دەمێ بوو شێت و شەیدای بولبولێ بووم
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
2 خولەک
461 بینین
دەمێ بوو شێت و شەیدای بولبولێ بووم
شەو و ڕۆژ عاشقی ڕوویی گوڵێ بووم
لە عەشقی ڕووی جوانی غونچەیی گوڵ
ئەڕۆیشتم لەسەر ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ
شەو و ڕۆژم بە ئاوازێکی زۆر جوان
دڵی پیر و جەوانانم ئەلەرزان
بە ئوممێدی ویساڵی قەترەیە ئاو
هەتا وەختی سەحەر خەو نەچووە ناو چاو
شەوێکی تا سوبەینێ پاسەوان بووم
بە دائیم چاوەڕوانی بەربەیان بووم
کە وەختێ خونچە ئەو ئاوە ئەڕێژێ
بە ئامالی بگەم زارم بیچێژێ
لە دونیا بێ خەبەر پاش نیوەیی شەو
کە چووبووە هەردوو چاوم هێرشی خەو
لە زاری غونچەوە ئەو قەترە ئاوە
بەسەر بەرگ و لق و پۆیا ڕژاوە
لە تاوانا سەری خۆمدا بە بەردا
بە هەر دوو پێ چەپۆکمدا بەسەردا
زەمانم وا ژیانم چون فەنا بوو
هەموو ڕەنجم بەجارێ گشت بە با چوو
بە ئاهـ و دەردی حەسرەت، چاوی گریان
فڕیم ڕووم کردە سارا و بیابان
لە بێ عەهدی و وەفایی غونچەیی گوڵ
ئەڕۆیشتم بە شەو مەنزڵ بە مەنزڵ
لەسەر شاخێ لەناو باخێکی گیرسام
قەدەر هات و بە داوای ڕاوی گیرام
ئیتر دونیام بەجارێ لێ بوو تاریک
خزامە جێگەیێکی تەنگ و باریک
عەزیزم تۆیش وەکوو بولبول زەبوونی
ئەسیری ئەو گوڵەی دونیایی دوونی
نەتیجەی کاکی خۆم دەورانی ناپاک
وەکوو ئەو بولبولە ئەتخاتە ژێر خاک
کە وا بوو تاکوو ماوی ناوێ دەر کە
کڵاوێکی بە ڕەحمەت بوو لەسەر کە
هەزارێکی وەکو تۆی هێشت و خستی
ئەمە بوو ئاخری دونیاپەرەستی