باسی میعراجی پێغەمبەر ﷺ
لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
21 بینین
ئەی گەورەی سەدری بارەگای کەونەین
ئەی فەخری عالەم شای قابەقەوسەین
باڵانشینی عەقڵ و هۆش و گیان
میحرابی هەموو ئەرز و ئاسمان
ناوی شەریف و کونیەت موئەببەد
لە فەلەک مەحموود لە ئەرز موحەممەد
ئیکسیری تۆ بوو ڕەنگی دا بە خاک
لەبەر تۆ خوڵقا زەمین و ئەفلاک
شەوێک ڕۆیشتی لە سەرای فانی
بۆ ئەوجی بەرزی، سەر ئوممەهانی
جیبریلی ئەمین تەوقی گرتە دەست
ئاسمانیش بۆ تۆ زوو کەمەری بەست
وتی مانگ و ڕۆژ چاوەڕوانی تۆن
وەختی خەو نییە هەڵسە زوو بڕۆن
وا ئارایشی سەرمەدە ئەمشەو
یەعنی میعراجی ئەحمەدە ئەمشەو
ئەو برقەی کەوا ناوی بوراق بوو
بۆ سواریت گەلێ بە ئیشتیاق بوو
سواری بوویت چوویتە سەربانی عالەم
هەتا تێپەڕ بووی لە چەرخی حەوتەم
جیبریلی ئەمین بە جێ ما لەوێ
فەرمووی بە دوعا خوا حافیزت بێ
سواری ڕەفڕەف بووی تا سیدرە ئەمجا
تێپەڕیت چویتە عەرشی موعەللا
لە عەرشی ئەعلاش دەرحال تێپەڕی
حەفتا حیجاب و پەردەت زوو دڕی
سیڕڕی کەلامی خودات بیست تەواو
جەلالی حەقت بینی بە دوو چاو
هەرچیت ویست هەمووت تەڵەب کرد لە خودا
هەرچیت تەڵەب کرد خوا بە جێی هێنا
بۆ ئێمە یەعنی بۆ گونەهکاران
هێنات بەراتی ڕزگاری قوربان
تو گەورەیی خۆت بە لوتفی عامت
شەفاعەت کە بۆ بەندەی بەدنامت
یەعنی بۆ بەندەی خۆت عەلی باپیر
سەگی دەرگاتە و ڕووسیایە و گیر