هۆنراوەکانم

لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  2324 بینین
هۆنراوەکانم پەپوولەن
بە شوێن وشەی دڵا ئەفڕن
گەرا، لەناو گیانا ئەخەن
لە دەروونا، وچان ئەگرن.
***
ئاوێنەی پڕشنگی ئاسۆن
گزنگی دەمەو بەیانن.
شەونمی سەر پێڵووی چرۆن
شنەی هەواری کوێستانن
***
چاویان شینە وەکوو ساماڵ
وەک ئەستێرە ئەجریوێنن.
دڵیان پاکە وەکوو مناڵ
بۆ تەنیایی، خەمڕەوێنن.
***
مانگەشەوی ناو خەیاڵن
بریسکەی بەفری سەر لووتکەن.
نێرگزی نەورۆزی ساڵن
ورد و درشت، دڵخۆش ئەکەن
***
زەردەی ئێوارەی بەهارن.
کزەی شەماڵی هاوینن.
وردەشەپۆلی ڕووبارن.
تریفەی سەر گۆمی شینن.
***
پشکۆی ئاگری زستانن
هێشووی سەر لقی ناو ڕەزن.
هاژەی چەمی دارستانن
پەلکەزێڕینەی پاییزن
***
هاودەمی جوانیپەرستن.
کامی گیانی خۆشەویستین.
تەزووی حەزی هۆش و هەستن.
لە لانەی ئاواتا ئەژین.
***
هەڵبەستەکانم باوەڕن
نائومێدی و خەم ئەنێژن
ڕێی تاریکیی ژیان ئەبڕن
بۆ ئازادی، خوێن ئەڕێژن.
***
مەشخەڵی دەست جەنگاوەرن
بەڵێنی ڕێی کۆڵنەدانن
لوولەی تفەنگی سەنگەرن
سروودی دەم شەهیدانن.
***
ناڵەی دەروونی هەژارن
کسپەی دایکی سک سووتاون
بازووی کوردی کرێکارن
هۆرەی دوای جووتی جووتیارن.
***
گەلێ جاریش، پەستن، ئەگرین
هۆنهۆن فرمێسک هەڵئەڕێژن
گوڵی گەشاوە پێش وەرین
بە دەستی خەفەت، ئەنێژن
***
یان بڵێسە و کڵپە و گڕی
گیانی خۆ بەختکەرانن
هۆنراوەکانم، هۆگری
چاو و دەمی کچی جوانن
***
قژی زەرد و کوڵمی گەشن
تامی ماچ و چرپەی ڕازن
لێوی قوت و نیگای ڕەشن
خۆزگەی یار و لەنجەی نازن.
***
هەڵبەستەکانم، سنووریان
نییە و سەربەست یەن و ئەچن
هەموو دونیا، هەموو ژیان
لە باوەشی خۆیان ئەگرن.