مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم

لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
 3 خولەک  1350 بینین
مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم
پاماڵی خوماری مەیە، ئیدراک و کەماڵم
بێ شەمعی ڕوخی شەوقی نییە گۆشەیی ماڵم
بۆ میهری وەفا، شاهیدی مەیخانەیە حاڵم
دیدەکاڵ و شەمعی ماڵ و ڕوو بە خاڵم بۆ نەهات؟
کارم هەموو گریانە بە دەم میحنەت و دەردۆ
مردم لە ئێش و ئۆفی قسەی دوژمن و بەدگۆ
بۆ شیوەنی من دەنگی نەبوو، تورکی جەفاجۆ
لەم تالیع و بەختی بەد و سەرگەشتە خودا ڕۆ
تورکی چین و مەهجەبین و نازەنینم بۆ نەهات؟
بێ نەغمەیە یەک بارە چەمەن داخی گرانم
گوڵشەن بە دەمێ چۆڵە، بەبێ سەروی ڕەوانم
بێ شاهید و بێ مەیل و شەکەرڕێزی جیهانم
وێران و پەرێشانە، عەجەب باخی گوڵانم
نەو غەزال و قەد نیهال و بێ میسالم بۆ نەهات؟
شیعرم وەکوو مەی باعیسی ئەنواعی نیشاتە
سەرمایەیی شۆر و تەرەب و عەیش و حەیاتە!
تووتیی دڵەکەم مونتەزیری قەند و نەباتە!
بۆ نوقڵی دڵی عاجز و بێ سەبر و سوباتە!
بادە نۆش و قەند فرۆش و سورمە پۆشم بۆ نەهات؟
شەیدا سیفەت و عاجز و بێ سەبر و شەکیبم
ئاشوفتە و سەرگەشتە و بێ یار و حەبیبم
هەر من لە تەرەب عاشقی بێ سەهم و نەسیبم
گیرۆدەیی دەردی ستەم و دەستی ڕەقیبم
تورکی جەنگ و شۆخ و شەنگ و لالە ڕەنگم بۆ نەهات؟
بەهبەهـ لە گرۆهی سەفی مەستانە حیسابم
لای مورشیدی مەیخانە مولەققەب بە جەنابم
هەم ساقی و هەم جورعەکەشی جامی شەرابم
ئوستادی نەی و تار و مەی و چەنگ و ڕوبابم
بادە خواهـ و موو سیاهـ و کەچ کولاهم بۆ نەهات؟
بێ نەشئەیی دیدەم، شەوی یەڵدایە مەقامم
خاڵی لە شەمیمی گوڵ و شەوبۆیە مەشامم
چونکوو ئەسەری قەت نییە، ئەنجامی مەرامم
بێ ڕەونەق و تەرتیبە، گوڵی نەزم و کەلامم
نووری چاو و بۆ گوڵاو و توڕڕە خاوم بۆ نەهات؟
بیمار و نەخۆشم، بە غەم و میحنەت و هیجران
ئیشم بە هەموو دەم بووەتە شیوەن و گریان
ئارامی نەما مورغی دڵم، مات و پەرێشان
بۆ ڕەحمی نەبوو، لوتفی نەما کەس بە غەریبان؟
دیدە باز و عیشوە ساز و دڵ نەوازم بۆ نەهات؟
بێ یارم و بێ هەم سوخەن و هەم نەفەسێکم
بێ هەمدەم و بێ یار و بەبێ دادڕەسێکم
بۆ نوکتەیی شیرین نەفەسی وەک مەگەسێکم
موحتاجی نیگاهـ و نەزەری میهری کەسێکم
هەم زمان و نیکتەزان و میهرەبانم بۆ نەهات؟
ناریناسناوی ئەدەبی چییە لوتفی نییە دەربانی نیگارم؟
سووچت چییە لاتاقمی دیوانی نیگارم؟
بتکەم بە فیدای توڕڕەیی فەرمانی نیگارم
تۆ بێژە بە یاران و غوڵامانی نیگارم
ئەمری شاهـ و حوکمی جاهـ و دەفعی ئاهم بۆ نەهات؟