لێمان شارایۆ دڵسۆزی کەلان

شیوەن بۆ حەمە لۆری
لە کتێبی:
دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی
بەرهەمی:
شێخ محەممەدی حیلمی (1909-1985)
 2 خولەک  665 بینین
لێمان شارایۆ دڵسۆزی کەلان
خواحافیزی خواست لەسەر نیشتمان
دای لە شەقەی باڵ کۆترەکەی گیانی
خۆی وا ڕزگار کرد لە دنیای فانی
کردەوەی پاک بوو ئەخلاقی جوان بوو
زۆر خۆشەویستی گەلی کوردان بوو
لە هەر شوێنێکا حەمەی تیا بووایە
ئەو جێگە وەکو دۆزەخ وا بووایە
بە قسەی زۆر خۆش بە نیکتەی جوان
ئەکەوتە سەما مردووی گۆڕستان
هەر بە ئەو ئە کەوت خەڵقی دڵخۆش کا
هەر ئەو ئەیزانی بادە نۆش بکا
هەر خۆی ئەیزانی لە ناو ڕەفیقان
بە پێکەنین و گۆرانی جوان جوان
هەر کەس خە فەتی لە دڵا بووایە
لای حەمە لۆری تۆزی ببووایە
ئەو کەسە ئەیووت هەر من بەختیارم
هەر من دڵ فەرەح هەر من هوشیارم
ئەمجا با بڵێین حەمە گیانم ڕۆ
دڵسۆزی گەل و نیشتمانم ڕۆ
قسە خۆشەکەی ناو یارانم ڕۆ
خومار شکێنی بەر بەیانم ڕۆ
شەو خەڵوەت کێشی بادە نۆشم ڕۆ
دڵسۆزی ڕەفیق زۆر پەرۆشم ڕۆ
بەهێز و بازوو پاڵەوانم ڕۆ
نەوەی ناو شاخی هەورامانم ڕۆ
تەئریخی فەوتی نۆ سەد و حەفتاو سێ
بۆ نەمانی ئەو هیچ کەس نەپرسێ
چوون ئەو نامرێ ڕۆحی باقییە
لە بەهەشتیشا هەر ئەو ساقییە