لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بزووتنەوەی بەدرخان پاشا (١٨٤٣ – ١٨٤٧)

لە کتێبی:
چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان
بەرهەمی:
کاوس قەفتان (1933-2009)
 24 خولەک  54 بینین
لەو ڕۆژانەدا کە بزووتنەوەی بەدرخان پاشا بەرپا بوو، کوردستان لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی چاوبرسیدا دابەش کرابوو، ئیمپراتۆریەتی فارس و عوسمانی. هەر دوو لایان لەمێژەوە لەسەر دابەشکردنی کوردستان لە مشتومڕ و شەڕ و هەرادا بوون. کوردستان بۆ هەردوو لایان نە وەکوو هەر وڵاتێکی شاخاوی و خاوەنی ستراتیجییەتێکی گرنگ بوو، بەڵکوو وڵاتێکی بە پیت و خاوەنی میللەتێکی ئازا و شەڕکەریش بوو.
 
هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە بۆ ئەوەی میللەتی کورد یەک نەگرێ، هەمیشە کنەیان دەکرد و میرنشین و دەرەبەگە کوردەکانیان دەکرد بە گژ یەکدا، هەوڵیان دەدا میللەتی کورد وەکو چۆن پارچە پارچە و دابەش کراوە بە چەند میرنشینی دەرەبەگی، هەروەهاش بمێنێتەوە و لاوازتر بکرێن و دوژمنایەتیی ناوخۆ لە کەڵکیان بخات تا قووتدانیان ئاسانتر بێ و نەیەڵن یەک بگرن و لەڕووی یەکێک یا هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەدا بوەستن. یەکێتیی گەلی کورد و پەیدابوونی کوردستانێکی یەکگرتوو نەوەکوو هەر کوردستانی لە کیس دەدان بەڵکوو هێزێکی سێیەمیشی بۆ دروست دەکردن کە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سوپاییەکانیان دەکرد و دواڕۆژیانی دەخستە مەترسییەوە.
 
هەر لە ساڵی ١٥١٦وە بە پیلانی سوڵتان سەلیم و هەوڵ و کۆششی مەلا ئیدریسی بتلیسی زۆربەی کوردەکان و میرنشینەکانی کورد لایان دایە لای دەوڵەتی عوسمانی. سوڵتانی عوسمانیی ناوبراو بەڵێنی دا کە ئەو میرنشینە دەرەبەگییانەی کورد سەربەخۆ بن و پشتاوپشت بۆ نەوەکانیان بمێنێتەوە، بە مەرجێک سەرانە و باجێکی ساڵانەی کەم بدەن، بەڵام لە کاتی پێویستا سەرباز بنێرن بۆ سوپای دەوڵەتی عوسمانی. بەم جۆرە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و میللەتی کورد لەباتی ئەوەی بەرەو یەکیەتی و یەک گرتن بچن بەرەو دابەش بوون و داپچڕان چوون، ئەمەش ئەنجامێکی باشی نەدا، ڕەنگە ئەنجامەکەی باش ببوایە ئەگەر یەکێک لەو میرنشینەکانی تری کوردستان داگیر بکا و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و، بەو جۆرە یەکیەتی کورد و یەکگرتنی کوردستانی بهێنایەتە دی، وەکو چۆن لە دواڕۆژێکی دووردا هەر بۆ نموونە ئیتاڵییایەکان و ئەڵمانەکان هێنایانە دی، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، چونکە نیاز و مەبەسی سوڵتان سەلیم و هەموو سوڵتانەکانی دوای ئەو بریتی بوو لە لەناوبردن و قووتدانی میرنشینەکان، جا یا لە ڕێی هێز و سوپای دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕاستەوخۆ، یاخود لەڕێی ئەوەوە کە دووبەرەکی و شەڕ و هەرا لە نێوان میرنشینەکانی کوردا داگیرسێنێ و هەردوولایان لاواز بکا و دوایی هەردووکیان قووت بدا.
 
لە ساڵی ١٨٢٨دا سوڵتان مەحموودی دووەم ویستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ببووژێنێتەوە و بەرگێکی نوێی بەبەردا بکا و مەکەزیەت بچەسپێنێ. لەم ساڵەدا لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە میرنشینەکانی کورد بە کار دەهات ژماری ئەو میرنشینانە تەواو کز بووبوو، تەنیا چەند میرنشینی مابوونەوە کە هەرە گەورە و گرنگەکانیان میرنشینی بابان و سۆران و بۆتان بوو، بە سەرۆکایەتیی بەدرخان پاشا.
 
