بڕوام
لە کتێبی:
            تریفەی هەڵبەست
        بەرهەمی:
                شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
        
             1 خولەک
             2098 بینین
        
        
    ڕێگای بیرم، بەناو هەزار داوی باریکا
ئەڕوا، بەرەو خۆری ئاسۆی ئامانجی ڕوونم
چاوی تیژی کوردایەتیم لەڕێی تاریکا
چراوگی ڕۆژ، ئەداتە دەست، دەستی دەرچوونم.
***
هێزی ئەژنۆی، شلنەبوونی تێکۆشانەکەم
هەوراز لەدوای هەورازی سەخت، ئەشکێنێ، ئەبڕێ
بەرەو لووتکەی هیوای گەورەی نیشتمانەکەم
لەناو گەلدا، یەکەم ڕیزی سەرکەوتن ئەگرێ.