4- پێشکۆی «ڤە ve» و پاشکۆی «وە we»

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 4 خولەک  102 بینین
لە شێوەی کرمانجیی نێوەڕاستدا پاشکۆی «وە we» ئەم دەورانەی خوارەوە دەبینێ:
  1. یا بەشێکە لە تەن (جِسمعەرەبی)ی چاوگەی کارەکە (مصدر الفعلعەرەبی) خۆی و جوێ نابێتەوە لێی. وەک ئەوەی دەڵێیت «بووژانەوە» یا «کولانەوە». لێرەدا «وە we» بەشێکە لە چاوگەی «بووژانەوە» و «کولانەو». چونکە «بووژان» و «کولان» بە تەنیا هیچ مانایەک نادەن بە دەستەوە و بە تەنیاش بە کار ناهێنرێن. واتا لە کوردیدا «دەبووژێ» و «دەکولێ» نییە. بەڵکو «دەبووژێتەوە» و «دەکولێتەوە» هەیە.
  2. یا بەشێک نییە لە چاوگەی کارەکە، بەڵام دەنووسێنرێ بە پاشکۆی کارەکەوە و بەوە ئەم کارانەی خوارەوە دەبینی:
    • یا مانای کارەکە بە جارێ دەگۆڕێ. وەک ئەوەی دەڵێیت: «خوێندنەوە». لێرەدا «وە» بەشێک نییە لە چاوگەی «خوێندنەوە». چونکە «خوێندن» بە تەنیا؛ مانایەکی تایبەتی هەیە و ووشەی «دراسةعەرەبی» یا «غناءعەرەبی»ی عەرەبی دەگرێتەوە. بەڵام کە «وە» نووسێنرا بە پاشکۆکەیەوە ئەو دەمە ماناکەی دەگۆڕێ و دەبێتە «قراءةعەرەبی» یا «مطالعةعەرەبی» یا «اهتمامعەرەبی».
    • یا دووپاتکردنەوەی کارەکە دەگەیەنێ. وەک ئەوەی دەڵێیت: «چوونەوە». لێرەدا «وە» بەشێک نییە لە چاوگەی «چوونەوە». چونکە «چوون» بە تەنیا مانایەکی تایبەتی هەیە و ووشەی «ذهابعەرەبی»ی عەرەبی دەگرێتەوە. بەڵام کە «وە» نووسێنرا بە پاشکۆیەوە؛ ئەو دەمە ماناکەی دەگۆڕێ و دەبێتە «جارێکی دی چوون»، واتا دووپاتکردنەوەی «چوون» (واتا «عودةعەرەبی»).
    • یا ئەوە دەگەیەنێ کە ڕێبازی کارەکە بۆ پاشەوەیە. وەک دەڵێیت: «سڵەمینەوە»، «پرنگانەوە»، «ترەکینەوە». «وە»ی کوردی لێرەدا دەوری پێشکۆی «باز» دەبینێ لە فارسیی تازەدا (بۆ وێنە سەرنجی کاری «باز کشیدن» بە مانای «کشانە دوواوە» بدەن).
ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە؛ ئەم «وە»یەی کوردی لە هێندێ لە شێوە ئێرانییەکاندا بە کار دەبرێ. بۆ وێنە لە شێوەی گێلەکیدا —کە شێوەیەکە هێشتا بە تەواوی ساخ نەبووەتەوە کە سەر بە چ کۆمەڵە زمانێکی ئێرانییە— ووشەی «ڤەکُن ve kon» بۆ «بکەوە=بکەرەوە» بە کار دەبرێ، کە بە فارسی «باز کُن»ە. بەڵام دیارە ئەم باسە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی فراوانتر هەیە کە جێی ئێرە نییە.
 
پاشکۆی «وە»ی کرمانجیی نێوەڕاست لە کرمانجیی ژوورووشدا هەر هەیە و هەر ئەو کارانەی سەرەوە دەبینێ. بەڵام ئەوە هەیە لە هێندێ لە زاراواکانی هەر ئەو شێوەیەدا، بەتایبەتی لە زاراوای بۆتان و جزیرەدا، ئەم پاشکۆیە دەبێتە پێشکۆ و لەجیاتی «وە» لەوێدا دەبێتە «ڤە ve». بۆ وێنە لەجیاتی: «ژیانەوە» و «گرتنەوە» و «شاردنەوە»؛ دەگوترێ: «ڤەژین» و «ڤەگرتن» و «ڤەشارتن».
 
بەلای منەوە، «وە» وەک پاشکۆ بمێنێتەوە باشترە لەوەی ببێتە پێشکۆ. بەتایبەتی چونکە لە هێندێ زاراوای کرمانجیی ژوورووشدا، وەک زاراوای بادینان، ئەم پێشکۆیە —وەک کرمانجیی نێوەڕاست— دەکەوێتە پاشەوە، بەڵام لەجیاتی «وە» دەبێتە «ڤە». بۆ وێنە بە «هاتەوە» دەڵێن «هاتڤە» و بە «گەڕایەوە» دەڵێن «گەڕاڤە» لەجیاتی «ڤەهات» و «ڤەگەڕیا». لە زمانی نووسینیشماندا، لام وایە، هەر بەم جۆرە بێ باشترە. واتا هەر وەک ئێستە بە پاشکۆیی بمێنێتەوە، بەڵام وەک «ڤە» دەرببڕرێ. بە کورتی «هاتەڤە» و «گەڕایەڤە»، لە نووسیندا بنووسرێن و چۆن دەخوێنرێنەوە و دەردەبڕرێن، ئەوە با هەر کەسە بە ئارەزووی خۆی، یا بە «ڤە» یا بە «وە» بیکا.
 
سەرنج: تکایە باسی دەنگی «و w» و «ڤ v» لە بابەتی فۆنۆلۆژیدا (ل ٥٩-٦١) بخوێنەرەوە تا بزانیت کەی و چۆن بەپێی چ جۆرە دەستوورێک دەبێ دەنگی «وە» بگۆڕینەوە بە «ڤە».