بەدرخان پاشا هەستی بە مەترسی ئەو سیاسەتە کردبوو، لەبەر ئەوە هەر لە ساڵی ١٨٢١ەوە (محەمەد ئەمین زکی هاتنی لە ساڵی ١٨٢١دا دادەنێت، بەڵام لە لاپەڕەیێکی تردا دەڵێ ئەو ساڵە ڕاست نییە) کە کار و باری میرنشینەکەی گرتە دەست، کەوتە خۆی.
 
سوڵتان مەحموود، بۆ هێنانە دیی ئامانجەکەی هەوڵی دا مەرکەزیەت بچەسپێنێت، بۆ ئەمە پەلاماری میرنشینە کوردەکانی دا، سەرۆکە کوردەکانی لابرد و تورکی لە جێیان دانا. جا ئەگەر دەوڵەتی عوسمانی ئەم کارەی پەسەند کردبێ و بە شتێکی باشی دانابێ، بەڵام ئەم حوکمی ئەفەندییانە و سوپاکانیان بەلای جووتیار و گاوانەکانەوە و بۆ دەسەڵاتی میرەکانی بۆتان و بادینان شتێکی باش نەبوو. ئەمە هەستی ناڕەزایی لای میر و دەرەبەگەکان، وە لای خەڵکی وڵات وورووژاند. میرەکان لە بەر ئەوەی ئەو مافەیان لێ سەندرایەوە، کە پشتاوپشت بۆیان مابووەوە، وە بەمە لە بەرژەوەندی و هەستی نەتەوایەتییان درا، میللەتیش لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەم کارەدا ڕاستەوخۆ کەوتە بەردەم دەسەڵاتی تورکە دڵڕەقەکان و باری سەرشانی هێندەی تر قورس بوو. جاران لە ژێر دەستی میرەکانی خۆیاندا بوون کە پێوەندیی عەشیرەتی بە یەکەوە دەیبەستن و بە یەک زمان دەدوان، بەڵام ئێستا کەوتنە ژێر دەستی تورکێکی بێگانەوە، دڵڕەقانە دەیچەوساندنەوە، باج و سەرانەیێکی بێ ژماری خستبووە سەریان، ئەمانیش بەرژەوەندییان کەوتە مەترسییەوە، وە هەستی نەتەوایەتیان وورووژا.
 
سوڵتان مەحموود هەر بەوە نەوەستا، دەیویست سوپایێکی بەهێزیش دروست بکا، وە بۆ ئەم مەبەستە کەوتە سەرباز گرتن لە کوردەکان، ئەمانە دۆخەکەیان ئەوەندەی تر وورووژاند و بەرەو تەقانیان برد و هۆیێکی گەورە بوون بۆ ڕاپەڕینەکەی بەدرخان پاشا. مینۆرسکی دەنووسێ: داگیرکردنی کوردستان بەم جۆرە نوێیە، هۆیێک بوو بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی بەدرخان بتەقێتەوە لە ساڵی ١٨٤٣-١٨٤٦دا.
 
سیاسەتەکەی سوڵتان مەحموود بۆ چەسپاندنی مەرکەزیەت هەر بۆ ئەوە نەبوو دەوڵەتی عوسمانی ببووژێنێتەوە و بیباتەوە دۆخی جارانی، بەڵکوو بۆ لە ناوبردنی میرنشینەکانی کوردیش بوو، هەر لەبەر ئەمەش ئەم سیاسەتە بۆ میرە کوردە ناوەڕۆکێکی نەتەوایەتی وەرگرت، لە بەر ئەوەی ڕوخساری کوردایەتی لەو میرنشینە کوردانەدا کۆ بووبووەوە. بوونی ئەم میرنشینانە، ئەو هەستە نیشتمانپەروەرییەی کەوتبووە جم و جۆڵ لە ناو میرە کوردەکان و دەستە و تاقمە هوشیارەکانی کورد، ئەو قین و داخەی لەناو دڵ و دەروونی چینی زەحمەتکێش و جووتیارەکانا دژی دەوڵەتی عوسمانی دروست کردبوو، لابردن و نەمانی ئەو میرنشینانە و سەر بە کورد شۆڕکردنی کردبووە کارێکی پێویست.
 
