باسی چاوپێکەوتنی شیرین بە فەرهاد لە خەودا و عاشقبوونی

لە کتێبی:
شیرین و فه‌رهاد
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 8 خولەک  47 بینین
شەوێک نووستبوو شیرینی ئەرمەن
لە خەودا بینی فەرهادی کۆکەن
دەستی فەرهادی خستە مل شیرین
گوتی گیانەکەم ئەی شازادەی چین
پێم بڵێ بۆچی وا پەشۆکاوی؟
عاجز و زویری، هەڵبزرکاوی
ئەمەی وەختێ دی لە پڕ ڕاپەڕی
لە عەشقی فەرهاد یەخەی دادڕی
جا ڕۆژێ شاپوور گوتی بە شیرین:
بە سەرگەردت بم شۆخی نازەنین
حەز ئەکەم بچین بە خاتری شاد
تێر بکەین سەیری سەنگتاشی فەرهاد
بە کەنیزەکان ئەمری کرد شیرین:
بچن هەر ئێستا شەودێز بکەن زین
شاتران ڕۆیین دەرحاڵ دەستوبرد
شەودێزیان هێنا زوو بۆی زینیان کرد
سواری شەودێز بوو شای دیدەمەستان
لەگەڵ شاپوورا چوون بۆ تاقەوسان
شیرین گەیشتە تاق و موغاران
سووڕەتی خۆی دی کە لەگەڵ یاران
بە شاپووری گوت شیرینی ئەرمەن
بڕۆ بۆم بانگ کە فەرهادی کۆکەن
شاپوور بە تەعجیل چوو بۆ لای فەرهاد
گوتی ڕەنجی من تۆ نەدەی بە باد
شیرین هەر شتێ ئەپرسێ لە تۆ
ڕاستی پێ بڵێ هیچ مەکە درۆ
فەرهاد گوتی پێی شاپووری گیانی
بە قوربانت بێ گیانم مزگانی
دەستی فەرهادی شاپوور گرت بە دەست
بردی بۆ خزمەت شۆخی دیدەمەست
بە ئەدەبەوە فەرهادی غەمگین
سوجدەی بردە بەر خاک پای شیرین
شیرین فەرهادی وەختێ دی بە چاو
لە دڵی دەرکرد خەیاڵاتی خاو
سەری هەڵبڕی گوتی بە فەرهاد
مەسکەنت کوێیە پێم بڵێ ئوستاد
ئەگەر ئیش ئەکەی تۆ بە زیو و زەڕ
کەرەم ئەکەم پێت ئەڵماس و گەوهەر
کار بکە بۆمان لێرە ئەی وەستا
بکێشە شکڵی من و خوسرەوشا
جوابی دایەوە فەرهادی مسکین
گوتی فیدات بم شۆخی نازەنین
من هیچ ئیحتیاجی دوڕ و گەوهەر نیم
تالیبی گەنج و خەزێنەی زەڕ نیم
یاخوا تۆ خۆش بی بە دڵێکی شاد
ڕووحیشت ئەوێ ئەتداتێ فەرهاد
جوابی دایەوە شیرینی ئەرمەن
گوتی نەفام و شێتی ئەی کۆکەن
چاوت هەڵبڕە بزانە من کێم
چەن بێ ئەدەبی تۆ چی دەڵێی پێم
من شیرینی شۆخ بانووی خوسرەو شام
شازادەی ئەرمەن گەوهەرین کولام
ئێستا ئەمر کەم جەلادی خوێنڕێز
ئەتکا بە عیبرەت لە دەرگای پەروێز
فەرهاد ئەمەی بیست سەری خستە خوار
مات و غەمگین بوو زۆر خەجاڵەت بار
شیرین خەوەکەی جا هاتەوە یاد
گوتی لام وایە ئەمەیە فەرهاد
هاتەوە سەرخۆی شای نەونەمامان
لاواندیەوە وەک شیرین کەلامان
فەرمووی ئەی فەرهاد کێ وای کردوە لێت
بۆچ بەم نەوعە بویت دێوانە و سەرشێت
لە کوێوە هاتووی خەڵقی کام شاری
هەتا من بۆ تۆ بۆ بکەم غەمخواری
فەرهاد زۆر گریا گوتی نازەنین
منم شازادەی مەملەکەتی چین
لە شاپوور پرسە گەر ناکەی باوەڕ
بەسەرگەردت بم شۆخی نازپەروەر
بە شاپۆری گوت شیرن بێ درۆ
ئایا فەرهادە ڕاست بڵێ پێم تۆ
