برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
1 خولەک
536 بینین
برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی
ئیتر با موددەتێکیش چی ئەبێ بەحسی وەفا و دین کەی
تەکەببور ئاخری مایەی فروومایە بە بەر دێنێ
مەبە لووتبەرز و مەغروور خۆت موقابیل ماهـ و پەروین کەی
ئەگەر ڕاستە بە دڵ عەهد و وەفای دۆستت بەجێ بێنی
لەگەڵ دۆستی وەفاپیشە لە دڵ خاڵی درۆ و کین کەی
ئەگەر سدق و سەلامەت پیشەیی ڕوویی حەقیقەت بێ
لەلای یاران ئەبێ خۆت دائیمەن مەحبووب و شیرین کەی
لە حەق هیچ کەس مەبە دووڕوو نەوەک هەر وەک گوتوویانە
ڕەفێقی گورگ لەگەڵ مەڕ باڕەباڕ و گریە و شین کەی
مەبە غافڵ کە دونیا پەنج و دوو ڕۆژە لەپڕ ناکاو
مونادا بانگ ئەکا توێشووی سەفەر کە، ئەسپەکەت زین کەی
بە دڵ ئیخلاسی دۆستانت لە گێژاوی بەڵا دەرچن
بە عەینی مەعبەری دووکان و جوودت پردی نارین کەی
ئەوا یاران هەموو ڕۆیین ئیتر وادەی من و تۆیە
ئەمە ڕێی ڕاستە بەخوا بۆچ ئیتر ئینکاری ئایین کەی