دڵ چارەیی چی بێ کە لەناو بەحری ستەم بێ
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
1 خولەک
458 بینین
دڵ چارەیی چی بێ کە لەناو بەحری ستەم بێ
دووچاری جەفای جەیشی غەم و قەهر و ئەلەم بێ
سەد خۆزگە کە عومرم وەکو غەم دوور و درێژ بێ
یا عومری غەمم هەر وەکوو ئەم عومرە بە کەم بێ
دڵداری خۆشە دیارە فەقەت شەرتی تیایە
دڵ عاشقی ڕوویی سەنەمێ نەک بە سەنەم بێ
باوەڕ نەکەی ئەسڵا بە کەسێ موددەتێ عومری
هەر غایە و ئەفکاری شەو و ڕۆژی بە زەم بێ
کوا ئەهلی وەفا غەیری درۆ و بوغز و حەسادەت
ئینسانی بەد ئەفکار و حەسوود ڕەببی بەکەم بێ
ئیخلاسی بە دڵ بێ نەکوو تەنها بە ڕواڵەت
ئەو نەوعە کەسە موستەحەققی خاکی قەدەم بێ
هەر شاعیرێ غایەی زەمی ناحەققە خەیاڵی
دەستی قەڵەمی دابڕزێ ڕەببی قەڵەم بێ
نەتبیستووە مەشهوورە برای خۆم کە سەگی هار
چل ڕۆژە ئەڵێن عومری ئیتر بۆ چی پەلەم بێ
ئەم پەنج و دوو ڕۆژەیشت وەرە بگرە سەبووری
بەڵکی گوڵی گوڵزاری بە گوڵزاری ئیرەم بێ