شاپور زۆر گریا گوتی بە شیرین
ئەمە فەرهادە پاشازادەی چین
لە عەشقی باڵات زویر و غەمگینە
بۆ تۆ عەوداڵی ڕووی سەر زەمینە
شیرین ئەمەی بیست نیقابی لادا
خۆی بە تەواوی نیشان فەرهاد دا
کۆکەن کە تەواو ڕووی شیرینی دی
لە سەریا عەقڵ و هۆشی دەرپەڕی
دەرحاڵ بێهۆش بوو کەوتە سەر زەمین
شیرین ڕانی خۆی بۆ کرد بە سەرین
سەری فەرهادی خستە سەر باوەش
بە بۆنی زوڵفی هێنایەوە هۆش
دەستی فەرهادی ساوی لە چاوی
ماچی کرد گۆنای هەڵبزرکاوی
کە هاتەوە هۆش پاشازادەی چین
لە شەرما هەڵسا دوور کەوت لە شیرین
بە ئەدەبەوە وەستا بەرامبەر
وەکوو خزمەتکار بە دەستەونەزەر
گوتی من هەرچەند شازادەی چینم
بەندە و غوڵامی دەرگای شیرینم
شیرین گوتی پێی ئەی بەرگوزیدەم
پێی غەریبی تۆ بە بانی دیدەم
یاخووا دونیا هەر بە کامت بێ
شیرینی ئەرمەن فیدای نامت بێ
غەم بدە بە با سەرم لە ڕیتە
ڕووح و دڵ و ماڵ سەرگەردی پێتە
هیچ خەفەت مەخۆ شای شیرین ئەندام
بە مەقسەدی خۆت ئەگەی بە مەڕام
جا شاپوور گوتی فەرزەندی سەروەر
موبارەکت بێ دیداری دولبەر
فەرهاد عەرزی کرد هەر تۆی غەمخوارم
هەر تۆی دایک و باب، هەم کەسوکارم
ئەمجا شیرینی ئەرمەن ئەمری کرد
خێمە و چادریان هێنا دەستوبرد
خێوەتیان هەڵدا زوو بۆ کۆهکەن
لە لالەزارا لە سەحنی چەمەن
شیرین خەبەری نارد بۆ خوسرەو شا
گوتی عەرزی کەن: ئەی شاهی جەم جا
میوانی هەیە شیرین، پادشا
ئەبێ تا چڵ ڕۆژ ڕوخسەتی بدا
فەرهادی هەڵگرت شیرینی نازدار
چوونە ناو خێمەی خاسی زەڕنگار
غەریب نەوازی کرد لەگەڵ فەرهاد
گوتی گەردنم زوو بکە ئازاد
دەست لە مل بکە، دەم لە ناوی دەم
یەکیان زۆر ماچ کرد بە دڵی خوڕەم
فەرهاد لە دڵا ئەیوت: ئەم حاڵە
ئاخۆ یا خەوە یاخۆ خەیاڵە
عەرزی کرد گوتی: یاری عەنبەر بۆ
پێمان بزانن ئەبین ڕەنجەڕۆ
هەتا کوو چل ڕۆژ شیرین و فەرهاد
عەیش و نۆشیان کرد بە دڵێکی شاد
لە بەدبەختی بەخت فەرهادی چۆڵگەرد
فەلەک ئەو عەیش و کەیفەی بەتاڵ کرد
ئاخری ڕۆژێ حەسوودی بەدکار
چوو بۆ خزمەتی شاهی تاجدار
گوتی زۆر عەیبە بۆ شای ڕووی زەمین
لەگەڵ سەنگتاشێ ڕابوێرێ شیرین
هەر کە ئەمەی بیست شای کەمەرلاڵان
غەم کەیف و زەوقی زوو برد بەتاڵان
وەزیرەکانی بانگ کرد دەستوبرد
ئەم ئەحواڵانەی بۆیان بەیان کرد
گوتی ئەم مەردە قورس و سەنگینە
کوڕی فەغفووری خاقانی چینە
ئەگەر من بکوژم ئەولادی فەغفوور
بەدناوی ئەبێ بۆم تا نەفخی سوور
وا چاکە لەگەڵ ئەو بکەم گرەو
ئەگەر بردیەوە شیرن ئەدەم بەو
بڵێم هەڵکەنە کێوی بێستوون
لە بەرد ئاو بۆ من بهێنە بیروون
جۆگە هەڵبەستە بە هەردەسەردا
ئاو جاری ببێ بە پشت و بەردا
گشت قبووڵیان کرد قسەی بە زەروور
ناردیان هێنایان فەرهادی فەغفوور
فەرهادیان هێنا سەنای شاهی کرد
