یوسف لە مەیدان
کە چووم گیسکەڕەش وا لەنا و داڵان
دانیشتووە عەینەن هەر وەک خەرامان
هەر وەک قەمەرناز بە ناز و عیشوە
جار جار بە نازۆ لێوی ئەبزوا
منیش تا توانیم زۆر بە ئیحتیرام
بە حەیا و ئەدەب لە دوور ڕاوەستام
گوتم گیسکەڕەش بە خێر بێتەوە
خۆ تۆ مردبووی زیندوو بوویتەوە
وتی حەقیقەت خەریک بووم بمرم
بە جووت دەستانم بە گونانت بگرم
ئاخری وەک خەلیل کە خوا ئەمری کرد
لە بۆ سەربڕین ئیسماعیلی برد
بۆی پارانەوە هەموو کائینات
تا مەلائیکەی ئەرز و سەماوات
کوورەی ڕەحمەتی خودا جۆشی خوارد
بە لوتف و کەرەم خوا فیدیەی بۆ نارد
بۆی هات بەرانێ لە بۆ سەربڕین
بۆ فیدیەی کوڕی لە خولدی بەرین
کە سەری بڕی حەزرەتی خەلیل
ئەو کەبشە چاکە بە ئەمری جەلیل
ئەو جا ئیسماعیل لەو بەڵای موبین
زوو نەجاتی دا ڕەبۆلعالەمین
منیش هەروەها خودا ڕەحمی کرد
دەرگای ڕەحمەتی لە من گوشا کرد
ئەو گیسکەڕەشە کە لە گەنکێ بوو
بە خەیاڵی تۆ خێری نەنکێ بوو
خوا بۆ فیدیەی ئەو منی دانا بوو
ئەو مردوو شوکر من نەجاتم بوو
تەمەننا ئەکەم خوا بە ڕەحم ببێت
بۆ مەخلووقی خۆی زۆر بە کەرەم بێت
سەیری ئەو حوکمە ها بە لایەوە
کەوا لە نەبوو منی دایەوە
ویساڵیناسناوی ئەدەبی ئەبێ تۆ هەتا ئەمری
مل کەچ بی و موتیع دائیم بۆ ئەمری
چونکە هاتمەوە سەربەست و ئازاد
ڕەنجی پێشووی تۆ خوا نەیدا بە باد
ئەبێ دەعوەتێ بکەی جێبەجێ
لە بۆ ماقووڵ و ناماقووڵی دێ
لە ڕۆژێکی خۆش هەتاوو هەستاو
وە ئەهلی نەبن بەجارێ بڵاو
کەللەیێ شەکر و ئەلیدرەم چا
قەراری بدە بۆ سەیری سارا
لە جێیەکی دەشت سەوزە گیابێ
ماست و کەرە و هێلکەی تێدا بێ
بە شادیانەی گیسکەکەی مەلا
ڕۆژێ ڕابوێرین بە سەیر و سەفا
بە کوێری چاوی هەموو نەتەوێ
بەزمێ بگێڕین بەزم خوسرەوێ
هەتا ئێوارە لە بۆ گیسکەڕەش
کە لە گیای بەهار خوا نەیکا بە بێبەش
ئەلحەمدولیلا گیسکەڕەش نەمرد
لە دورد و بەڵا خوا مەحفووزی کرد
بە سەلامەتی خۆی هاتەوە ماڵ
ماڵ و مناڵی هەموو کرد خۆشحاڵ
برا من و تۆ هەر چییە خەیاڵ
موقەددەری خوا زوو ئەیکا بەتاڵ
ڕاستت پێ بڵێم برای پڕ کەماڵ
خوا نافەوتێنی ئەموالی حەڵاڵ
باقی وەسەلام ئەی برای عەزیز
هەرگیز لامەدە لە ئەهلی تەمیز
خۆت لە شەللاتی و بێ حەیا لادە
تا لە گەڵیان بیت ڕەنجت بە بادە
ئەی برای بەڕێز گوێ لە نەسیحەت
بگرە بە کار دێ لەبۆ قیامەت
ویساڵیناسناوی ئەدەبی غایەی هەر نەسیحەتە
گەر بیگریە گوێت زۆر بە قیمەتە
هەر چەند موجریمین ڕووڕەش و خەجڵ
بپاڕێنەوە بە ئیخلاسی دڵ
بیبێ لەگەڵمان لوتف و عینایەت
خوا لامان نەدا لە ڕێی هیدایەت
یا ڕەب بۆ خاتری شاهی ئینس و جان
مەحفووزمان بکەیت لە سەلبی ئیمان
یا ڕەب بۆ خاتری ساحێبی فتووح
فریامان کەوی دەمی نەزعی ڕووح
زەفەریاب نەبێت ئیبلیسی مەلعوون
بۆ خاتری یەحیا و زەکەریا و شەمعوون
یا ڕەب بۆ خاتری شاهی ئەنبیا
لە ڕۆژی حەشرا نەبین ڕووسیا
یا ڕەب بۆ خاتری سيد البشرعەرەبی
مەمان سووتێنە بە ناری سەقەر
هەر چەندە ئێمە کە بێ پەیڕەوین
بەگوێرەی حساب ئوممەتی ئەوین
خاریجمان مەکە لە ئیمان و دین
پێمان خۆش مەکە شەیتانی لەعین
ببوورە لێمان خودای تەنیا و تاک
لەبەر خاتری شای تەختی لولاک
نەمانخەیتە ناو ئاگری جەهەننەم
لەبەر خاتری سەییدی خاتەم
هەر بە ڕەحمی خۆت ئازادمان بکە
بە دیاری حەزرەت شادمان بکە
ویساڵیناسناوی ئەدەبی بەسیە ئیتر مەگەفە
لە بۆ خاتری ئەو زی شەرەفە
لێمان خۆش ئەبێت عەفوومان ئەکات
بە نیعمەتی خۆی شادمان ئەکات