ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم

بۆ وەتەن و بێ وەفایی نەوەکانی
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
 1 خولەک  652 بینین
ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم
سەر لێ شێواو، دڵ سووتاوی دەردی بێ دەرمانتم
ئاهـ چ دەردێکە ئەچێژم ئەی وەتەن بۆ حاڵی تۆ
ئەشکی چاوی من دەلیلە ڕۆژ و شەو گریانتم
بۆ برینی دەردی دڵ بەس بگری ئەی دایکی وەتەن
مەمسووتێنە جانفیدای ئێشەکەی زامانتم
ناڵەی قەهری دەروونم ئاسمانی گرتە بەر
سۆزی دڵ بۆ ڕۆڵەکانی بێ سەر و سامانتم
ئەی وەتەن دایکی هەزاران تاجدار و ئەنبیا
کەسێ لەوان فریا نەکەوتووی بێکەسی و تاوانتم
دەردی بێ ئاوی بکێشی تا گوڵی ئەرزی وەتەن
ئەی فریشتە چاوەڕوانی قەترەیە بارانتم
موشکیلە دەس هەڵگرم لێت خاکی شیرینی وەتەن
ئاخری عومریش ئەسیری خاکەکەی سەیوانتم