سوجدەی بۆ تەختی برد بە دەستوبرد
خوسرەو جا گوتی فەرهادی دانا
ئەی سەنگتراشی بێ میسڵ و زانا
زەحمەت بکێشە من بکە مەمنوون
بچوو بتاشە کێوی بێستوون
ئاو جاری بکە ئازا لە سەردا
باخچەیەک بکە لە سای کەمەردا
قەسر و قەڵایێ تیا بکە بەرپا
وەک جامی جەهان نومای جەمشیدشا
تیا دروست بکە چەند حوجرە و تەلار
نەقاشی بکە بە نەقشی زەڕکار
ڕووی شانشین کە وەکوو کرماشان
تیا دانیشین خۆش و شادمان
ئاو جاری ببێ دایم لە سەردا
حەوزی جوان بکە لە فەڕش مەڕمەڕدا
ماسی لە ناویا بێت و بکەن گەشت
خۆش نما و جوان بێ هەر وەکوو بەهەشت
هەرچەند عاشقی باڵای شیرینی
عار نییە بۆ من شازادەی چینی
سەودای عاشقی خۆ زۆر قەدیمە
نە جێی عەیب و عار، نە ترس و بیمە
ئەم کارە نەکەی بۆم تۆ ئەی فەرهاد
ئەمر ئەکەم بدا لە سەرت جەلاد
فەرهاد ئەمەی بیست وتی شەهریار
تۆ هەرگیز مەکە بە قسەی بەدکار
شیرینی ئەرمەن بانووی پادشا
چۆن ناوی ئەبەم قوربان حەدم کوا
ئەگەر حەز ئەکەی بمکوژی قوربان
ئەمر کە جەلاد زوو بمکا بێ گیان
بەندە دوور کەوتم لە ماڵ و مەئوا
لە پەنای تۆ وام شەهریار ئێستا
ئەگەر بە ڕاستی ئەفەرمووی قوربان
حازرم لە ڕێت فیدا ئەکەم گیان
سەنگتاشی بە دەست بەندە ئاسانە
قولەی قاف لە دەست من هەراسانە
سوێند بخۆ وەختێ ئیشم تەواو بوو
نەکەی بە قسەی بەدکاری بەدخوو
نەکەی قەستی قەتڵ فەرهادی بێکەس
خاقانی چینی ئەبێ بە قەقنەس
ئەگەر بمکوژی ئەبەی نەدامەت
کەم شەرتیش ئەبێ هەتا قیامەت
خوسرەو ئەمەی بیست وتی ئەی فەرهاد
سوێندت بۆ ئەخۆم ببە خاتر شاد
بە قەبری هورمز پادشای کیبار
بە تاجی شاهی، بە نوور و بە نار
قەسەم ئەخۆم بۆت بە دارولمەجووس
بە دینی زەردەشت، بە حەقی ناقووس
بە حەقی بوت و هەم بە کلیسا
قەسەم بە ئیسمی پەیکەری عیسا
ئەمین بە لە من، خاترت جەم بێ
لە منەوە بەشت ئەبێ کەرەم بێ
فەرهاد عەرزی کرد خاترم جەمە
بەڵام ئەسپابی سەنگتاشیم کەمە
قوڵنگم دەوێ کە سەد مەن سەنگ بێ
پۆڵای سەوزەوار، کاری فەڕەنگ بێ
ئەبێ بە نەوعێ ئاو بدەن قوڵنگ
وەکوو داری بی پارچە بکا سەنگ
لە هاشە و پڕشەی ئەستێرە ڕەم کا
بە ساتێ سەد گەز سەنگ بۆم قەڵەم کا
خوسرەو کە بیستی ئەمە لە فەرهاد
ناردی هێنایان بۆ مەجلیس ئوستاد
ئەمری کرد هێنرا پۆڵای سەوزەوار
وەستایان هەموو دەستیان کرد بە کار
قوڵنگ تەواو بوو خوسرەو دەستوبرد
تەسلیمی دەستی فەرهادیان زوو کرد
شاپوور بە مەخفی وتی بە فەرهاد
عەشقی باڵای یار تۆ بهێنە یاد
هیممەت بکە تۆ تەواو کە کارت
تا نەسیبت بێ شۆخی دڵدارت
فەرهاد وتی پێی شاپوور هاسانە
کێوی قاف لە دەست من هەراسانە
ئەترسم خوسرەو کە پەشیمان بێ
شەرت و سوێندەکەی نەهێنێتە جێ
ئومێدم هەیە بە خودای یەکتا
بگەم بە وەسڵی شۆخی بێ هەمتا