ڕۆیشتنی شیرین بۆ سەر لاشەی فەرهادی شەهید

لە کتێبی:
شیرین و فه‌رهاد
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 4 خولەک  22 بینین
بانگی کرد وتی شەودێز بکەن زین
بە خوسرەو بڵێن ڕوخسەتدا شیرین
با بچم بۆ سەر فەرهادی شەهید
لە دیداری من بووە نائومید
کەنیزەکان چوون شەودێزیان هێنا
خەبەریشیان برد زوو بۆ خوسرەوشا
شاترانی شا کەوتنە بەر جڵەو
ڕۆیشتن لەگەڵ شیرینی خوسرەو
ئاوزەنگی لێدا شەودێز وەک باڵدار
غاری کرد هەتا شیرینی نازدار
چووە بێستوون بە دڵی ناشاد
چووە سەر لاشەی خوێناوی فەرهاد
دابەزی لە زین نقابی لادا
ڕووی مانگی شەوقی بە کۆ و چیا دا
گوتی ئەی هاوار شازادەی ماچین
ئاخری خۆت کوشت لە عەشقی شیرین
فەرهاد توخوا زوو هەڵسە لە خەو
وا هاتوەتە لات حەرەمی خوسرەو
زوو لە خەو هەڵسە ئەی شازادەی چین
گەرا گرتوویە وا ڕێگای شیرین
ڕێگاکەی قەسر هەروا لە بیرم
فەرهاد ڕەنجی تۆ بوو داوێنگیرم
جا دەریهێنا قوڵنگ لە سەری
خوێن بازرەقەی بەست زوو لە جگەری
بە بۆنی زوڵفی عەنبەربۆ شیرین
هێنایە هۆش خۆی شازادەی ماچین
تەکانی خۆیدا کە شیرینی دی
نەیتوانی لەبەر برینی کاری
ئیحترامی کرد بە دەم بۆ شیرین
وتی ئەمە تۆی قیبلەی دونیا و دین
شوکرانم بۆ زات خودای لامەکان
تۆ ماوی با من شەهید بم قوربان
هاتە جواب شیرین شای نەونەمامان
وتی ئەی فەرهاد دلێری دەوران
سەرت هەڵبڕە خۆ من شیرینم
بۆ زامی کاریت چاو بەگرینم
ئەی شازادی چین بۆ وات کردووە
چاو بەرزکەرەوە شیرین نەمردوە
لازم بۆ تۆ باش تەحقیق کەی خەبەر
ئەوساکە ببی دوچاری خەتەر
جوابی دایەوە فەرهادی کۆکەن
وتی فیدات بم شیرینی ئەرمەن
خۆ من کە بیستم ناوی مەرگی تۆ
هیچ فەرقی نییە ڕاست بێ یا درۆ
من سەرم ئێستا لەسەر ڕانت دی
ئیتر گەر بمرم خۆشە ئەی پەری
ئەم قسانەی کرد فەرهادی هەژار
گیانی تەسلیم کرد بە پەروەردگار
شیرینی ئەرمەن کە دی فەرهاد مرد
بە نینۆک گۆنای پارچە پارچە کرد
گۆنای بە ناخون پارە پارە کرد
تیپی خاڵانی زوو ئاوارە کرد
کەنیزان کردیان شینی بێ سامان
فرمێسکیان هەڵڕشت بە وێنەی باران
شیرینی ئەرمەن وتی فەرهاد گیان
گیانی شیرینت ببێ بە قوربان
شیرین بە قوربان چاوی مەستت بێ
فیدای قوڵنگ و هێزی دەستت بێ
سەرگەردی باڵای وەک عەرعەرت بم
قوربانی گۆنای گوڵی تەڕت بم
فیدای برینی سەخت و کارت بم
قوربانی قەتڵی نادیارت بم
قوربانی زۆری پاڵەوانیت بم
فیدای مردنی نەوجەوانیت بم
فیدای سەنگتاشی بێستوونت بم
فیدای حەسرەتی توێی دەروونت بم
سەرت هەڵبڕە چ وەختی خەوە
ئەمە شیرینی بانووی خوسرەوە
فیدای خەوت بم نازداری خاقان
بۆچی شیرینت وا کرد پەڕێشان
یاخودا فەرهاد لاشەت نەیێشێ
فەغفوور ئینتیزار باڵات ئەکێشێ
میرئاخوڕ بۆ تۆ ئەسپی کردوە زین
هەنگامی ڕاوە لە سەحراکەی چین
سوپای شاهی چین مات و داماوە
سەر بەرزکەرەوە جەرگمان بڕاوە
فەرهاد گیان بۆچی خەوت بردەوە
وەجاغی چینت وا کوێر کردەوە
جوابم بەرەوە شازادەی سەروەر
من شیرینی تۆم هەی خاکم بەسەر
شیرین قوربانی بێ سوودی ڕەنجت
وا بە میرات کەوت خەزێنە و گەنجت
لە ڕێی شیرین دا عومرت دا بە باد
یاخوا لە پاش تۆ نەنیشم دڵشاد
کۆکەنی ڕەشید باڵا باشم ڕۆ
شازادەی ماچین سەنگتراشم ڕۆ
بە بێکەس مردووی بێستوونم ڕۆ
زامار غەڵتانی خاک و خوونم ڕۆ
دەروێشی هەژار چۆڵان گەردم ڕۆ
بە فتوای خوسرەو گیان سپەردم ڕۆ
غەریبی ناشاد دڵ غەمگینم ڕۆ
شەهیدی ناکام بۆ شیرینم ڕۆ
یاری دڵنەواز چینی مەئوام ڕۆ
قاتڵی سپای زەنگی سیام ڕۆ
شیرینی ئەرمەن هێندە لالاوە
سەنگی بێستوون هەموو تاواوە
ئەیگوت چۆن نەمرم من لە تاوی دەرد
خەڵق ئەڵێن ئەوا سەنگتراشێ مرد
وەک من نازانن شازادەی چینی
شەهیدی عەشقی باڵای شیرینی
گەر خوسرەو فتوای قەتڵی تۆی دابێ
بە تیغی ئەڵماس جەرگی بڕابێ
جەرگی پارچە بێ ئەولادی هورمز
وەکوو تۆ بە خوێن لاشەی بێ قرمز
یاخوا پاشی تۆ شاد نەبێ ئازیز
عومری هەڵوەرێ وەک گەڵای پایز
حەرامە ئیتر خوسرەو لە شیرین
لەگەڵیا ناکەم سەر لەسەر سەرین