ئاواتی پیرۆز

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  1029 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ. تکایە لە پێشا گوێ بگرن بۆ پارچە پەخشانێک:

ماوەی نیو سەعات هەروا بێ دەنگ دانیشتبوون و جار جار لە ژێر چاوەوە بۆ یەکتریان ڕوانیبوو، هەڵبەت وەها کە ئاشکرا نەبێ. هەر کات ئەم سەری داخستبوو ئەو چاوێکی بەچارەیا خشاندبوو. وا دیار بوو هەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو: وریا بە، هاوسەر گرتن و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان کارێکی ساکار نییە. تەواو چاوت بکەوە و باش بڕوانە دەموچاوی، بەژن و باڵای. بەڵام هەردووکیان لەم بیرە کە بەدڵیاندا هاتبوو شەرمەزار بوون و دیار بوو هەردووکیان لە دڵیانا بەخۆیان کوتبوو بۆ مەگەر هاوسەرگرتن و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان هەر بەوەی کە ڕواڵەت جوان بوو، پێک دێ؟ باشترە خوو و ڕەفتاری بزانم. بەڵام هەردووکیان کاتێ گەیشتبوونە ئەم جێگایە دامابوون چونکە نەیانئەزانی بە چ ڕێگایەکا...؟

باوک و دایکی کچەکە پاش ئەوە زۆر لەسەر مارەیی و جلوبەرگ و خشڵ و زێڕ و گوڵ و گوارە و کرمەک و ژێر چەنە قسەیان کردبوو و کوڕەکە بەشەرمە هەموو شتێکی قبووڵ کردبوو، لە هۆدەکە چووبوونە دەرەوە، تا کوڕ و کچ بەیەکەوە قسە بکەن. خوا ئەزانێ شێرکۆ چەند جار لێبڕابوو ئەمە بڵێ و لە شەرما زمانی بەسترابوو و چەند دەسرەی بەئارەق تەڕ کردبوو تا بەدەنگێکی نەرم و لەرزینەوە توانیبووی بڵێ من ئەبێ خۆم لەگەڵ «چرۆ» قسە بکەم و بزانم ئەویش ڕازییە یام نە. پاش ئەو چەند وشەیە قسەی تریشی کردبوو و کوتبووی من و چرۆ ئەمانەوێ بەیەکەوە بژین و ئەبێ ئەو بتوانێ لەگەڵما هەڵبکا و بتوانێ بەدڵ خۆشی بوێم. بەڵام باوک و دایکی چرۆ، ئیتر گوێیان نەدابووە قسەکانی دوایی «شێرکۆ». تەماشایەکی یەکتریان کردبوو؛ وەک قسەیەکی سەیریان بیستبێ و هەردووکیان لە دڵی خۆیانا کوتبوویان: یانی چی، چرۆ چ کارەیە، ئێمە داومانە و بڕاوەتەوە. بێ گومان ئەم قسەیان لە دڵ گران هاتبوو کە زاوای داهاتوویان ئێستە هیچ نەبووە ئەیەوێ لەگەڵ کچەکەیان تەنیا بێ. شێرکۆ ئەمەی لە ڕواڵەتی خەسوو و خەزووری داهاتوویدا بەدی کردبوو، بەڵام ئیتر هێزی پاکانەی نەمابوو، چونکە هەموو وزەی خۆی بۆ دەربڕینی قسەکەی پێشوو لە دەس دابوو.

نیو سەعات بێ دەنگ دانیشتبوون. تەنیا خشەی کراسی تازەی چرۆ جار جار هەوای کپی هۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەبوو شێرکۆ دەس بەقسەکردن بکا، بەڵام بڵێ چی. بیری کردەوە بڵێ ئەمڕۆ هەوایەکی خۆشی هەیە و ئەمە بکاتە سەرەتایەک بۆ وتووێژ، بەڵام لەم بیرە هەم ڕقی هەستا و هەم پێکەنینی هات. ڕقی هەستا لە خۆی کە بۆچ خووی بێگانەی گرتووە، ئاخر ئەو لە فیلمی سینەما و لە نووسراوەکانی نووسەرانی ڕۆژاواییدا دیبووی و خوێندبوویەوە کە سەرەتای هەموو ئاشنابوونێک بەم جۆرەیە: «هەوایەکی خۆشی هەیە، وا نییە؟» کچەکەش پێئەکەنێ و ئەڵێ: «بەڵێ زۆر خۆشە.» پاشان کوڕەکە ئەڵێ: «نەهارێک لە فڵان جێ بەمووسیقا و سەماوە؛ پێت چۆنە؟» کچەکە ئەڵێ: «باشە، زۆر باشە...» و ئیتر بوون بەئاشنا و کاریان تەواوە، یا بەسەرهاتێکی تر دەس پێ ئەکا: «ناوت چییە؟» «ئینابیلا، Tresa یا ماری Mary یا Rose ڕۆز.» - «بەهـ بەهـ چ ناوێکی جوانە، بەڕاستی جوانە.» کچەکە ئەڵێ سپاس و زەردەیەک دێتە سەر لێوی. پاشان بانگ کردنە بۆ سەما و ئیتر کاریان تەواوە. ئەڵێی ساڵهایە یەکتر ئەناسن. بەم ڕقی لە خۆی هەستا و بەمەش پێکەنینی هات کە ئەگەر بڵێ هەوایەکی خۆشە، ئەو کچە ساکارە کوردە چ حاڵێکی بەسەرا دێ. بێ گومان لەبەر خۆیەوە ئەڵێ مەگەر قسە نەمابوو کە باسی هەوا ئەکەی! ئێمە لەسەر دووڕێیانی ژیان وەستاوین و ئەبێ بەوردی و ژیری ڕێگایەکی ئەوتۆ هەڵبژێرین کە بگاتە ئاکامی بەختەوەری، کەچی ئەو باسی هەوا ئەکا.

