پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت

لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
 1 خولەک  495 بینین
پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت
چ فکرێکت هەیە قوربان بفەرموو ڕای و تەدبیرت
فەقیرە، بێکەسە، مەزڵوومە، توخوا وازی لێ بێنە
ئیتر بەس بێ، بکە خێرێ لەڕێگەی باو و باپیرت
گوناهی چی بوو، نازانم خۆ هیچ کەعبە نەڕووخاوە
هەتاکەی هەر بمێنێ دڵ ئەسیری بەندی زنجیرت
تۆوە دائیم مەزرەعەی غەم تا بچێنی بۆ منی مەزڵووم
منیش بێ جەبر و تەکلیف ئەی عەزیزم ئەبمە ئاوێرت
ئەوەندەی من تەعریفی قەد و باڵات ئەکەم ئاخۆ
بووە مەعلووم کە دڵگیری وەیاخۆ بۆتە دڵگیرت
پەشێوە شێوەی خورشید و ماهـ شێوەت تەماشا کەن
پەشیمانی ئەکێشن ماهـ و خۆر گەر بێنە تەعبیرت
چ شێخێکە ئەوەی تۆی وا نەسێحەت کرد بۆ ئەم غەدرە
بەسە دەس هەڵگرە سۆفی بە حەققی حەزرەتی پیرت