وشەی پشکۆ
دیاریی نەورۆزی 1967
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
2 خولەک
1281 بینین
لەباتی نێرگز چەپکە هەڵبەستی
سۆزی دەروونم ئەکەم بە دیاری
بۆ ئەو کەسانەی کە خۆشەویستیی
گیانیان ئەبەخشن بە کوردەواری
***
لەباتی ئاگر بە پشکۆی وشەی
زمانم، نەورۆز هەڵئەگیرسێنم
لەباتی درەخت ئەم شەوە ڕەشەی
ناکۆکیی کوردی تیا ئەسووتێنم.
***
ئەو دڕک و چقڵەی ئەمساڵ چەقینە
پەڕەی گوڵاڵەی جەژنی نەورۆزم
ئەو فرمێسکانەی ئەمساڵ پەڕینە
چاوی هەزاران کوردی دڵسۆزم
***
ئەو هەنسکانەی لە قوڕگی شاخا
پەنگیان خواردەوە، بوون بە هەڵمی خەم
ئەو ساوایانەی لە کۆشی داخا
مەمکی بێ شیریان خرایە سەر دەم
***
گوناهیان ئەستۆی ئەوانە ئەگرێ
کە بوونە زستان بۆ نەورۆزەکەم
دەستێ فرمێسکی ئازارم ناسڕێ
سوور بووبێ بە خوێن، خوێنی هۆزەکەم.
***
بەڵام کام ناپاک توانی شاڵاوی،
پڵنگی تۆڵەم ڕابوەستێنێ.
یان کام ئەژدەهاک توانی گەرداوی
دەریای هەڵچوونم تیا بسرەوێنێ.
***
تا لووتکەی سپی، ڕێچکەی قەترە خوێن
ڕژاوە بە ڕێی دیاری خەباتا
بۆیە گوڵاڵەم لەوێدا ئەڕوێن
تا دیار بن لەناو باخی ئاواتا.
***
ئاگری کەژی جەژنی شانازی
بە فوارەی خوێنم خۆش بووە ئەمڕۆ
بۆیە ئاوازی بەستەی ئازادی
بە هەزاران دڵ نۆش بووە ئەمڕۆ
***
چەکووشی مەڵاس لە دەستی زبرا
چیرۆکی هێزی ئەو برسییانەیە
لەش ئەتوێننەوە لەناو ئاگرا
«کاوە»م نموونەی ئەو داستانەیە.
***
کاوەی سەردەستەی چەوساوەی مێژووم
ئەو بانگەی کە دای لە لووتکەی بەرزا
بۆ نەوەی کوردی ئەمڕۆ و داهاتووم
دەنگ ئەداتەوە لەگەڵ نەورۆزا.
***
ڕەشوڕووتی کورد ئارەقی ڕەنجیان
کردە سەر زەویی تینووی وڵاتم
ئەوسا دروێنەی سەختی تێکۆشان
بوو بە خەرمانی بەرهەمی مارتم