شێرکۆ هەستی کردبوو کە لەمە زیاتر بێ دەنگی بەلای چرۆوە مانایەکی باشی نابێ، چونکە سێ چوار جار دیبووی کە چرۆ چاو ئەبڕێتە چاوی و باری دانیشتنی ئەگۆڕێ و ئەڵێی لەم بێ دەنگ دانیشتنە وەڕەز بووە. شێرکۆ کوتی: «چرۆ» و ئەو وەڵامی داوە: «بەڵێ!»

― «من و تۆ خەریکین دەست ئەدەینە گەورەترین کاری ژیانمان.»

چرۆ لە دەمی وەرگرتەوە: «نا گەورەترین کار نییە، بەڵام گەورەیە. یانی زۆر کار هەیە لە بەختەوەری من و تۆ بانترە.»

― «کە وەهایە تۆ قەبووڵتە کە ئەم کارە بەختەوەری من و تۆی تێدایە.»

چرۆ بەچاوێکی پڕ سکاڵاوە سەیری شێرکۆی کرد و کوتی: «تۆ لات وانییە من کچێکی ساکارم و تێناگەم ئەوین یانی چی؟ ئەگەر لات وا بێ هەم بێ ئینسافی و هەم بەهەڵە چووی.»

شێرکۆ لە تاسانی سەرەتای قسە کردن ڕزگاری هاتبوو و ئەیتوانی بەزەردەی پیاوانە و ڕوانینی گەرم هەستی خۆی دەربڕێ.

لە دەرەوە بایەکی بەتەزووی پایزی لە درزی دەرگا و پەنجەرەکانەوە خۆی بەژوورێدا ئەکرد و پەردەی ناو هۆدەکەی ئەلەراندەوە. ئەتکوت بێچووە پشیلەیەکی بزۆز خەریکی کایەکردنە بە پەردەکە.

شێرکۆ کوتی: «تۆ ڕازی؟»

چرۆ تەنیا بزەیەک گرتی و سەری دانەواند.

شێرکۆ کوتی: «بیری لێ بکە. ماڵێکی خۆش و خنجیلانە. کوڕ و کچی جوان!»

چرۆ لەبەر خۆیەوە کوتی:

― «ئاواتەکانت جوانن، بەڵام شکۆدار نین. تەنیا بۆ خۆم و خۆتە.» شێرکۆ بەسەرلێشێواوی پرسی: «دەیجا» و نەیتوانی قسەکەی تەواو کا. چونکە نەیدەزانی چرۆ مەبەستی چییە.

چرۆ ئەوی لەم سەرسامییە ڕزگار کرد: «بەختەوەری کاتێ تەواوە کە بۆ هەموو کەس بێ. بەچاوی گەش و کوڵمی سوور و لێوی بەپێکەنینەوە چون بژین، کاتێ فرمێسک لەسەر گوێسوانی هەزار چاو، سەما ئەکا و کوڵمی مناڵی دەردەدار وەک بەهێی زەرد وەهایە و لێوی بەباری هەژاران بەختەوەری تاکی من و تۆ ئەکاتە گەپجار؟! چۆن بێ دەربەست و سەرخۆش بەلای هەزاران کەمایەتیدا تێپەڕین، لە کاتێکا لە دەستمان نایە کارێکیان بۆ بکەین و نەمانکردووە!»

شێرکۆ لە ژێر لێوەوە کوتی ئەمەیە ڕازی مانەوەی ئادەمیزاد و بەرزتر کوتی:

«زەکاتی بەختەوەری دەسگیرۆیی هەژارانە. من و تۆش لەم سامانە خودا داوە زەکاتی ئاتاجان ئەدەین. ئەگەر بەختەوەر بین بەهێزترین بۆ یارمەتی خەڵک.»

چرۆ بەپێکەنینێک دەری خست کە دژی ئەو بڕوایەیە و کوتی: «بەڵام بەداخەوە بەختەوەران لە دەردەداران دوورن.»

شێرکۆ بەناڵینەوە کوتی: «پێویست ناکا ئێمەش وەها بین. ئەگەر ئادەمیزاد هەر لەسەر باری پێشووی بڕوا، پێشکەوت مانای نابێ. چ دەبێ من و تۆ یەکەم ڕێبواری ئەم ڕێگایە بین؟»

چرۆ دەنگی نەکرد، بەڵام وەک ئەوە ئەچوو بڵێ با وابێ.

گوێگرانی بەڕێز: بەرنامەکەمان لێرەدا تەواو بوو. چاوەڕوانی نووسراوەکانتانین و تا بەرنامەی داهاتوو هەمووتان بەخودای مەزن ئەسپێرین و سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ داوا ئەکەین. شەوتان باش.