ئەوین

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  2606 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ؛ قسەی دڵداری و ئەوین هەرگیز نابڕێتەوە. وا دیارە کاتێ گڵی ئادەمیزادیان خۆش ئەکرد، ئاوی ئەوینیان لێ پژاند یا کڵی ئادەمیزادیان بە ئاگری ئەوین هەڵگیرساند.

ئەوینی ئینسان، تەنیا برووسکەیەکی یەزدانییە کە مرۆ ئەباتە لای سەرتری بارەگای فریشتەی خواوە. ئەوین هەوێنی هەست و هان و هەناسە و هەبوونی ئینسانە.

ئەوینی پەرەدارترە لەوە کە تەنیا لە نیگای حەزلێکاریا، یا لە شۆر و شۆقی بەیەکگەیشتنی پیاوێک و ئافرەتێکا بگونجێ.

ئەوین نەفسی ژیانە؛ جوانییە، پاکییە، خۆبەختکردنە، ڕەنجکێشان و لەگەڵ دەردا جووتبوونە. تەنیا لە هەرێمی ئەویندا ئەم ڕازە بەرزە یەزدانییە مانای هەیە؛ بژی بۆ ئەوین، بمرە بۆ ئەوین... و ئێستە گوێتان لە پارچە پەخشانێک ئەبێ سەبارەت بە ئەوین و ئەو کاتە کورتە بەبەهرە و پیتانەی ئەوین کە بە تەرازووی زەمان و بەپێی ڕوانینی چاوی سەر، کەم خایەنن، بەڵام بەچاوی دڵ هەمیشەن و هەموو شتن، تۆشەی هەزار ساڵ ڕێگای بەهەوراز و لێژی ژیانن.

ئەمشەو زۆرتر لە شەوانی پێشوو تەنیام، بۆنی غەریبی پڕ بە هۆدەکەم شەپۆل ئەدا، بە شووشەی پەنجەرەی هۆدەکەما شۆڕاوەی باران نەرم نەرم دێتە خوارەوە. وەک پیرەپیاوێک کە لە گۆشەی خەڵوەت و بێ دەنگییا، لە ئێوارەیەکی زەرد و خەماوییا بۆ ڕەنجی خەسار، بۆ ڕۆژانی ڕابردووی بەهار، بۆ بووژانەوەی بیرەوەری هەزاران یادگار، ئەسرینی خوێنبار بڕێژێ.

خوای گەورە ئادەمیزادت چۆن داڕشتووە کە لە سینەیا بلوورێکی ناسک بە ناوی دڵ ئەبێ خۆ بگرێ لەبەر دەریای دەرد و خەم؟! لەبەر سەودای زۆر کەم؟! لەبەر ئاگری زۆر و ستەم؟!

ئەگەر ئادەمیزاد بەم هەستە ناسکەوە کە لە هەر تەلێکی بە هاتوچۆی نەرم و نیانی هەناسەیەک، هەزار نەغمەی پەژارەڕێژی داستانبێژ هەڵدەستێ، بەڵێ، ئەگەر لە ئەم هەموو ناسکییەدا پشتیوانێکی وەک ئەوینی نەبوایە، چی ئەکرد؟! ئەگەر گیانی نەمری «ئافرۆدیت» پاسەوانی نەبوایە، لەم شەوەزەنگی ژیانەدا بەرەو کوێ ئەچوو و لە کام هەڵدێری کڵۆڵییا گۆڕ ئەکرا؟

چی هەیە چەشنی ئەوین، کە گرینەکەی لە پێکەنین گیان پتر بگەشێنێتەوە و ڕەنج و پەژارەکەی شیرینتر بێ لە پێگەیشتن و شادمانی؟!

باران هەر ئەبارێ، بەڵام ئاسۆی زەرد و ئاڵتوونی تاجێکی کردۆتە سەر لووتکەی چیای ئەلبورز. ڕنووی بەفری چەن ساڵە وەک گەوهەری شەوچراغ لەسەر تاجی ئاڵتوونی چیا ترووسکەی دێ. گریانی هەور پڕ دوو چاوی شینی پەنجەرە و بزەی زەردەی ئێوارە پڕ بەزاری دۆڵ و شیوی چیا!

وا دیارە سروشتیش سەودای ئەوینی لەسەردایە کە بە چاو ئەگری و بە دەم پێئەکەنێ.

ئاخۆ من سروشتم، یان سروشت منە، کە هەردووک وەک یەک ئەگرین و پێئەکەنین!؟

ئەمڕۆ من چاوەڕێی گەڕانەوەی خۆشەویستێکم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا ترس و خورپە، وەک تەزووی بەرەبەیانێکی پاییز بە دەماری لەشمدا دەگەڕێ. لە پەنجەرەکەمەوە کە وەک چاوی کاڵی پاش گریان، ڕەنگی ئاڵ و واڵای لێ نیشتووە ئەڕوانمە سەر شەقام؛ دەنگی هەر سۆلێک لە پێشا وەک دەنگی مۆسیقا ئەهاتە بەر گوێم، بەڵام کاتێ تێئەپەڕی و دوور ئەکەوتەوە لە ڕۆ ڕۆی نەناسراوێک ئەچوو بۆ نەناسراوێکی تر. ئەوەندە بەرەو پیری دەنگی ئەو سۆلانە چووبووم و بەڕێم کردبوون، بێ ئەوە تەنیا جارێک نیگایەکی گەرم و ئاشنا لە ڕووم پژابێ، سەرم هاتبۆوە ئێش و ئێستە دوو دەماری ماندوو، دوو ماری شین لە ملمەوە هەڵگەڕاون و لە هەردوو لای تەوێڵمەوە خۆیان کێشاوەتەوە ناو مێشکمەوە.