هەر لەم سەردەمە و لەم ساڵانەیدا هێزێکی تر لە دەوڵەتی عوسمانی بە گشتی، وە لە کوردستانا بە تایبەتی چالاکانە سەری دەرهێنابوو، ئەویش گورج و گوڵی ئینگلیزە ئەمپریالیستەکان بوو. ڕووسیای قەیسەری زۆر لەمێژەوە دەوری لە کوردستاندا دەدی، وە کنەی لە دەوڵەتی عوسمانیا دەکرد. بەڵام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەمەوە، کوردستان بووە مەیدانی زۆرانبازییێکی سەخت لە نێوان ڕووسیا و بەریتانیا و دوا بە دواشیانا ئەمریکا. پێش ئەوەی بەدرخان پاشا دەست بە بزووتنەوەکەی بکا، بە چەندەها ساڵ بەریتانیا دەستی خستبووە کوردستانەوە، میسیۆنێرەکانی (بعثة دینیة) لەژێر پەردەی بڵاوکردنەوەی ئایینی دیانیدا، گەڕۆکە مەدەنی و سوپاییەکانی بە ناوی گەڕان و پشکنینەوە بە هەر چوار قوڕنەی کوردستانا گەڕابوون، نەخشەی کوردستان و عەشرەتەکانیان کێشابوو، گرنگیەتی کوردستانیان چی لە ڕووی ئابووری، وە چی لە ڕووی سوپایی و ستراتیجییەوە بۆ ئاشکرا بوو. ئیمپریالیزمی بەریتانیا وەکوو ڕووسیای قەیسەری بوونی ئاسووری و ئەرمەن و کلدانییان لە کوردستانا بە تایبەتی کردبووە داردەست بە نیازی جێ پێ قایم کردنی خۆیان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا و لووت خستنە ناو کار و باری ناوەوەی. لە زۆر شوێنی کوردستاندا لە ناو ئەو کەمە نەتەوەیی و ئایینیانەدا قوتابخانەیان کردبووەوە، نەک بە نیازی ئەوەی میللەتێکی دواکەوتوو لە ڕووی خوێندەوارییەوە پێش بخەن، بەڵکوو بۆ چاکە و سوود و ستراتیجییەتی دۆڵەتەکانیان بوو.
 
سیاسەتی قەبە و ناقۆڵا و کۆنەپەرەست و ڕەگەزپەرەستی کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر بەو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیانە و پرۆپاگەندەی ئایینی ئیمپریالیستەکان لەڕێی میسۆنێرەکانیانەوە وای کردبوو ئەوانە ڕوو بکەنە ئیمپریالیستەکان و چاویان لە یارمەتی و پاراستنیانەوە بێ، جا ئیمپریالیستەکان کە هەمیشە چاویان لەو ڕۆژەوە بوو ئیمپراتۆرییەتە نەخۆشەکەی عوسمانی بە لادا بێ و لاکەکەی لە ناو خۆیاندا دابەش بکەن، ڕازی نەدەبوون، بە تایبەتی بەریتانیا کە لەم وڵاتە لاواز و بێهێزەدا بزووتنەوەیەکی ڕێکوپێک و خاوەنی ئامانجێکی نیشتمانیی ڕەوان پەیدا ببێ، لە بەشێکی هەرە گرنگی ئەو ئیمپراتۆرییەتە واتە لە کوردستان لە ناوچەی بۆتان دامودەزگایێکی بەهێز و نوێی تێدا دامەزرێ و ڕستەکەی ئەو بکاتەوە بە خوری. لەبەر ئەمە پەیدابوونی میرێکی نیشتمانپەروەری وەکو بەدرخان پاشا کە چاوی نەک هەر لە سەربەخۆیی میرنشینەکەیەوە بوو، بەڵکوو ئامانجی دەوڵەتێکی کوردستانی سەربەخۆ بوو فراوانتر لە کوردستانی عوسمانی.
 
پەیدابوونی میرێکی وا و خاوەنی ئامانجی وا لەگەڵ ئامانج و مەبەسی ئیمپریالیستەکانا ڕێک نەدەکەوت. لێرەدا دەوڵەتی عوسمانی و ئیمپریالیستەکان دژی بزووتنەوەی ڕزگایخوازی کورد بە سەرۆکایەتی بەدرخان پاشای میری بۆتان یەکیان دەگرتەوە.
 
لە دەوروبەری ساڵی ١٨٤٣دا ئەو زرووفە سیاسییەی کوردستانی تێدا بوو، وای دەکرد کە بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد لە بۆتان کۆ بیێتەوە و بتەقێتەوە لە بەر ئەوەی بەهێزترین و گەورەترین میرنشینی ئەوسای کورد دروست بووبوو، لەبەر ئەوەش میرنشینە بەهێزەکانی تر وەکو میرنشینی ڕەواندزی پاشا کۆرە ماوەیێک لەوە پێش بە دەستی دەوڵەتی عوسمانی لەناو چووبوو، میرنشینی بابانیش تەواو لاواز بووبوو، جا هەر ئەم زرووفانەش وای کرد دەوڵەتی عوسمانی هەموو هێز و توانای خۆی ئاراستەی میرنشینی بۆتان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لەوێ بکا.
 
