ئامۆژگاری

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  56 بینین
دڵی خۆش نەبێ بە دونیای ناکەس
وەفای هیچ نییە دونیا لەگەڵ کەس
دەڵێن ئەفلاتوون دائیم دەگریا
عەرزیان کرد گوتیان حەکیمی دانا
سەبەبی چییە کە تۆ ڕۆژ و شەو
دائیمەن دەگریت بە چاوی بێ خەو
فەرمووی من بۆیە دائیم گریانم
هۆگریی یەک بوون جیسم و گیانم
ڕۆژێ جیا دەبن لە ئاشنایی
حەقمە دەگریم من بۆ ڕۆژی جیایی
کوڕ و ژن موڵک و ماڵ و حاڵی زۆر
هاوڕێی تۆن هەتا دەچییە ناو گۆڕ
لەگەڵتا دەڕۆن عاجر و غەمناک
بەڵام لەگەڵتا نایەنە ژێر خاک
هەر چەند کە فەلەک بتدا چەرخ و پیچ
تۆ مەخۆ غەمی دونیای دەنی هیچ
کوانێ فەریدون لە کوێیە زوحاک
هەموو لەژێر خاک بوون بە مشتێ خاک
بە عینایەتی خوای خاوەن لوتف تەواو بوو.