شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
3 خولەک
649 بینین
دەردی بولبولێکی بێچارە و ئاخری عومری
شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا
چاو و دڵ و گیان هەر سێ لە خەوا
چاوم هەڵبڕی کە دیم بولبولێ
ئەیناڵان لە بێوەفایی گوڵێ
لە دەنگی ناڵەی ڕاپەڕیم لە خەو
نەمزانی ڕۆژ بوو وەیا نیوە شەو
ئەیلاوانەوە بە دڵێکی غەمناک
ناڵەی دەروونی گەییشتە ئەفلاک
جارجار بە خەندە جارجار بە گریان
وەک باوکمردە بەدڵ ئەیناڵان
خۆم نەگرت هەستام چووم بە لایەوە
سەلامێکم کرد جوابی دایەوە
لێم پرسی بولبول چی وا ڕووی داوە
شین و گرینت وا هێند بەتاوە
بزانم چییە بانگ و هاوارە
بە تیری زەهری کێ بریندارە
جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان
چیم بەسەر هاتووە لە جەوری دەوران
گوێم لێ ڕابگرە لە وەعزی زەمان
لەدەس زەمانی بێ ئەمن و ئەمان
شەو و ڕۆژ لەتاو عەشقی ڕوویی گوڵ
ئەسووڕامەوە لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
وەقتی غرووری تافی جوانی
لەسەر پەل ئەمخوێند بە کامەرانی
بە دەوری گوڵا ئەخولامەوە
وەکوو پەروانە ئەسووڕامەوە
وەخت بەهار بوو گوڵ و گوڵزار بوو
شاخ و داخ و دەشت گشت لالەزار بوو
غونچە نەکراوە منیش ساڵەوەخت
ئەسووڕامەوە بە وەخت و بێ وەخت
لە عەشقی غونچەی گوڵی نەوبەهار
نەغمەی داودیم هێنابووە کار
سەرخۆشی بادەی ڕۆژی ئەلەست بووم
لە عەشقی ڕووی گوڵ دایم سەرمەست بووم
نەمزانی خوا نەگبەتی بێنێ
سوار لەسەر زین زوو ئەگلێنێ
ئاخری بەهار لە گەرمی هاوین
ڕووم کردە چیای قەندیل و بازین
ڕامبوارد هەتاکوو وەختی پاییز
هاتمەوە بۆ لای یارەکەی ئازیز
کە دیم لە گوڵم ئەسەر نەماوە
وەک وێرانەماڵ هەمووی ڕووخاوە
ئەو گوڵەی کە دیم ئەووەڵی بەهار
لە گەرمی هاوین بۆتە خەس و خار
پەشێوە ڕووی گوڵ وەک من شێواوە
بەرگ و لق و پۆپ گشت پەرش و بڵاوە
ڕووی سووری شەفەق وەقتی بەیانیان
گۆڕاوە هەر وەک زەردەی ئێواران
ئەو بەرگەی هەر وەک تارا پۆشی بوو
لە جەوری پاییز هەمووی وەری بوو
بەدڵ بەتەمای دەم لەسەر دەم بووم
لەجێی دەم لە دەم دوچاری غەم بووم
ئەمە بوو خۆشی ژیان و ژینم
سەبەب ئەوەیە ناڵە و حەزینم
جواب بۆ گوڵ
بولبولی جوانم هیچ خەفەت مەخۆ
لە بەدبەختی خۆت مەبە ڕەنجەڕۆ
منیش عاشقی گوڵەندامێ بووم
دووچاری چاوی ئەبلەفامێ بووم
ئارامم نەبوو ساتێ بەبێ ئەو
دەور و خولم بوو بە ڕۆژ و بە شەو
کە زانی قووەی جارانم نەما
تاقەتی بەزمی جارانم نەما
ڕووی لێ وەرگێرام بەبێ بەهانە
ئەوەیە عەهد و وەفای ئەمانە
دەرچوو لە دەستم یارەکەی گیانیم
پیری شکاندی پشتی جوانیم
لە دەستی پیری بووم زار و زەبوون
قامەت خەمیدە وەکوو حەرفی نوون
ئێستەیش ڕۆڕۆمەن هەموو بەیانی
ئای بۆ جوانی ئای بۆ جوانی
بێزارن لە من ئێستاکە یاران
بوومە نیشانەی تانەی بەد کاران
کە وا بوو بولبول هەردوو هاودەردین
هەردووکمان وەک یەک هەناسەسەردین
هەردوو سەر بنێین بە ژێرخاکەوە
بە دڵی پڕ جەور و بە غەمناکەوە