باسی کوژرانی خوسرەو بە دەستی شیروویە

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 3 خولەک  49 بینین
شەوێک شیرینی شۆخی نازپەروەر
دەیکرد قسەی خۆش بۆ شای تاجوەر
لە پێی شادا بوو زنجیری زێڕین
پێی نابووە ناو پێی زیوی شیرین
بە دەمی گوڵی زۆر شەکری شکاند
تا بە قسەی خۆش خوسرەوی نواند
شیرین خەوی لێ کەوت لە پاشان
بێ خەبەر لە دەور چەرخی ئاسمان
لەپڕ دێوێکی پیسی بەدکردار
بێ ڕەحم و مروەت هەروەکوو سەگسار
چووە ژوورەوە فووی لە چرا کرد
بەدەستییەوە بوو تیغێ دەستوبرد
دای لەسەر دڵی شاهی تاجوەر
خوێن وەک فەوارە دەرحاڵ کردی سەر
خوسرەو لە خەوی شیرین ڕاپەڕی
بازرەقەی خوێنی لەسەر دڵی دی
سەیری کرد ئاوا لەسەر تا بە فەرق
لەناو لافاوی خوێنا بووە غەرق
تینوی بوو ویستی داوای ئاو بکا
فکری کردەوە گوتی لەپاشا
بەخوا ئێستاکە من بۆ قومێ ئاو
حەیفە هەڵسێنم یاری مەستەچاو
چونکە ئەمشەو ئەو درەنگ نووستووە
ئەگەر بزانێ ئەمەم تووش بووە
خەوی لێ ئەزڕێ ناخەوێ شیرین
دەس دەکا بە شین بە دڵی غەمگین
تینوو مایەوە تا ڕۆحی دەرچوو
لەگەڵ شیریندا وا بەوەفا بوو
عاقیبەت لەتاو شەپۆلی خوێناو
چاوی کردەوە شۆخی مەستەچاو
شەوانی پێشوو بەخت یار بوو
بە دەنگی ساز و بەربەت بێدار بوو
ئەو شەوە وای کرد چەرخی ستەمکار
بە خوێنی گەرمی خوسرەو بوو بێدار
شیرین بەربووە هاوار و فەریاد
بانگی کرد گوتی ئەی داد و بێداد
وەرن بزانن کە چی قەوماوە
ماڵی وێرانم خوسرەو کوژراوە
شیرویە ئەمجا ناردییە لای شیرین
گوتی پێی بڵێن هیچ نەبێ غەمگین
ئەو دەبێ بە من دڵی زۆر خۆش بێ
هەتا یەک هەفتە مات و ڕەشپۆش بێ
لەپاش یەک هەفتە بە کەیف و دەماغ
وەکوو دەستەگوڵ دەیهێنمە ناو باغ
دەیکەم بە گەورە و مەلیکە و سەروەر
حورەمەتی دەگرم لە خوسرەو زیاتر
ئەم خەبەرەیان کە دا بە شیرین
وەک سرکە توند بوو بە دڵی غەمگین
بەڵام بە جوابێ شیرین تەفرەی دا
گوتی پێی بڵێن ئەگەر ڕاست دەکا
من چی پێ دەڵێم زوو بەجێی بێنێ
بەهانە نەگرێ دڵم نەشکێنێ
تەختی جەمشید و پەردە و بارەگا
بیانسوتێنن هەموو سەراپا
قەسری پادشا لە بێخ دەربێنێ
قولە و تەلاری باش بڕووخێنێ
باربود دەربکا پەل بکات شەودێز
با نەکەم یادی خوسرەوی پەروێز
وەختێ ئەمانەی بەجێ هێنا ئەو
ئەوسا دەنێژین جەنازەی خوسرەو
لەپاش ئەمانە بۆ من سەرلەنوێ
قەسر و بارەگاهـ درووست کا بەجوێ
زۆر زوو ئەمانە بکا تکایە
ئەوسا پێی دەڵێم زۆر سڕی تیایە
کاتێ ئەمەی بیست شیرویەی بێ دین
زوو بەجێی هێنا ئەمرەکەی شیرین
شیرینیش هەموو جلوبەرگی شا
دای بە فەقیر و هەژار و گەدا