ڕۆیشتنی مەجنوون بۆ ماڵی لەیلا

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 4 خولەک  18 بینین
مەجنوونی هەژار ڕۆژێک بەیانی
زوو هەڵسا لەگەڵ ڕەفیقەکانی
بە گریان و شین بە دڵی پر مەیل
ڕۆیشت بۆ دەوری ڕەشماڵەکەی لەیل
سەیری کرد لەیلا کە دانیشتووە
دەرگای ڕەشماڵی مەحکەم بەستووە
لەیلی دانیشتوە وەک مانگی تابان
مەجنوون ڕاوەستا وەکوو پاسەوان
لەیلی زوڵفی خۆی ئەکرد بە شانە
مەجنوون فرمێسکی ئەڕشت بە دانە
بەڵام لە ترسی بەدکار و ڕەقیب
هەر دوور بوون لەگەڵ یەکتر وەک غەریب
بە ترس و بە بیم لە خەوفی ئەغیار
هەموو شەو مەجنوون ئەچوو بۆ لای یار
باوکی لە داغا عاجز بوو حەزین
خزم و خوێشانی بۆی بوون دڵ غەمگین
نەسیحەتیان کرد زۆر پەندیان دادا
تا ئەهات مەجنوون شێت ئەبوو ڕیسوا
هەرچەن نەسیحەت زۆر سودمەندە
وەختێ عەشق هات چ جێگای پەندە
باوکی چەن پیاوی عاقڵی بانگ کرد
وتی تەدبیرم بۆ بکەن دەستوبرد
پیاوانی عاقڵ عەرزیان کرد هەموو
بچین خوازبێنی لەیلی بکەن زوو
باوکی قەیس لەگەڵ چەن پیاوی ناودار
هەڵسان ڕۆیشتن بۆ لای باوکی یار
ئەهلی قەبیلەی لەیلی دڵ ئارام
خەبەریان وەختێ زانی خاس و عام
پێشوازیان کردن بە میهرەبانی
حورمەتیان گرتن بە خۆش زوبانی
دیاری و خەڵاتی زۆریان برد بوو
دایان نا لە لای باوکی لەیلی زوو
باوکی لەیل وتی شێخی عامری
هەرچی ئەمر ئەکەی گەورە و سەروەری
بفەرموون هەتا زوویە جێی بێنم
ئەمرت ڕەوایە دڵت ناشکێنم
گەورە گەورەکان هەموویان یەکسەر
عەرزیان کرد وتیان ئەی گەورە و سەروەر
مەرحەمەتت بێ چاک تێفکرە تۆ
مەجنوون لە عەشقی لەیلی غەیر بوو
شێت و شەیدایە زار و نەزارە
لەیلی کەرەم کە تۆ بەو هەژارە
گەورەی عامری لە هەموو دونیا
مەشهوورە و خاوەن دەوڵەتە و سوپا
حیشمەت و ماڵ و خەزێنەی زۆرە
لە دەسەڵاتدا زۆر بێ قسوورە
کڕیاری دوڕڕە تۆش دوڕ فرۆشی
زوو پێی بفرۆشە ئەگەر بە هۆشی
هەرچی تەڵەب کەی لە ماڵی دونیا
لە زەڕڕ و لە زیو لە ماڵ و دییا
تەقدیمت ئەکا بە ئارەزووی دڵ
توش مەقسوودی ئەو زوو بکە حاسڵ
باوکی لەیل وتی قسەتان جوانە
بەڵام خۆ مەجنوون شێتە و دێوانە
جارێ بە دوعا و بە شێخ و مەلا
عەقڵی بێننەوە سەرخۆی ئەووەلا
ئەمجا لە پاشان لەیلی داوا کەن
ئەڵبەتە جوان نیە باسی لەیلا کەن
گەر مشتێ گەوهەر بدۆزیتەوە
بە کلکی بارگیر نایهۆنیتەوە
عەرەب زۆر ڕەخنە ئەگرن بە قوربان
ئێوە مەمخەنە بەر قسە و زوبان
عامری وەختێ کە ئەمەی زانی
زوو گەڕانەوە بە دڵ گرانی
ئەمجار مەشغووڵ بوون بە چارەسازی
مەجنوونیان بانگ کرد بە دڵنەوازی
بە دوعا و قسە و بە ئەفسوونەوە
بۆ نەسیحەتی گشت کۆبوونەوە
وتیان ئەی قەیسی چۆڵگەردی فەقیر
تۆ لە گوێ بگرە پەندی پیاوی پیر
هۆشت بێنەوە سەر تۆ لەمەولا
خۆت مەفەوتێنە بۆ خاتری خوا
دەخیل سەد دەخیل بۆ تیری تانە
بەو نەوعە مەکە خۆت بە نیشانە
لێو وێنەی یاقووت گەردن وەک بلوور
لە لەیلی جوانتر کچ زۆرە وەک حوور
لەیلی بە ئێمە خۆ بێگانەیە
بێگانە پەرست بەشی تانەیە
لە لەیلی جوانتر کچ هەیە هەزار
بۆت دێنین بۆ خۆت ئەبی ڕەستگار
مەجنون ئەمەی بیست لە قەوم و خوێشان
ناڵاندی حاڵی زۆر بوو پەرێشان
یەخەی دادڕی لەسەر هەتا خوار
وتی نامەوێ کفن هەی هاوار
هەڵسایە سەر پێ لە عەشقی لەیلا
گرتیە بەر ڕێگای کەژ و کۆ و سەحرا
وەک شێت ڕای ئەکرد لەم لا بۆ ئەولا
ئەیناڵاند ئەیگوت دەخیلم لەیلا
بە باڵای لەیلی شیعری هەڵ ئەدا
هەر کەسێ ئەیدی جەرگی ئەسووتا
ئەیگوت ئاوارە لە خان و مانم
رێگای ماڵی خۆم هەرگیز نازانم
نە لەبەر دەرگای خۆم هەمە جێگا
نە لەبەر دەرگای بڵندی لەیلا
گاهێ ئەم خەڵقە پێم ئەڵێن مەستە
گاهـ ئەڵێن شێتە و لەیلی پەرستە
خۆزگە ئەکەوتمە ناو گەرووی نەهەنگ
نەجاتم بوایە تا لە عەیب و نەنگ
ئەی بێ خەبەران تا زووە ڕا کەن
تێپەڕ بن ڕێگەی من بەڕەڵا کەن
لەیلی گیان وەرە تۆ بیتو خودا
دەست بدە دەستم هانا من هانا
بمخوێنەرەوە تۆ بە سەلامێ
گیانم تازە کە زوو بە پەیامێ
خۆ گوناهـ نییە گیانە لەیلام بە
لە هەزار شەوا شەوێک لە لام بە
عەشقت لە دڵما خۆ بێ زەواڵە
وا حاڵی نەبی کە هەر خەیاڵە