یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
1 خولەک
531 بینین
یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە
ئەی برادەر تا بفەرمووی وەزعی واعیز باتیلە
گەر قسوورێکم ببێ نابێ عیتابم لێ بکەی
چونکی قوربان پیاوی عاشق عەقڵ و هۆشی زائیلە
ڕووت و برسی چۆن بدەم پەنجە لە پەنجەی عەشقەوە
عەشقبازی و موفلیسی وەڵڵاهی سەممی قاتیلە
چۆن قەبوڵ بکرێ ئەدای فەڕزم لە دیوانی خودا
موددەتێ عومرم نەبوو نوێژێ بکەم بێ غائیلە
خانەیی سەبرم نەما حاجەت ئیتر بنکەن بکەن
بۆ ڕووخانی دیواری عومری من لەسەر لا مائیلە
ماهی ڕۆژوو ڕۆژوو گەر بشکێ گوناهی من نییە
ڕۆئیەتی قەوسی هیلالی تۆیە ڕۆژوو شەو باتیلە
گەر نەگەیمە بابی ئەعلا و تەوەقوف سەدرە بی
باڵی تاقەتمە لە ئەنواری تەجەللی عاتیلە
ڕۆژی قیامەت گەردەنت بگرم لە دیوانی خودا
لێت بسێنێ دادی ئەم بێچارە ڕووتەی سائیلە
وا هەموو ڕۆیین و گرتیان یەک بە یەک ڕێگەی سەفەر
هاکە دەس پێکەین من و تۆیش دوا بە دوای قافلە