بەسە هەڵسە وەرە کایە ئیتر تێکۆشە بۆ هۆزت
خاترەیەک بۆ لاوانی نیشتمان بە یادگار
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
2 خولەک
716 بینین
بەسە هەڵسە وەرە کایە ئیتر تێکۆشە بۆ هۆزت
بپارێزە لە گورگی بێ ڕەزا ماڵاتی ناو کۆزت
بە تیرێکی ڕەزەدۆزت
کە هۆزت چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتە ڕۆڵە
مەوەستە هەستە بستێنە لە جەمعی ناحەزت تۆڵە
کوڕم ئەم کارە مەقبووڵە
دڵێکی پاک و خاوێن پێکەوە گشت لایێ تێکۆشن
دڵ و گیان گشتی بفرۆشن هەتا ئەم خاکە نەفرۆشن
ئەگەر کوردێکی پڕ هۆشن
هەتاکەی بە خەوی غەفڵەت، خێرا کە چاوێ هەڵبێنە
چراغی غیرەتت هەڵکە بە زوویی تۆڵە بستێنە
زوو کە عەدووت بفەوتێنە
کوڕانی لاوی کوردستان وەتەن وا چاوی لێتانە
هەتا فرسەت لەدەس نەچوە خێرا مەردانە ئازانە
کە ئیمڕۆ ڕۆژی کوردانە
وەکوو ڕۆستەم لە مەیدانا بە شان و شەوکەتە بەرزە
بە نووکی ڕم دڵی پۆری پەشەنگت بێنەوە لەرزە
لەسەر ئێوە ئەمە فەرزە
هەتا سواری مل و شانت نەبوون با غیرەتت هەڵسێ
بە رم کوێری کە چاوانی دووا ا. م. ت هەر سێدەقی نائاشکرا
نەمێنێ تاکوو دڵ پیسێ
یەکێتی شەرتە بۆ سەرکەوتنی هۆزت زوو یەک بگرە
بە حیلە قەد نەکەی باوەڕ بە دووڕوویی نەخۆی تەفرە
ئەمە بۆ تۆ جێگای فەخرە
عەزیزانم بە دڵپاکی کە یەکتان گرت و یەک کەوتن
دەلیلی قاتعە یەکیەتیە بۆ ئەسبابی سەرکەوتن
ئەمەتە مەردی دەرکەوتن
ئەگەر مێژوو تەماشاکەن ئەبینن کاوەی ئاسنگەر
لەسەر کوردایەتی کەللەی زوححاکی کردبوە سەنگەر
هەتا مۆخی هێنایە دەر
کە من مردم وەسییەت بێ وەتەندارانی شیرینم
لەسەر قەبرم بە کوردی بۆم بخوێنن وەعز و تەڵقینم
بزانن کوردە ئایینم