نە، کاتی بێ بەزەیی تێناپەڕێ، خۆرەتاو لە کۆچی ڕۆژانەی بەرەو سەرای شەو دوودڵە، وەستاوە تا بزانێ چاوەنواڕیی ئادەمیزادێک بە کوێ ئەگا؟! ڕەنگە خۆرەتاو خۆی زۆری دەردی چاوەنواڕی چێشتبێ!! ڕەنگە بە شوێن دڵبەرێکی گومبوودا وێڵ بووبێ کە بە هەموو هەرێمی ڕۆژا ئەگەڕا و پاشان تەواوی مەڵبەندی شەوی ئەپشکنی!؟ هەر شەو و ڕۆژەی جارێک و هەرگیزیش نە ماندوو ئەبێ و نە دەس هەڵدەگرێ و تەنانەت چاوی گەش و پڕشنگداری لێک ئەنێ بۆ حەسانەوەیەکی کورت و پشوویەکی کەم خایێن.

گەرووی تاریکایی دوا دڵۆپی ڕووناکایی هەڵمژی، وەک قولەڕەشێکی سەرخۆش کە جامی ئاڵتوونی نیوە خاڵی بەسەرەوە نێ و یەکبین هەڵیدا.

من هۆدەکەم شەو بوو؛ چاوی شینی پەنجەرەکان بە حەریری ڕەشی شەو بەسترابوو، بەڵام لە دڵما هێشتا نوورێک وەک پڕشنگی ئەستێرەیەکی دوورە دەست، یا ئاگری دەشتەوان، لە شەوێکی تاریکا ئەدرەوشایەوە؛ وا دیارە خۆرەتاو لە دەروونا درەنگتر ئاوا ئەبێ! ئەبوو خۆم بە شتێکەوە خەریک کەم، چونکە لەم بێ دەنگییەدا، دەنگی لێدانی دڵم لە هەورە گرمە بەرزتر دەنگی ئەدایەوە و هەموو دەماری لەشم وەک تەلی تار لە ژێر پەنجەی زاڵی مۆسیقارێکی خەمبارا ئەلەرایەوە و پرووشەی خەم و ماتەمی ئەکرد. بۆ جاری دەهەم نامەکەیم بە دەستەوە گرت و خوێندمەوە، نووسیبووی:

«چیای من! پیاوی سەربەرزم! باڵداری بچووک تاسەی هێلانەکەی کردووە و خەریکە ئەگەڕێتەوە بۆ لات، باوەشی تۆ هێلانەی منە. چاوەڕوانم کە بە چەپکێ گوڵی شیعرەوە پێشوازم بکەی، لەو چەپکە شیعرانە کە هەموو ڕۆژێ بەیانی لە باخچەی زەوقت ئەتچنێ و بە خەیاتەی خاوی ئەوین ئەتبەست و لە گوڵدانی خۆشەویستییا ئەتچەقاند و کاتێ من هەڵدەستام، بۆنی چەپکە شیعرەکەی تۆ تێکەڵ ئەبوو لەگەڵ هەناسەی بۆنخۆشی چیای بە گوڵ خەمڵیو و شەپۆلی ئۆخەی بە لەشما ئەگەڕا...

لە بیرت ماوە تۆ ئەبووی بە «عیسا»ی من و من کە زوو ئەژاکام و لە هەوای دووکەڵاوی شارا لێڵ ئەبووم، وەک «ئەلعازر» خۆم بە دەستی زیندووکەرەوە و مەسیحاییت ئەسپارد و بە ئیعجازی دەستەکانت ژیانێکی نوێم دەس پێ ئەکردەوە، کە لە ژیانی ڕابردووم گەلێک جوانتر بوو...

ئێستە «ئەلعازر» کە مەرگی دووری پێ هەموار ناکرێ، ئەگەڕێتەوە بۆ لای مەسیحی خۆی. پەپوولە دیسان لەسەر گوڵ ئەنیشێتەوە و شۆڕەبی باخچەکەمان دیسان ئەبێتەوە جێژوانی چۆلەکەی وردیلە و عەجوول. ژیان دیسان واتەی تایبەتی خۆی ئەدۆزێتەوە و بەربەیانە ئەبێ بە هەمیشە، هەمیشەیەک بە درێژایی ژیانی من و تۆ؛ تا مەرگ بە ڕواڵەت لە یەکمان جیا کاتەوە!»

نامەکەی لێرەدا دوایی هاتبوو و من لەبەر خۆمەوە گوتم: «جوانترین چەپکە گوڵی شیعرم پایەندازی تۆ ئەکەم، تۆ کە جوانترین شیعری خودای.» سەرم هەڵبڕی و لە ژێر پەردەی حەریری فرمێسکا هەیکەلێکم دی لە بەردەرگا وەستابوو، دوو دڵۆپ ئەسرینی گەرمی شادی لە بەردەرگای چاوی هەردووکمانەوە ڕێگای سەرەولێژی گۆنای گرتە بەر و شەڵاڵ بوو. زمان لە کار کەوت و دوو باوەش کرانەوە و دوو ئادەمیزاد بوون بەیەک... باڵداری ئێسک سووکی من گەڕایەوە بۆ هێلانەی مات و چۆڵی خۆی.