مەی گێڕ یارەکەی گۆشەی دیوەخان

لە کتێبی:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
بەرهەمی:
شێخ محەممەدی حیلمی (1909-1985)
 1 خولەک  566 بینین
مەی گێڕ یارەکەی گۆشەی دیوەخان
پابەندی هەوایی بەرزی ئێڵاخان
دەخیلتم با بێت لەو پیاڵەی بلوور
با ئامێتەی بێت گوڵاوی چنوور
ئا بەو شەرابە بەرزە دەماخم
گەلێ پێی مەستم ئەسرەوێ داخم
با کەم بکێشم هەناسانی سەرد
لەم دنیای میحنەت وێرانەی پر دەرد
نەک پیاڵەی ئەزەل پێمان بکا نۆش
ساتێ با بێ غەم دنیا کەین خامۆش
تاو تاوێ مەستی ژین بەسەر بەرین
کاتی کاروانە لە ڕێی گوزەرین
چونکە چەن پیاڵە و چەن شاهی بێباک
لەگەڵ دیوەخان یەکسان بوون بە خاک
کێ تا سەر بە دەرد نەبوو سینە چاک
گەردوون کێ ناکا بە گەردی خاشاک