ئەگەرچی من لە عومرا چووم بە ساڵا
لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
1 خولەک
724 بینین
ئەگەرچی من لە عومرا چووم بە ساڵا
خەیاڵ ئەڕوا لەگەڵ دوو چاوی کاڵا
برادەر بۆچ ئەکەی لۆمەم لە عەشقا
عەجەب نەتبیستووە کاڵا بە باڵا
نەمانێ چاترە وەڵا لە بوونێ
نەبێ دەستێ بەسەر ڕوویی وردەخاڵا
دوو چاوی من لەبانی تەوقی سەرمە
کە یار پۆشی لیباسی ئاڵ و واڵا
هەموو عومرم ئەچێ یەکجار بەتاڵان
نەکەم وەختێ پەڕەی لای ڕووی موتاڵا
چ خۆشە ڕابوێرێ هەر سەحەرگاهـ
لەگەڵ تازە گوڵاڵەی خوردەساڵا
لە مەدحی غونچە لێوانی بەڵەک چاو
دەماغم بەرز ئەبێ بۆ ئەوجی باڵا
وەکوو تیغی دەبانی تازە ساو بێ
زبانم موو ئەکا بڕوا کە لا لا