فراوانیی بزووتنەوەکە، ڕووداوەکانی، ئامانجە نیشتمانییەکانی، دەست تێخستنی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان، ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی بزووتنەوەکە لە چوارچێوەی کوردستانی عوسمانی وەکوو ڕووداوێکی ناوخۆ دەربچێ و بچێتە چوارچێوەیێکی جیهانییەوە. ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی کوردا، مەسەلەی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی قوارەیێکی جیهانی وەربگرێ.
 
بەدرخان پاشا لە ساڵی ١٨٢١دا کاری میرنشینی بۆتانی گرتە دەست، هەموو لایێک تەنانەت ناحەزەکانیشی دانیان بە هوشیاری و دووربینی و نیشتمانپەروەریەتییا ناوە. هەر لەو ڕۆژەوە کەوتە کار و بەکارهێنانی تاکتیکێکی تایبەتی، بە سوودبینین لە لاوازیی دەوڵەتی عوسمانی بۆ خۆکۆکردنەوە و بەرەبەرە ڕزگاربوون لە چنگی. لەم کارەیدا دووربینیێکی پیشان دا بە دەگمەن لەناو سەرۆکە کوردەکانی ترا بووە. هەستی نیشتمانی وای لێ نەکرد پەلە بکا و بە سەرگەرمی و هەڵەشەیی ئامانجە دوور و نزیکەکانی بە لەناوبردن بدا. ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆی دانا. بۆ هێنانە دیشی بناغەیەکی قایمی داڕشت، واتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی لە شێوەیێکی عەفەوی دەرهێنا، دووربینییەکەی وای لێ کرد هەست بەوە بکات کە میللەتی کورد بۆ ڕزگاربوون و سەرفەرازی پێویستی بە دوو شتی گرنگ هەیە، یەکەمیان، یەکگرتنی هۆزە کوردەکان لەسەر ڕێ و شوێن و لە بەر ڕووناکیی بیر و باوەڕێکی ڕوونی دیارکراو کە سەربەخۆییی کوردستان بوو، دووەمیان، دانانی دامودەزگایێکی دروستکردنی چەک و جبەخانە، وە پشت بەستن تەنیا بە کورد و هێز و توانای تایبەتی خۆی، ئەمە جگە لە ئاوڕدانەوەی ڕاستەقینە لە دۆخی زەحمەت کێشان و کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان. لە ئەنجامی تاقیکردنەوە و مێژووی گەلی کوردەوە ئەو ڕاستییانەی بۆ ئاشکرا بوو. مێژووی گەلی کورد کە هەمیشە بریتی بوو لەوەی هۆزەکانی بە هاندانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت خەریکی یەکتر خواردن و بوونە سەرباز و دارەدەستی ئەم و ئەو، وە نیازی سوود و چاکەی لای تر خوێنی یەکتر ڕژاندن بوون.
 
بڕواکردن بە هەر دوڵەتێک و پشت پێ بەستنی کارێک بوو بە ئاشکرا دەرکەوتبوو کە هەموو دەوڵەتەکان بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆیان ئامادەبوون لە هەموو کاتێدا کورد بفرۆشن و پشتی تێ بکەن. لەبەر ئەمە کۆششێکی زۆری کرد بۆ دانانی کارگەی چەک و جبەخانە. بە زۆر بە خوایشت کەوتە یەکخستن و ڕێکخستنی سەرەک عەشیرەت و میرە کوردەکان لە ژێر سایە و دەسەڵاتی خۆیدا، پیاوی دەناردە لای هەموو سەرۆکێک و داوای یەکگرتنی لێ دەکردن، وە سەرفرازیی کوردستانی بۆ کردن بە دروشم، بۆ هێنانە دیی ئەم مەبەسە «پەیمانی پیرۆزی» لە نێوان سەرۆکە کوردەکانا بەست. پەیمانەکەی بە پیرۆز ناو برد چونکە ئامانجەکەی کە سەرفەرازیی کورستان بوو ئامانجێکی پیرۆز بوو .
 
