درێژەی نومایشنامەی سەیدەوان

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  842 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێز. بێگومان ماوەکەوتنی نێوان دوو یا چەند بەشی داستانێک بەیەک حەوتوو، ئەتوانێ زیانێکی زۆر، بەهێژایی نووسراوەکە لە لایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە بە تێگەیشتن و پێخۆشبوونی گوێگر یا خوێنەرەوە بگەیەنێ. من لە ڕیزی ئەو کەسانە نیم کە ئەڵێن وا باشە بۆ ئەوە داستانێک تەئسیری هەبێ، بەتایبەت ئەگەر نووسراوەیەک بێ بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، لە جێگایەکی حەستەم و گرنگا ببڕێتەوە تا گوێگر چاوەڕوانی بەشی دووەمی بکا، چونکە لام وایە نووسراو ئەبێ گیرایی و کێشەری ئەوەندە هەبێ کە خوێنەرەوە یا گوێگر نەتوانێ دەستی لێ هەڵگرێ و گوێی لێ کلا کات. نەک لەبەر ئەمە کە بزانێ پایانەکەی بە کوێ ئەگا. کەسێ کە لەبەر ئانتریگ و ڕووداو گوێ لە داستان ئەگرێ و چەشنی نووسینەکەی لا گرنگ نییە، لەباری هەستی هونەرییەوە چەشنی مناڵێکە کە گوێ لە ئەفسانە و جنۆکە و دێوو پەری ئەگرێ.

پاش ئەم سەرەتایە، لە بەرنامەی پێشوودا کوتمان کە میر عەزیز سەرۆکی عێلی داسنی لە ڕۆژێکا سێ کچی بۆ سێ کوڕەکەی هێنا و تەواوی عەشیرەتی داسنی بانگ کرد بۆ زەماوەند؛ بەڵام چارەنووس شتێکی تری لە ناوچاوانی میر عەزیزی پیر نووسیبوو. ئەبوو لێوی لە جیاتی زەردەی پێکەنین لەرزەی گریان لێی بێتە میوان. مەلکەوان پەردەگیر بووە.

میر عەزیز:

:-«بەهارە، بەهارە، بەهارێکی سەر بە زستانە

:لەلایەکەوە مەیتی مەلکەوان هێزی ئەژنۆ و سۆمای چاوانم لەبەر دەستانە

:لەلایەکی دیکەوە سەمایە، هەڵپەڕکێیە، جلیت و تەقڵە و دیلانە!

:بڕوانە هەوری دە عاسمانێ، لە من وایە چاوی عەزیزی داسنییە و پڕ لە گریانە

:بەڵام ئەگەر بڵێم هۆ خێڵی داسنی دیلانی بەردەن

:سۆرانییان دە خمێ گرن

:دەڵێن عەزیزە کۆرە پیرێکی ئاخر شەڕە، میوانی دەردەکا لە دەرک و دیوانێ

:خودایە ئەگەر عومری نووحم هەبێ

:لەگەڵ سەبری ئەییووب، لەگەڵ دەوڵەتی جومجومە سوڵتانێ

:قەتم سوکنایی ناکاتە ئەو دڵەی قەلەندەری بابان وێرانێ.

:بەهارە، بەهارە، چەند بەهارێکی لە من شین دەنوێنێ.

:تۆ خودا گەلی داسنییان کێ دیویەتی لە دەورەتی زەماناندا

:لەسەر مەیتی شۆڕەسواری ڕەنج بەخەسار،

:لەباتی قورعان و کەلامێ،

:خۆشخوان و گۆرانیبێژ، ئایشە گوڵ و هەوای سوێسکەیی بخوێنێ؟»

وێژەر:

پیری دڵ شکاوی کوڕمردوو لەگەڵ هەستی خورۆشانی خۆیا شەڕیەتی؛ هەناوی گڕگرتوو هانی ئەدا بچێتە ناو کۆڕی هەڵپەڕکێوە بڵێ: «بەسیەتی! ئێوە لەسەر لەشی ساردەوەبووی لاوێکی ڕەنجەڕۆ هەڵئەپەڕن. بەڵێ! مەلکەوان مرد و دیلان دوایی هات؛ بەڵام هێزێکی تریش لە دەروونیا هەیە بەرەنگاری وەستاوە و بە تانەوە پێی ئەڵێ: نا پیرە پیاو! تۆ کوڕێکت مردووە، دوو کوڕی ترت ماون، تۆ کاتێ بووی بە گەورەی داسنییان، لەسەرت نووسرا هەموو لاوانی خێڵەکەت بێ جیاوازی بە کوڕی خۆت بزانی. نە، میر عەزیز! بۆ کارێکی تێپەڕیو شوورەیی مەهێنە سەر خۆت. بەتەنیا باری گرانی ئەو ماتەمە هەڵگرە و لێیان گەڕێ با لاوان لە خۆشی و شادییا نوقم بن.» میر عەزیز کوردەو ئیتر نایەوێ بڵێم سەر بۆ کامە هێزی دەروون دائەنەوێنێ. بەڵام زەماوەند هەر وا گەرمە، تەنیا دڵی باوکی پیر و کوڕێکی تازەی ژێر لووتکەیەکی بەفرین لەسەری سیپانێ ئەزانن چ کۆستێکی گەورە کەوتووە.

