پیاوێکی خاسی شێرۆیە دێ و دەبینێ شیرین کوژراوە
لە کتێبی:
شیرین و فهرهاد
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
3 خولەک
32 بینین
پیاوێکی خاسی شێرۆیەی بێدین
هات کە سەیری کرد کوژراوە شیرین
شیرین مردووە لەگەڵ کەنیزان
هەموو لە خوێنا غەڵتانن یەکسان
بە یەلغار ڕۆیشت بۆ قەسری شێرۆ
بە هاوار هاوار بە شین و ڕۆڕۆ
سەیری کرد شێرۆ مەستی شەرابە
دەنگی تار و عوود، سەدای ڕووبابە
وتی بە شێرۆ ئەی خانە خەراب
شیرین مرد بۆچی ئەنۆشی شەراب
لەگەڵ کەنیزان مردووە شیرین
وەک گەڵای پاییز کەوتوون لە زەمین
شێرۆ کە بیستی مردنی دڵدار
شەراب لە دەمیا بوو بە زەهری مار
قومێ لە شەراب لە گەرووی گیرا
نە بۆی دەرئەهات نە ئەچۆوە دوا
حەوای دا لە دەست جامی زەڕنگار
هەڵسا لەسەر تەخت وەکوو شێت و هار
خۆی خستە خوارێ لە بانی تەلار
پارچە پارچە بوو شێرۆی بەدکردار
کۆیان کردەوە پارچەکانی زوو
زۆر لەعنەت کرا لە چارەی شێرۆ
شوشتیان بە ئاوی سەرا و تاقەوسان
بۆ شیرن کردیان شینی بێ سامان
پارچەیێ کەتان زوو کردیان کەفەن
نێژرا لای قەبری فەرهادی کۆکەن
هەموو کۆچیان کرد لە دونیای فانی
هیچ ڕایان نەبوارد بە کامەرانی
بەڵێ مەعلومە دنیای بێ وەفا
نامێنێ تاسەر بۆ شاهـ و گەدا
گەر لە دونیادا تۆ سلێمان بی
یاخۆ ڕۆستەمی مازندەران بی
یا ببی بە شای هەموو ڕووی جیهان
ببیە ئەسکەندەر یا نەوشیرەوان
ئەبێ شەرابی ئەجەل بنۆشی
بەرگی کەفەنی سپی بپۆشی
جێ بێڵی ماڵ و سەروەتی دونیا
قوڕ بەسەر ئەوە کە ماڵی ناخوا
یاڕەب بە حاجەت ڕەسوولی سەروەر
بە حەقی ئیعجاز پاکی پێغەمبەر
بە حەقی ئال و ئەسحابی نەبی
بە ئالوبەیتی شاهی عەرەبی
بە سیدقی سدیق، بە عەدلی عومەر
بە حەیای عوسمان، بە نازی حەیدەر
ببەخشە خەتای ئوممەتی موختار
با لە حزوورتا نەبن شەرمەسار
لە لایێ نەفسی پیسی ئەممارە
لە لایێ شەیتان، شومی بەدکارە
زەلیلی کردووین دیل و ئەسیرین
عاجز و پەشێو، لێو بەبار، زویرین
گەر بمان بەخشی ئەی خودای عالەم
لە کەرەمی تۆ هەرگیز نابێ کەم
دەوا مەخسووسی دەردەدارانە
عەفووی تۆش هەر بۆ گوناهکارانە
لوتفت بێ پایان، عەفووت عەمیمە
ئیسمت غەفوورە، شێوەت ڕەحیمە
ئەی خوای گەورە، هەر تۆی فریادڕەس
مەعلومە هەر تۆی بۆ بێ کەسان کەس
عەفو و کەرەمت زۆر بێ حیسابە
هەموو ئیرادەت عەینی سەوابە
ئێمەین خەتابار تۆ کەرەمکاری
پیشەت کەرەمە، هەر تۆ غەففاری
نامەی عەمەلمان سیایە وەک قیر
بە دەست نەفسەوە داماوین زویر
ئەی خاوەن کەرەم خودای بێ هەمتا
مەگەر لوتفی تۆ نەجاتمان بدا
ببەخشە خەتای عەبدی پڕ تەقسیر
ڕووڕەشی قاپی تۆ عەلی باپیر
هەرچەندە خەتای لە حەد بەدەرە
زۆر گوناهکار و بەد و بێ فەڕە
بەڵام چونکە تۆ ئەناسێ بە حەق
ئیمانی پێتە قەدیمی موتڵەق
هومێدی هەیە شەهەنشای شاهان
ببەخشی خەتای بە پێغەمبەران