میللەتی کورد لەو سەردەمەدا لە دەوری دەرەبەگیدا بوو، دەرەبەگیش وەکوو چینێک بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە سەرووی بەرژەوەندیی میللەت و نیشتمانەوە بە وشە و دروشمی پیرۆز نابزوێ، بۆ ئەم جۆرە دەرەبەگ و سەرۆکانە چاوترساندن و هەڕەشەی بە کار هێنا. جا ئەم هەڕەشانە لە لایێک، وە سیاسەتە پڕ لە مەترسییەکەی دەوڵەتی عوسمانیش لە لایەک، وای کرد ئەمانەش لا بدەنە لای بەدرخان بەم جۆرە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکە کوردەکان لە دەوری کۆ بوونەوە. هەر بۆ نموونە وەکو میر نووروڵڵای هەکاری و خان مەحموودی مەکس کە دوو میری زۆر گەورە بوون. ئەوەی گرینگ بێ ئەوەیە هەر سەرۆکەکانی کوردستانی عوسمانی نەبوون هاتنە ناو پەیمانی پیرۆزەوە، بەڵکوو میری ئەردەڵانی کوردستانی ئێرانیش هاتە ناویەوە. هاتنی میری ئەردەڵان هەر مانای بەهێزبوون و فراوانیی سنووری بزووتنەوەکەی نەدەدا، بەڵکوو ناوەڕۆکێکی نوێی نەتەوایەتیشی پێ بەخشی، بەوەی کوردستان یەک خاکە و میللەتی کوردیش یەک میللەتە و خاوەنی یەک ئامانجە، جا با دابەش و پارچە پارچەش بێ. ئەمە گیانێکی نوێی کرد بە بەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردا، وە تا ڕادەیێکی زۆر لە چوارچێوەی ناوچەیی و ئامانجی دەرەبەگایەتی دەری هێنا. پرۆپاگەندە کردنیش بۆ بزووتنەوەکە و وشیار کردنەوەی میللەت تەووژمێکی نوێی پێ بەخشی.
 
هیچ بزووتنەوەیەک ناچێتە ناو دڵ و دەروونی میللەتەوە ئەگەر ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریشی نەبێ، لەم ڕووەشەوە بەدرخان کەمتەرخەمی نەکرد، بە پێی توانا زەویی بەسەر جووتیارەکانا دابەش دەکرد، باج و سەرانەی سەرشانیانی کەم کردەوە و هەر لەبەر ئەمەش بوو لە زۆر ناوچەکانی کوردستانەوە خەڵکی دەهاتن بۆ ناوچەی بۆتان بۆ کارکردن.
 
بەدرخان پاشا جڵەوی ئاسایشی گرتە دەست، بە بەڵگە باشترین نموونەی دایە دەست کە میللەتی کورد دەتوانێ زۆر بە باشی خۆی بەڕێوە بەرێ، لە هەموو ئەو ناوچە فراوانەی لە ژێر دەستی بەدرخاندا بوو لە کوردستان، ئاسایش بە جۆرێک ڕەگی داکوتابوو، وە تەشەنەی کردبوو، لە هیچ ناوچەیێکی تری دەوڵەتی عوسمانیدا بە چاو نەدەکرا. بوونی ئاسایش لە ناوچەکانی بەدرخان بووبوو بە نموونە، دەوترا «منداڵ دەتوانێ بە دەستی پڕ لە زێڕەوە بە هەموو وڵاتی بەدرخانا بڕوا و نەترسێ».
 
بێگومان ئەمە نەک هەر بووە هۆی ئەوەی ناوی بەدرخان و بزووتنەوەکەی پەرە بسێنێ بەڵکوو بووە هۆی ئەوەش ئەوەندەی تر فراوان بێ و بڕوای میللەتی پێ زیاد بێ.
 
کارێکی هەرە گرنگی بەدرخان ئەوە بوو بە چاوێکی دۆستانە و برایانە سەیری کەمە نەتەوەییە ناموسوڵمانەکانی دەکرد و وەکوو ئاسووری و کلدانی و ئەرمەنەکان. باری سەرشانی لە ڕووی باج و سەرانەوە سووک کردن بگرە ئەو ناتۆرە دەرەبەگی و کۆنەپەرەستانەشی لەسەر لا بردن کە لێیان بووبوو بە تەوق. جاران دەبووایە دیان یان فەلەیێک لەسەر وڵاخیش ببوایە بهاتایە خوارێ ئەگەر دەرەبەگیکی کوردی بدیتایە. بە چاوی سووکەوە سەیر دەکران. بەدرخان پاشا ئەمانەی لا برد و هاوسانی بەسەر هەمووانا سەپاند و بگرە هەتا هانی ژن و ژنخوازیشی لە نێوانی موسەڵمان و گاوورەکان دەدا. سەربەستیی ئایینیان هەبوو، ئەوە بوو هەر لە بۆتاندا نزیکەی هەفتا بنەماڵەی گاوور هەبوون و خاوەنی کڵێسەی تایبەتی خۆیان بوون. لەمەش گرنگتر لە پرۆگرامی بزووتنەوەکەیدا بەدرخان پاشا دانی بە مافی ئەم کەمایەتییانەدا نا و بەڵێنی خودموختارییان درایێ دوای دەست خستنی سەربەخۆیی کوردستان. ئەمە بزووتنەوەکەی تەواو لەڕووی ناوەرۆک و مرۆڤایەتییەوە بەرەو پێشەوە برد و ڕوخسارێکی تەواو پێشکەوتووی دایە و هەر لەبەر ئەمەش بوو ئەو میللەتانە لە دەوری بزووتنەوەکە کۆ بوونەوە و بەدرخانیان بە سەرۆکی خۆیان دانا. ئەمەش خۆی لە خۆیدا باشترین و ڕاسترین بەڵگەیە بۆ بە درۆ خستنەوەی ئەو وتە ناڕاستانەی لە لایەن ناحەزەکانی بزووتنەوەکەی بەدرخانەوە وەکو ئیمپریالیستەکان و کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی دەخرانە تەک بزووتنەوەکەی بەدرخان بەوەی گوایا دزی دیانەکان بێ.
 