عەزیزی داسنی ناچارە هەروەک جاران بەدەم میوانەکانیەوە پێبکەنێ. سەر لە خێوەتی پیاوماقووڵان بدا و بچێتە ناو ڕەشماڵی گەنجانەوە تەنانەت ناچارە گەڕێک لەگەڵ گەنجەکانا هەڵپەڕێ و شانازی بدا بەو گەنجانە کە پاشان بۆ دەزگیرانەکانی خۆیان بگێڕنەوە بڵێن ئێمە لەگەڵ گەورەی داسنییان لە کۆڕی هەڵپەڕکێدا دەستمان گرتووە. تڕاژێدی لێرەدایە، دڵێکی بریندار ناچارە بە دەستی خاوەنەکەی خوێ بکاتە سەر برینیا. ناچارە، چونکە گەورەی خێڵەکەیەتی. چونکە کوردە و میوانی هەیە؛ بەڵام ئاخۆ هەر بەمە دوایی دێ، یا تەبیعەت ئەیەوێ گەورەترین تاقیکاری لەسەر عەزیزی داسنی بکا بۆ ئەوەی بزانێ ئەم قەڵا لە پۆڵا داڕژراوە کەی تێک ئەشکێ و کام بەڵا دەستی ئەگاتە ئەو لووتکە بەرزە، کە ناوی ئادەمیزادە؟! [مووسیقای کۆتا] [دەنگی شەو]

میر عەزیز [حاڵەتی دۆعا و پاڕانەوە]:

―«ئەی شەو! ئەی قەڵای مێردان! هەمیشە لە لام خۆشەویست بووی. لە کاتێکەوە بە گەنجی دەوارەودەوار لە ژێر باڵی ڕەشتا ئەگەڕام و کێشکی خێڵاتم ئەکێشا، لەو کاتەوە کە تۆ یارمەتیت ئەدام و گرانی خەوت ئەخستە سەر پێڵووی چاوی خاو و خێزانی یارەکەم و من تاریکایی تۆم ئەکرد بە جێژوان. خودایە گەنجی چەند خۆشەو مردنی گەنجان چەند تاڵە؛ بەڵام ئەی شەو! ئێستە من پڕ بەدڵ لێت ئەترسم؛ لە ناوچاوانی گرژ و مۆنت لە تاریکی و تەنیاییت ئەترسم. خەو لە چاوم تۆراوە. چاوەڕوانم ئەستێرەی بەیان لەسەر هەوار هەڵێ و دەروازەی بەیانی بکرێتەوە. چەند دوور و درێژ و بێ سنووری ئەی شەوی ڕەش!»

[دەنگی چەند کەسێک، تێکەڵ و پێکەڵ و ورتەورتی ئەسپایی]

شوان:

«داخی گرانم، میرم! کاتێ ئێمە گەیشتن هەناسەی دوایی بوو!»

[مووسیقای توند و بەتەوژم -زەربەیی-]

میرعەزیز:

«کامەیان؟! نێچیروان یا سەیدەوان؟!» [بەسەرسوڕمانەوە دەیڵێت و دەنگی دەلەرزێ]

شوان:

«نێچیروان گەورەم! لە ڕەوەزێکی بەرز کەوتۆتە خوارەوە!»

میر عەزیز:

«بیبەن لە پەنا گۆڕی مەلکەوان بینێژن؛ هەواڵ بدەن بە سەیدەوان. منیش هەر ئێستا ئەتانگرمەوە. بەڵام نابێ کەس بەم باسە بزانێ!»

وێژەر:

کۆڵەکەیەکی تریش ڕووخا. ئەستێرەیەکی تریش ڕاخوشی و توایەوە. بەسەرهات چی لە گیانی عەزیزی داسنی دەوێ؛ لە زەماوەندەوە تا مردن، لە هیواوە تا هومێدبڕان، لە بەهارەوە تا زستان؛ ڕێگایەکی دوورە، بەڵام تەبیعەت ئەیەوێ لەیەک چاوترووکاندنا میرعەزیز داسنی بەم هەموو ڕێگایەدا ڕابکێشێ؛ چۆن ئەبێ؟!

با بمێنێتەوە بۆ بەرنامەیەکی تر. خواتان لەگەڵ.