کە بەدرخان لە خۆ ئامادەکردندا گەیشتە ئەم ڕادەیە دەوڵەتی عوسمانی تەواو ترسا، ویستی بە دەم چەورکردن ڕێبازی خەباتەکەی بگۆڕێ بەڵام سەرنەکەوت. هەوڵی دا بە فڕ و فێڵ لەناوی بەرێ، بەڵام بەدرخان پاشا لە ناپاکیەتیی کاربەدەستانی عوسمانی شارەزاییی پەیدا کردبوو. دەسەڵاتی بەدرخان پاشا هەتا دەهات پەرەی دەسەند، ناوچەیێکی فراوانی کوردستانی گرتەوە، هەر لە خوارووی گۆمی وان و ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەتا دیاربەکر و مووسڵ بەدەست بەدرخانەوە بوو، جا هیچ شتێک لە وێزەی بەدرخان پاشا نەهات نانەوەی دووبەرەکی ئایینی نێوان کورد و ئاسووریەکان بوو بە باشترین ڕێگە بۆ لێدانی بەدرخان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. بە هەموو جۆر کەوتنە هاندانی ئاسووریەکان، ئیمپریالیستەکانیش بە تایبەتی بەریتانیا لەڕێی میسۆنێرە ئایینییەکانیانەوە بە گەرمی چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانی و کەوتنە هاندانی ئاسووریەکان کە بەدرخانیش دەستی لێیان وەشاند لە پێش هەمووانەوە دەنگی ناڕەزاییان بەرز کردەوە و داوای لێدانی بەدرخانیان کرد، چونکە باشترین هەلیان بۆ هەڵکەوت بەدرخان و بزووتنەوەکەی تێدا لەناو بەرن. لەم ڕووەوە لازاریێڤ دەنووسێ: ئینگلیزەکان ئاسوورییەکانیان هان دا و هەر خۆشیان کەوتنە گلەیی کردن لای دەوڵەتی عوسمانی و داوای سزادانی بەدرخانیان کرد.
 
ئاسوورییەکان بە درۆ و دەلەسەی ئیمپریالیستەکان هەڵخەڵەتان و لەڕووی بەدرخان پاشادا ڕاست بوونەوە و ڕازی نەبوون بەوەی باج و سەرانەی بدەنێ وەکو جاران دەیاندایێ.
 
هەموو بزووتنەوەیەک لە پێش هەموو شتیکەوە نە ناوەوە خۆی کۆ دەکاتەوە و لە دوژمنی پاک دەکاتەوە، مەترسیی دوژمنی ناوەوە هەمیشە لە دوژمنی دەرەوە کوشندەترە. سەرۆک و کاربەدەستانی ئاسوورییەکانی هەکاری بە هاندانی دوژمنەکانی هەردوو لا کە ئیمپریالیستەکان و عوسمانییەکان بوون هەڵخەڵەتان و چاویان پۆشی لە چاکە و سوودی برایەتی و ئەو دواڕۆژەی دەستیان دەکەوت ئەگەر بزووتنەوەکەی بەدرخان پاشا سەر بکەوتایە، لەمەشدا هەست و هوشی ئایینی دەورێکی باڵای دی، بەمە خۆیان خستە ڕیزی دوژمنانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی بەدرخانەوە، لەمەشدا هەر ڕەش و ڕووتەکانیان زیانیان پێ گەیشت، بەدرخان پاشاش بەرەنگار کردنیانی بە کارێکی نیشتمانیی سەرشانی دادەنا، ئەگینا هەستی ئایینی ئەو دەورەی نەبوو. سۆن لەم ڕووەوە دەڵێ: تورکەکان ئاسووریەکانیان هان دا، دوایی بەدرخان پاشاشیان هان دا تۆڵەیان لێ بسێنێتەوە بەو مەبەسەی لە ناویان بەرێ، ئەگینا میللەتی کورد قەت ڕۆژێ لە ڕۆژان خراپەی دژی دیانەکان نەکردووە و بگرە بەپێچەوانەوە دۆست و هاوڕێ بوون.
 
بەلای بەدرخانەوە مەسەلەکە ئایین و ئاسووری نەبوو بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە چاوی لە دوژمنێک نەدەپۆشی، کورد بووایە یا ئاسووری، گوایا هەر لە سەرەتای بزووتنەوەکەوە بە چاوترساندن و دەست وەشاندان، ئەو سەرۆکە کوردانەی سەرشکێن نەکرد کە لایان نەدەدایە لای بزووتنەوەکەی و سەرکیشییان دەکرد؟ بەڵێ! ڕاستە بەدرخانیش بە توندی دەستی لێ وەشاندن، هەموو جورە ناکۆکییێک لەم بابەتە لە کوردستانا بە ئاشت بوونەوە بڕاوەتەوە، بەڵام ئەمجارە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی و ئیمپریالیستەکان ئاگری ناکۆکییەکەیان خۆش دەکرد و وازیان نەدەهێنا و لە ناوەوە و لەدەرەوەش پرۆپاگەندەیێکی تیژی فراوان دژی بەدرخان پاشا و بزووتنەوەکەی کرد. مەسەلەی ئاسوورییەکانیان کرد بە کراسەکەی عوسمان، بەو نیازەی ناوی بەدرخان پاشا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بزڕێنن، بگرە توانیشیان ڕای گشتی جیهانی لێ ڕاست بکەنەوە، پیلانەکە لە لایەن ئیمپریالیستی بەریتانیاوە دانرابوو. بەریتانیا ڕازی نەدەبوو سەرۆکێکی بە توانای وەکو بەدرخان بتوانێت میللەتی کورد لە خۆی کۆبکاتەوە و بزووتنەوەیەکی وا ڕیکوپێک و بەهێز و خاوەن ئامانج لەکایەدا بێ، ئەگەر یەک ئاسووری خوێنی بڕژایە بەریتانیا ئەمەی هەر دەکرد. ئیمپریالیستی بەریتانیا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا یەک بوو بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەکە، ئەم کارەشی بە دەوڵەتی عوسمانی سپارد، بۆ ئەوەش نەک هەر کورد، بەڵکوو دەوڵەتی عوسمانیش ئەوەندەی تر لاواز بێ و بەوە بتوانێ پیلانەکانی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بباتە سەر.
 
پەلاماردانی ئاسوورییەکان لە لایەن بەدرخانەوە بوو بە بیانوویێک بۆ دەوڵەتی عوسمانی بە سوپایێکی زۆرەوە هێرش بباتە سەر بەدرخان. شان بە شانی ئەوەش ڕۆژنامەکانی ئەورووپا و بگرە هەتا چەند نووسەرێکیش کەوتنە ناوزڕاندنی بەدرخان پاشا و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی، ئەوەتا لایارد دەنووسێ: کاربەدەستانی عوسمانی دوایی توانییان دەرەقەتی ئەم یاخیبووە بێن کە جارەهای جار سەرکێشی لە ڕووی دەوڵەتا دەکرد. بەدرخان و عوسمان پاشای سەرکردەی هێزی سوپای ڕێک کەوتن و بەدرخان خۆی دا بەدەستەوە. کاربەدەستانی تورک پیاوانە بەڵێنەکەی خۆیان بردە سەر و بەدرخان پاشایان بە دەستبەسەری ناردە دوورگەی کاندیا (شوێنێکە دەکەوێتە دوورگەی «کریت»ەوە). ئەم سزایە گەلێ کەمتر بوو لەوەی لەسەر تاوانەکانی هەڵی دەگرت.
 
گومان لەوەدا نییە کە مەسەلەی ئاسوورییەکان زیاد لە پێویست زل کرا و ئەمەش تەنیا بۆ نیاز و مەبەسی ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوو، سەرۆکەکانی کورد لە ترسی ئەوەی دواڕۆژی بزووتنەوەکە نەکەوێتە مەترسییەوە پەلاماری ئاسوورییەکان دا و لەمەشا کورتبینییان کرد، سەرۆکە ئاسوورییەکانیش ساویلکانە بە پیلانی ئیمپریالیستەکان هەڵخەڵەتان و ئەوانیش دڵڕەقییان پیشان دا، ئەوەتا یەکێک لە بە دیل کراوەکانیان کە مەلەک ئیسماعیلی ناوە دانی بەوە داناوە کە بیست کوردی کوشتووە و برینداربوونەکەی نەبووایە زۆرتریشی دەکوشت.
 
مەسەلەی ئاسوورییەکان خرایە قەوارەیێکی ترەوە و تەواو زل کرا، ئەگینا لە ڕۆژانی ڕابردوو و نوێدا گەلێک ڕووداوی لەمە خوێناوی تر ڕووی داوە و باسیش نەکراوە و گەورەش نەکراوە. هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە شارستانیەت گەلێک پێشکەوتووتر بوو لە ڕۆژانی بزووتنەوەکەی بەدرخان کەچی میللەتانی بەلقان کە دژی دەوڵەتی عوسمانی هەڵسان کوشتارێکی بێژمارەیان لە موسوڵمانەکان کرد. بێدەنگیی ئەورووپاش گەیشتە ڕادەیێک هەتا یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکانی بەریتانیا نامەیێکی بۆ ڕۆژنامەیێکی بەریتانی نووسی تێدا دەڵێ: ئەگەر ئەو دەنگوباسی کوشتارەی پێم گەیشتووە ڕاست بێ، وە هیچی واش نییە بە درۆیا بخاتەوە، ئەم کوشتارەی لەم سەدە نوێیەدا بە ناوی گاوورییەوە دەکرێ، وە ئەم بێدەنگییەمان لەم ڕووداوانەدا هەموو موسوڵمانمان لێ دڵگیر دەکا، چونکە دەزانن ڕۆژی خۆی چیمان کرد کاتێک کوردەکان یان ئەڵبانییەکان چەند گاورێکیان کوشت.
 
باڵوێزی بەریتانیا بەتوندی ناڕەزایی دەربڕی و بە ڕەسمی داوای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد و فەرەنسەش لەمەدا پشتی گرت، کە لووتی بەدرخان بشکێنێ و ئاسوورییەکان بپارێزێ، بەم جۆرە وەکو لازاریێڤ دەنووسێ: «میللەتی کوردستان یەکەم دەرسیان لە دەست خستنە ناوەوەی دەوڵەتە ئەورووپییەکانەوە وەرگرت، وە دەوڵەتی عوسمانیش بۆ هەلێکی وا دەگەڕا هەتا تاوانی کورد کوشتنی نەخەنە ئەستۆ، سوپایێکی بێژماری ناردە سەر بەدرخان، بەم جۆرە بزووتنەوەکەی بەدرخان گەییشە پلەی خەباتی چەکدار بۆ هێنانە دیی ئامانجەکانی گەلی کورد، ئەو خەباتەی سێ ساڵ بەردەوام بوو (١٨٤٣ – ١٨٤٧). لە یەکەم هێرشدا عوسمانییەکان شکان و بەدرخان پاشاش هەنگاوێکی ئازایانەی هەڵهێنا و بانگی سەربەخۆیی کوردستانی دا. بەڵام بە هۆی خەیانەتی یەزدان شێری سەرکەردەی هێزێکی گەورەی بەدرخانەوە عوسمانی توانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە بکوژێنێتەوە.
 
سەرچاوەکان
 
١- ڕۆژنامەی کوردستان، کۆکردنەوە و پێشەکیی دوکتۆر کەماڵ فوئاد، بەغدا ١٩٧٢.
 
٢- محمد امين زكي، خلاصة تاريخ الكرد و كردستان، ترجمة محمد علي عوني: القاهرة ١٩٣٩.
 
٣- س.هـ.لونگریک. اربعة قرون من تاريخ العراق الحديث، ترجمة جعفر خياط، الطبعة الثالثة، بغداد ١٩٦٢.
 
|٤- ف.ف.مينورسكي، الكراد – ملاحضات و انطباعات، ترجمة و تقديم و تعليق الدكتور معروف خزندار: بغداد ١٩٦٨
 
٥- م.س.لازاریێڤ، کوردستان و مەسەلەی کورد، مۆسکۆ، ١٩٦٤ (بە ڕووسی).
 
٦- د.شاكر خصباك، المسالة الكردية، بغداد ١٩٥٩.
 
٧- بلەج شێركۆ، القضية الكردية، القاهرة ١٩٣٠.
 
٨- ن.ئا.خاڵفین، خەبات لە ڕێی کوردستان، مۆسکۆ ١٩٦٣، (بە ڕووسی).
 
٩- ئارشاک ساڤراستیان، مێژووی کورد و کوردستان: گۆڕینی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی: عەبدوڵڵا شاڵی، سلێمانی ١٩٦٠.
 
١٠- الدكتور علي الوردي، لمحات اجتماعية من تاريخ العراق الحديث ج٣، بغداد ١٩٧٢.